داستانى ئەشکەوتی دەکان

داستانى ئەشکەوتى دەکان لە ١٨ى ئابى ١٩٦٩ لە نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق ڕوویدا، کاتێک کە سوپاى ناوبراو هەڵمەتێکى سەربازى کردە سەر ناوچەى (ئاکرێ - شێخان) بە پشتیوانى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) و بۆردومانى تۆپ و فڕۆکەى جەنگى، لە ئەنجامى ئەو شەڕەدا (٦٧) هاوڵاتى سڤیلى گوندى دەکان لە پیرو پەککەوتەو ئافرەت و منداڵ لەناو ئەشکەوتى دەکان سوتان و خنکان و شەهید بوون.


بەعسیەکان لە ١٧تا٣٠ تەمموزى ١٩٦٨ لە ڕێى کودەتایەکى سەربازیەوە دەسەڵاتى عێراقیان گرتە دەست، وەکو نەریتێکى هەمیشەیی بۆ خۆڕیکخستنەوە و جێگیرکردنى پێگە و داکوتانى ڕەگوڕیشەی دەسەڵاتیان لە عێراقدا دەستیان کرد بە وتووێژ و بەڵێنى بێ بنەما لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى کورد، بەڵام هێندەى نەخایاند جارێکى دیکە وەکو هەموو ڕژێمەکانى تر خۆیان لە جێبەجێکردنى داواکارى شۆڕش و چارەسەرکردنى کێشەى کورد دزیەوە و پەلامارەکانیان بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەست پێکردەوە لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٨.

لە ئابى ١٩٦٨ تا تشرینى دووەمى ١٩٦٨ سوپاى عێراق زنجیرەیەک پەلامارى بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەست پێکردەوە، یەکێک لەو ناوچانە (ئاکرێ – شیخان) بوو کە کەوتە بەر پەلامار و هێرشکارى جارێکى دیکەى سوپاى بەعس و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، ئەمەش تاوان و قوربانى زۆرى لێ کەتەوە وەکو کۆمەڵکوژیەکەى ئەشکەوتى دەکان.

دەکان گوندێکى سەرنجڕاکێشى نزیک زێى خازر بوو لە بنارى چیاى خێرى لە ناوچەى شێخان، ژمارەى دانیشتوانى گوندەکە نزیکەى ٢٠تا٣٠ خێزان بوو کە بە کاروبارى کشتوکاڵیەوە سەرقاڵ بوون، هەروەها گوندەکە بە ڕەز و باغ و زەیتون و میوەجات ناوى دەرکردبوو.

پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر حوکمى بەعسیەکاندا بە دیاریكراوى لە ناوەڕاستى مانگى ئابى ساڵی ١٩٦٩ سوپاى عێراق هێرشێکى گەورەى سەربازى بەربڵاوى بە پاڵپشتى سەدان چەکدارى بەکرێگیراو (جاش)ى هەرکى و چەکى هەمە جۆرى سوک و قوڕس، بۆ سەرکوتکردنى کورد و لەباربردنى شۆڕشى ئەیلوول کردە سەر ناوچەى (ئاکرێ -  شێخان) لە دەڤەرى شەمکان وەک گوندەکانى  بلان، تلە، مێرسیدا، سەرکاف، خورت، دەکان، نێروەک، باسفرێن و بیرێ لە بنارى چیاى خێری بە سەرپەرشتى  وەزیرى ناوخۆ سالح مەهدى عەماش و بە فەرماندەیی عەبدولجەبار ئەلئەسەدى بەرپرسى فرقەى چوار، لە ئاسمانیشەوە بە تۆپ و فڕۆکەوە ناوچەکەى بۆردومان دەکرد و تەڕ و وشکى بە یەکەوە دەسوتاند، هێزى (ئاکرێ – شیخان)ى پێشمەرگەش بە فەرماندیی تەیمور عەبدال شێخکى بەو چەکە سوکەى کە لەبەر دەستیان بوو بەرگریان دەکرد.

سەرەتاى جەنگەکە بە تۆپباران و بۆردومانى فڕۆکەى جەنگى لە مرێبا و شەرمنێ و باکورمان دەستپێکرد، پاشان هێرشى پیادەى هێنایە سەر ناوچەکە، خەڵکى گوندى دەکانیش وەکو دانیشتوانى هەموو گوندەکانى دیکە بۆ خۆپاراستن و خۆ حەشاردان لە بۆردومانى تۆپ و فڕۆکە پەنایان بردبووە بەر ئەشکەوتێک لە نزیک گوندەکەیانەوە بە ناوى ئەشکەوتى دەکان، بۆ ئەوەى سوپاى عێراق لە خشتە ببەن و نەیاندۆزنەوە چیلکە و دارێکى زۆریان لەبەر دەم ئەشکەوتەکە کۆکردبووە، بەڵام لە ئاماژەیەکى دیکەدا هاتووە کەوا لەبەردەم ئەشکەوتەکدا بە دوورى سەد مەترێک چەند کەپرێکیان بە دار و چڵوو لە لایەن هەندێک لە خەڵکى گوندەکە دروست کرابوون کۆمەڵێک کەلوپەلیان لێی دانابوو وەکو ماڵێکى کاتى.

دیارە ھێرشى سوپا و چەکدارى حکومەت لە پێشڕەویدا بوو تا لە ١٨ى ئابى ١٩٦٩ گەیشتنە ناو گوندى ناوبراو، دەسبەجێ دەستیان کرد بە تاڵانکارى ماڵ و سامانى دانیشتوانى گوند پاشان ئاگریان لە ماڵ وخانووى گوندەکە بەردا، ئینجا دەستیانکرد بە پشکنین و گەڕان بە دواى خەڵکى گوند تا ئەشکەوتەکەیان دۆزیوەتەوە کە ٦٧ هاوڵاتى لە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە خۆیانیان تێدا حەشار دابوو، پیاوەکانیش بەرەو چیا ڕۆیشتبوون، سوپاى عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان بێ سلەمینەوە ئەشکەوتەکەیان دایە بەر دەسـتڕێژى گوللە و ئاگریان لە چیلکە و دارەکان بەردا کە لەبەردەمى ئەشکەوتەکەدا کۆ کرابوونەوە و ئەو کەپرانەى لەوێ دروستکرابوون، ئیتر تەقەى تفەنگ و ناڵە و هاوار و قیژەى ئافرەت و منداڵ تێکەڵ بە یەکتر بوو تا هەموویان لەناو دوکەڵ و گڕى ئاگر و گوڵلەى سەربازى عێراقى و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) کوژران و خنکان و هەڵکروزان، یەکەمین کەسى کە لەبەر دەمى ئەشکەوتەکە شەهید بوو پێرەمێردێکى بەساڵاچووى پەککەوتە بوو بە گوللە پێکرابوو، هەندی لە ئافرەتان ویستبوویان بەناو گڕى ئاگردا باز بدەن و خۆیان بگەیەننە جۆگەیەکى ئاو کە لە نزیک ئەشکەوتدا هەبووە، بەڵام بە جۆرێک سوتابوون و هەڵقرچابوون فریا نەکەوتبوون بگەنە ئاوەکە و شەهید ببوون،  تەنانەت دانەیەکیان بە زیندوویى دەرنەچوون بەڵکو سەرجەمیان شەهید بوون کە لەوانە ٣٧منداڵ و ٢٩ ژن و پیرەمێردێک.

پاش چەند ڕۆژێک دەستەیەکى پێشمەرگە کە دەنگ و باسى ئەم کارەساتەیان بیست بۆ بە هاناوەچوونیان ڕوویان لە ئەشکەوتەکە کرد، بەڵام بینیان وا کارلەکارا ترازاوە و هەموویان شەهید بوون، ئیتر بە هاوکارى خەڵکى دەوروبەر گۆرستانێکیان لە نزیك ئەشکەوتەکە بۆ سازکردن و هەرلەوێ ناشتیان. دواى تێپەڕبوونى چەند ڕۆژێک دەستەیەکى پێشمەرگە هێرشیان بردە سەر کونس و خورو چەلوو گوندەکانى هەرکیان، تاڵانیان کردن و سوتاندیان لە تۆڵەى ڕووداوى ئەشکەوتى دەکان.            


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٢- هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.

٤- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٥- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر