داستانى قەڵا(قشڵە)ى رایات

قشڵەى ڕایات قەڵایەکى سەخت و پتەو بوو لە سەردەمى پاشایەتى بنیاد نرابوو، وەک بەشێک لە پلانى حکومەت بۆ دەست ڕۆیشتن بەسەر ناوچەکەدا دیوارەکانى بە بەرد و چیمەنتۆ زۆر توکمە و قایم دروست کرابوون، بە جۆرێک گەورە و فراوان بوو جێگاى فەوجێکى سەربازى لێ دەبووە، لە دوو نهۆم و دوو بەشى سەرەکى پێکهاتبوو و چەندین ژووریان لەخۆ گرتبوو، دەرگاى سەرەکى قەڵاکە ڕووى لە ڕۆژئاوا بوو تەواوى دەوروبەرى چۆلەوانى بوو، کەوتبووە نێوان گوندەکانى خەلان و ڕایات و باوەکراوە لە دەڤەرى باڵەکایەتى.


لە ٣ى حوزەیرانى ١٩٦٢ پڕیشکى شۆڕشی ئەیلوول گەیشتە دەڤەرى باڵەکایەتى و هێزى پێشمەرگە بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى ڕێبەرى شۆڕش مەلا مستەفا بارزانی ڕووی لە ناحیەى گەڵاڵەى کرد بە مەبەستى ئازادکردنی، هێزى پۆلیسى ناحیە ویستى بەرگریان هەبوو و خۆیان بەدەستەوە نەدا، لەو کاتەدا بارزانى لە ماکۆسان چاودێری شەڕەکەى دەکرد، لە ڕێگاى نامەیەک بەڕێوەبەرى ناحیەى ئاگادار کردەوە کە خۆیان ڕادەستى هێزى پێشمەرگە بکەن بۆ ئەوى شەڕەکە بێ خوێنڕشتن کۆتایی پێ بێت، شەوى ٣ لەسەر٤ی مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦٢ سەنگەرێکى هێزى پۆلیس خۆیان دا بەدەستەوە، بەڵام بەڕێوەبەرى ناحیە و سریەیەکى پۆلیس و کاربەدەستانى ناحیە و هەموو ئەوانەى خۆیان بە دڵسۆزى حکومەتى عەبدولکەریم قاسم (١٩٥٨-١٩٦٣) دەزانى بە خێزانەوە و بە نهێنى پەنایان بردە بەر قەڵاى ڕایات، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانى دەوڵەتیش لە بەیانی تا ئێوارە بەردەوام بۆردومانى هێزى پێشمەرگەیان دەکرد.

ژمارەیەکى زۆرى پۆلیس لە قەڵاکەدا بوون کە بەرپرسەکەیان کوردێک بوو بەناوى کەریم خۆرانى، بەڵام کاتێک بەڕێوەبەرى ناحیە کە عەرەبێک بوو و زمانى کوردى نەدەزانى گەیشتە ناو قەڵا و بوو بە فەرماندە و بەرپرسى یەکەم. لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٦٢ هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی حاجى بێرۆخى و عەریف یاسین و مەحمود کاوانى و مستەفا نێروەیی و حەسەن خاڵ هەمزە و ئەحمەد مستێ و عومەر دەبابە لەگەڵ چەند ھێزێکى خێلەکى گەمارۆى قەڵاى ڕایاتیان دا.

هێزی پێشمەرگە هەوڵى دەدا لە ڕێگەى تەقەکردن پۆلیسەکان بترسێنن و ناچاربکرێن تاکو خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام گەمارۆدراوان ڕەتییان کردەوە خۆیان ڕادەست بکەن و کەوتنە بەربەرەکانێ و بە بێتەل داواى یارمەتیان لە حکومەت کرد، پێشمەرگەش ئاگادارى هەموو بروسکەکانی حکومەت بوو کە گەمارۆدراوان داواى یارمەتی دەکەن و حکومەتیش لە وڵامییان داوای بەرگری و ڕزگارکردنیان دەکرد و بەرداوامیش بوون لە بەرگریکردن، هەندێک لە بروسکەکان ڕاستەوخۆ ئاراستەى عه‌بدولکەریم قاسم سەرۆک وەزیرانى  ئه‌و كاته‌ی عێراقى دەکران.

حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی عێراق بە فڕۆکەى جەنگییەوە بەردەوام بۆردومانی کوێرانەى هێزەکانى پێشمەرگەی دەکرد بەڵام هیچ زیانى بە پێشمەرگەی نەگەیاند، جگە لەوەش هەندێ جار  فڕۆکە بە چەتر (تۆڕ) ئازووقە و فیشەک و کەلوپەلى پێویستیان بۆ گەمارۆدراوان هەڵدەدایە خوارەوە، ژماریەکى کەم لە چەترەکان گەیشتە دەستیان و چەترەکانى دیکە هەموویان کەوتنە دەستى پێشمەرگە، دواى دوو هەفتەى گەمارۆدانی قەڵاکە، هێزێکى سوپاى عێراق بە فەرماندەی عەقید وەهبى کە لە فەوجى سێی لیواى سێ پێکهاتبوو، لە ڕواندزەوە بە ڕێگاى بەرسیرین بەرەو ڕایات کەوتە ڕێ بۆ شکاندنى گەمارۆکە و ڕزگارکردنى گەمارۆدراوان.

 هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەی مەحمود کاوانى و حارس بێدارونى لە کۆسپى سپی و کۆسپى ڕۆڵە و پردى حافیز ڕێگایان لە سوپاى عێراق گرت و ڕووبەڕوویان بوونەوە، شەڕیکى قوڕس لە نێوانیاندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا ئەو فەوجەى سوپاى عێراق بە تەواوى لەناو چوو، بەشێک لە سەربازانیان کوژران و بەشێکیشیان بریندار بوون و هەندێکیشیان بەدیل گیران. لەم شەڕەدا بۆ حکومەتى عێراق دەرکەوت کە هیوایەک نەماوە بتوانێ لەم ڕێگەیەوە خۆى بگەیەنێتە ڕایات و گەمارۆى سەر قەڵاکە بشکێنێ، بەڵکو پەنای بردە بەر ڕیگایەکى دیکە ئەویش بەکارهێنانى چەکدارانى بەکرێگیراو  کە لە چیاى هەڵگورد بەرامبەر ڕایات لە دواوە لەناكاو هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە و هەوڵى کردنەوەى گەمارۆیەکە بدەن.

دیارە بۆ جێبەجێکردنى ئەو پلانە کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوان لە پشت چیاى هەڵگورد پیلانی هێرش کردنیان هەبوو، بەڵام كاتێك  بارزانى هەواڵەکەى بیست و بە پلانەکەى زانى، کارى گەمارۆى قەڵاى بە عەلى عەسکەرى سپارد و خۆى بۆ پووچەڵکردنەوەى ئەم هەوڵەى حکومەت ئامادە کرد، لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە بە ماوەیەکى کەم گەیشتە سەریان، لە ٢٧ى حوزەیرانى ١٩٦٢ لە ناوچەى چیغەدەرى و دۆل و مەیدان و هۆڕنى باڵەکیان ڕووبەڕوویان بوویەوە، دواى  شەڕێکى گەرم کە ماوه‌ی سێ ڕۆژى خایاند پەرت و بڵاوى کردن و کەوتە دوایان، هەندێکیان لە سنوور ئاودیو بوون و چوونە ناو خاکى ئێران و هەندێکی دیکەشیان خۆیان خزاندە ناو شیو و دۆڵەکانى ناوچەى لۆلان، بەم شێوەیە هەوڵی دووەمى حکومەتى عێراق بۆ تێکشکاندنى گەمارۆیەکە شکستى هێنا.

دواى ئەوەى پێشمەرگە هەموو هەوڵێکى خۆبەدەستەودانى گەمارۆدراوانى دا و هەوڵەکانیان بێ سوود بوو بۆیە لە ڕۆژى ١٠ى حوزەیرانى ١٩٦٢ بە فەرمانى بارزانى دەستکرا بە لێدانى تونێلێک بۆ ناو قەڵاکە، لەلایەن ١٦ پێشمەرگە و دوو وەستاى کارێزهەڵکەنى ڕۆژهەڵاتى کە ئەوانیش پێشمەرگە بوون بە پاچ (تەور)، قولینگ، باریە (نوێڵ)، خاکەناز، تورەکە و گونیە دەستکرا بە لێدانى تونێلەکە لە دوورى ٣٥٠ مەترەوە لەناو چاڵێکەوە لە ڕۆژهەڵاتى قەڵا بەرەو یەکەم قوللەى قەڵا، بەبێ یارمەتى تەکنیکى و ئەندازیارى خۆماڵى یان بیانى، ناوە ناوە کونێکیان تێدەکردەوە و نیشانەیەکى سووریان بەرز دەکردەوە تاوەکو بزانن کە چەندى ماوە تا دەگەنە قەڵا، لەماوەى ٣٢ ڕۆژدا دەمى تونێلەکە گەیشتە بەردەم یەکەم قوللەى قەڵاکە لە دەرەوەى ژێر دیوارە بەردینەکانى.

نیشانە سوورەکان و دەنگى پاچ و پێمەڕە ترسێکى زۆریان خستە دڵى پۆلیسەکان، هەریەک لە عەلى عەسکەرى و ئەشرەف ئامێدى بەناو تونێلەکەدا چوونە بن دیوارى قەڵا، لەگەڵ بەڕێوەبەرى ناحیە لە کونەمەترێزێکەوە کەوتنە گفتوگۆ، کە تازە ڕێگا چارەیان نەماوە یان دەبێ خۆیان بدەن بەدەستەوە یان هەر چوار دیوارى قەڵا (TNT) ڕێژ دەکەن و دەیتەقێننەوە و بەسەریاندا دەڕوخێنن. لە ئاماژەیەکى دیکەدا هاتووە ئەم دوو بەرپرسەى پێشمەرگە زمانى عەرەبیان دەزانى بە بەڕێوەبەرى ناحیەیان ڕاگەیاند و بەڵێنییان داوە کە ئەگەر خۆیان بەدەستەوە بدەن هەموویان ئازاد دەکرێن.

لە شەوى پێنجشەمە ١٢ى تەمموزى ١٩٦٢ گەمارۆدراوان خۆیان دا بەدەستەوە کە ژمارەیان ١٥٠ پۆلیس بوو، بەڕێوەبەرى ناحیە و چەند پۆلیسێک ڕەوانەى بارەگاى شۆڕش کران لە بێتواتە و لە ئەشکەوتێکدا زیندانى کران، ئەوانى دیکەش لە ڕێگەى پیرانشەهر لە وڵاتى ئێراندا بۆ قەسرى شیرین ڕادەستى دەوڵەتى عێراق کرانەوە، مەبەستى بارزانى لەمەدا ئەوە بووە کە دەنگى شۆڕش بگاتە ئەو دیوی سنوور، دیارە لەو کاتەى کە دیلەکان گەیشتنە خاکى ئێران ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانى ئەوڕوپا هەواڵەکەیان بڵاو کردبووەوە. سەبارەت بە بەندکراوانى بێتواتە کە یەکێک لەوان عەریف کەریم خۆرانى بەرپرسى پۆلیسەکانى قەڵاى ڕایات بوو دواى زیندانیکردنى لە سێدارە درا، بەڕێوەبەرى ناحیەش ڕۆژێک داواى دیدەنى عەلى عەسکەرى دەکات و پێى دەڵی کە بەڵێنەکەت بە جێ نەگەیاند، ئەویش دواى چەند ڕۆژێک لەگەڵ چەند پۆلیسێک ئازاد کران.     

هەرچەندە لە ٥ى تەمووزى١٩٦٢ شاندێکى فیرقەى دووى سوپاى عێراق بە مەبەستى دانوستان و ڕێککەوتن گەیشتنە لاى بارزانى لە حاجى ئۆمەران بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبوو. دواى دەستبەسەرداگرتنى قەڵا دەستکەوتەکانى شۆڕش بریتی بوون لە ١٠٣ چەکى ڕووسى و ئینگلیزى و پۆلۆنى، ٦ ڕەشاشى برێن ڕووسى، ٣٠٠٠ فیشەکى ئینگلیزى، ئامێرێکی بێتەڵ و ئامێرێکى شەحن، هەروەها بە بڕیاری شۆڕش قەڵاى ڕایات کرایە بەندیخانە و بەرپرسیاریەتیشى درایە دەست سەعید مەسیفى.

 لە ١١ى تەمووزى ١٩٦٢دا سەروبەندى خۆبەدەستەوەدانى گەمارۆدراوان نامەیەکى بەپەلە لە عومەر دەبابەوە گەیشتە بارزانى، تیایدا ئاماژەى بەوە کردبوو کەوا شەڕێکى سەخت لە نێوان هێزەکانى ژێر فەرمانى ئەو و کۆمەڵێ بەکرێگیراو (جاش) بەردەوامە، داواى یارمەتى بەپەلەى لە بارزانى کردبوو بۆ وەستاندنى هەندێ شوێن کە چەکداران توانیبوویان دەستى بەسەردا بگرن، بارزانیش خۆى لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەى بارزانى چوو بۆ یارمەتیدانیان، کە بارزانى و هێزەکەى گەیشتنە شوێنى شەڕەکە چەکدارە بەکرێگیراوەکان ورەیان ڕووخا و نەیانتوانى بەردەوام بن و شکستیان هێنا، شەڕەکە لە بەرژەوەندى پێشمه‌رگه‌ کۆتایی پێهات، هەموو ئەو شوێنانەى کە دەستیان بەسەردا گرتبوو بەجێیانهێشت و پەڕینەوە ناو خاکى ئێران، لەم شەڕەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و ١٢بریندار بوون. 

بەم شێوەیە بنکەى پۆلیسى ڕایات و تاکە هێزى حکومەتى عێراق لە ناوچەکەدا هەڵتەکێندرا و بە تەکنیکى خۆماڵی و بەبێ زیان لە ناوچەکە وەدەرنران تا کۆتاییەکانى شۆڕشیش هێزەکانى دەوڵەت نەیانتوانى ڕوو لە ناوچەکە بکەنەوە، هەروەها شۆڕش دەسەڵاتى تەواوى بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و هەنگاوى بەرەو قۆناغێکى تازە هەڵدا لە ڕووى چەسپاندنى گیانى شۆڕشگێڕى و ڕەواندنەوى ترسی ڕژێم بەسەر هاوڵاتیانى ناوچەکە و زیاد بوونى ژماره‌ی پێشمەرگە.


سه‌رچاوه‌كان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢- ئیسماعیل گوندەژۆرى، شۆرشى ئەیلول لە باڵەکایەتى، چاپخانەى رۆژهەڵاات، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.

٤- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشى ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٠، چاپى یەکەم- چاپخانەى زانکۆو سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.

٥- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٦- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگادەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٧- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

  


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر