داستانى زەمبور١٩٦٥

داستانى زەمبور چالاکییەکى پارتیزانى پێشمەرگە بوو لە تەمووزى ١٩٦٥ کە سەرکردایەتى شۆڕش پلانى بۆ داڕشت، بۆ ئەوەى لە قوڵایی هێز و دەسەڵاتى حکومەت لە کەرکووک لێدانێکى کاریگەر لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى حکومەت بدرێ، دیارە چالاکییەکە وەکو پلانى بۆ داڕیژرابوو لە کات و شوێنى خۆیدا ئەنجامدرا، ئەمەش کاریگەرى و مەترسیەکى گەورەى لەسەر دامەزراوە نەوتییەکانى حکومەتى عێراق دروست کرد.


لە شوباتى ١٩٦٤ تا ئادارى ١٩٦٥ نێوانى شۆڕشى کورد لەگەڵ  حکومەتى عێراق بۆ ماوەى ساڵێک لە دۆخێکى ئاگربەستى نە شەڕ نە ئاشتیدا گوزەرى دەکرد، تاوەکو لە کۆتایی مانگى ئادار بە دیاریکراوى لە ١ى نیسانى ١٩٦٥ شەڕ و پێکدادان جارێکى دیکە سەرى هەڵدایەوە، حکومەتى عێراق پاشگەز بووە لە جێبەجێکردنى ئەو ڕێککەوتنەى کە لە نێوانیاندا هەبوو، پێشمەرگە لە شار و شارۆچکەکان کشانەوە بۆ شوێنى قایمتر و دەیان ئەفسەر و سەدان سەرباز و پۆلیس و هاوڵاتى ئاسایی پەیوەندیان بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە کرد.

دواى ئەوەى حکومەت دەستی بە هێرش و پەلامارەکانى کردەوە بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان، سەرکردایەتى شۆڕش بیرى لە ئەنجامدانى چالاكییه‌ك کردەوە لە ناو قوڵایی دەسەڵاتى حکومەت لە شارى کەرکووک، ئەویش لێدانى بۆڕیە نەوتیەکانى زەمبور و هێڵى شەمەندەفەر بوو، وێڕاى ئەوەى کە سەرکردایەتى شۆڕش ویستى پیشانى حکومەت بدات کە نەک لە بەرەکانى جەنگ ڕووبەڕووى سوپاى عێراق دەبێتەوە، بەڵکو تواناى ئەوەى هەیە لە ناو جەرگەى دەسەڵات و شوێنە گرنگەکان چالاکى ئەنجام بدات و بەرژەوەندییەکانى بخاتە مەترسى، جگە لەمەش چالاکییەکە دوو هۆکارى دیکەشى لە پشت بوو: 

یەکەمیان: پارچەکردنى هێزە نیزامیەکان و ناچارکردنى سەرکردایەتیان کە پەرت و بڵاو بن بۆ ناوچەگەلێکى بەربڵاو کە نەهێڵن لە یەک بەرەدا کۆببنەوە.

 دووەمیان: هەڕەشە و گوشارێک بوو لەسەر ئابوورى حکومەت بە لێدانى دامەزراوەکانى نەوت بۆ ئەوەى حکومەت هێزێکى پارێزگارى گەورە بۆ ئەو دامەزراوانە تەرخان بکات و لە بەرەکانى شەڕ دووریان بخاتەوە. 

ئەوە بوو لە ٢١ى تەموزى ١٩٦٥ دەستەیەکى پێشمەرگە بە فەرماندەیى محەمەد دەروێش نادر خۆیان گەیاندە بۆڕیە نەوتیەکانى زەمبور و هێڵى شەمەندەفەر لە کەرکووک، لە ماوەیەکى کەم تەواوى بۆڕیە نەوتیەکانیان مینڕێژ کردن و تەقاندیانەوە، زیانێکى زۆری گیانی و ماددیان بە دەزگا و دامەزراوە نەوتیەکان گەیاند، دواى ئەنجامدانى چالاکییەکە بە سەرکەوتوویى و کشانەوەى پێشمەرگە، هێزەکانى حکومەت هێرشى کردەنە سەر و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهید بوو.

ئەنجام و دەرهاوێشتەکانى ئەم داستانەى پێشمەرگە بووە هۆى نانەوەى پشێوى و مەترسیەکى گەورە لەسەر حکومەت و بەرژەوەندیە ئابووریەکانى، بۆیە بە ناچارى چەند هەنگاوێکى گرتەبەر لەوانە هێزێکى گەورە کە پێکهاتبوو لە دوو فەوجى سەربازى و نزیکەى هەزار چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) لە مەیدانى شەڕ کێشایەوە و تەرخانى کردن کە پارێزگارى لە دامەزراوە نەوتیەکان بکەن. هەروەها بیرى لەوش کردەوە کە پێشمەرگە لە سنوورى کەرکووک و دەشتى هەولێر دوور بخاتەوە بۆ چیاکان، بۆ ئەوەى دامەزراوە نەوتیەکان لە مەترسى لێدانى جارێکى ترى لەم چەشنە بپارێزێ، بەم بیانووەیەوە حکومەت لە پایزى ١٩٦٥ هێرشێکى گەورە و فراوانى بۆ سەر دەشتى هەولێر لە گوندەکانى  بێستانە و ئیلینجاغ و قەشقە و خوڕخوڕ و ناوچەکانى کۆیە و تەق تەق و دیگەلە دەستپێکرد، بۆ ئەوەى هێزى پێشمەرگە لەو ناوچانە ڕاماڵی و جموجۆڵ و چالاکییەکانیان لە دەشتى هەولێر پەک بخات.  


سەرچاوەکان:

١- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.

٢- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧

٣- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٤- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چ: یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٥- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى گەلنازکێ

شەڕى گەلنازکێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو بوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى لە ٢٤ ئابى ١٩٨٤، لە ئەنجامى هێرشێک کە حکومەتى بەعس کردیە سەر چەند ناوچەیەکى زاخۆ لە دەڤەرى بادینان، دواى هەشت ڕۆژ هێرش و پەلامارى بەردەوام، هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێگەیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەشتمرێ ١٩٨٧

شەڕی دەشتمرێ چالاکییەکى پێشمەرگە بوو بەرانبەر بنکەیەکى سەربازیی سوپاى عێراق و تێیدا هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆ لە شەوى ٩ لەسەر١٠ى شوباتى ١٩٨٧، هێرشیان کردە سەر ڕەبایەیەکى سوپاى عێراق لە نزیک گوندى دەشتمرێ لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان و بە ماوەیەکى کەم توانیان بچنە ناو بنکە سەربازییەکە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گردە هول ١٩٨٥

ئەو شەڕە گورزێکى توندى هێزى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستان لە شۆڕشی گوڵان بوو بەر ڕەبایەکى سوپاى عێراقى کەوت، لە شەوى ١٢ لەسەر١٣ى ئابى ١٩٨٥، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبى شیوعی، جەولەیەکیان ئەنجام دا بۆ ناوچەى باتیفای پارێزگاى دهۆک، بۆ بینین و بەسەرکردنەوەى ڕیزەکانى ڕێکخستن و هاوڵاتیانى ناوچەکە، دواتر بڕیاریان دا چالاکییەکى پارتیزانى ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش ڕەبایەى (گردە هول)یان دەستنیشان کرد

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندی زێوکێ ١٩٨٣

شەڕى گوندی زێوکێ لە شۆڕشی گوڵان و لە ١٥ى نیسانى ١٩٨٣ لە دەڤەرى بادینان لە نێوان هێزێکى پێشمەرگە و هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق ڕوویدا، سوپای عێراق بە مەبەستى گێڕانەوەى هێز و هەژموونى حکومەت بۆ ناوچەکە هێرشییان کردە سەر گوندى زێوکێ لە ناوچەى مانگێشکێی. کە سوپای عێراق سەرقاڵى پشکنینى گوند بوون، هێزێکى پێشمەرگە کە بە ئەرکى پێشمەرگایەتى لە ناوچەکەدا لە گەڕان و پشکنیندا بوون لە هێرشەکە ئاگادار بوونەوە و هێرشیان کردنە سەر....

زانیاری زیاتر