ژیاننامە
خودێدا حه‌سه‌ن، ساڵی ١٩٢٧ له گوندی سولكی سه‌ر به ده‌شتی تەرگهوهڕی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه، دواى ئەوەى دەچێتە سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ پاكیزه كوریتون ئیسماعیل پێكهێناوه، خێزانه‌كه‌ی له نه‌ته‌وه‌ی تاتاره‌كانی نیمچه دورگه‌ی قرمه، دواى گەڕانەوەیان لە سۆڤیەت و هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول، پاکیزە له ١٢ى حوزه‌یرانی ١٩٦٣ تا ٢٠ى كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٣ له‌گه‌ڵ سێ منداڵى له هه‌ولێر له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه هاوسه‌ره‌كه‌ی یاوه‌ری مستەفا بارزانی و پێشمه‌رگه بووه خراوه‌ته‌وه به‌ندیخانه و پاشان له گه‌ڕه‌كی سه‌یداوه و دواتر له گه‌ڕه‌كی ئیسكان نیشته‌جێ ده‌بێت و له ژێر چاودێری بووه. خودێدا حەسەن شاره‌زایی له زمانه‌كانی كوردی و ڕووسی هه‌بووه، له ٢٦ى كانوونی یه‌كه‌می ١٩٩١ كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد. له یه‌كێتی سۆڤێت بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له سجنی تاكه‌كه‌سی بووه و ئه‌شكه‌نجه دراوه، ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڤریڤیسكی.
خودیدا له‌گه‌ڵ دوو هه‌ڤاڵی تر به نوێنه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر ده‌چنه موسكۆ بۆ گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڤالانی له یه‌كێتی سۆڤیەت بخوێنن، له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به گه‌شتی گرۆزیا له ڕێ به‌نده‌ری به‌سره له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و به‌رپرسی ئیداری كۆگای له‌شكری یه‌ك بووه، ساڵی ١٩٧٣ چووەته شانشینی ئێران و ساڵی ١٩٧٥ گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشوورى کوردستان.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئه‌نفال و كۆمه‌لكوژی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره - ٢٠١٠ز).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات - ٢٠١٣ز).
- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
- ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره A2-B-901، شه‌هید خوداداد حه‌سه‌ن خان میربه‌گ، ئاماده‌كار سوبحی مه‌حمود كلكه، هه‌ولێر، ١٤ حوزه‌یرانی ٢٠١٥ز.
- ئیسماعیل گونده‌رۆژی، ئه‌و ئافره‌ته ڕووسانه‌ی كه هاوسه‌ریان پێشمه‌رگه بوون و كه‌وتنه‌به‌ر ڕه‌شگیری، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره ٣٤٦١، هه‌ولێر، ٣ ئایاری ٢٠١٠ز.