ژیاننامە
حەمێ سینه‌مێ، ساڵی ١٩١٤ له گوندی ئه‌رگوشى سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ی ناوی فاتیمه مسته‌فا و كچه‌كه‌ی ناوی ئه‌سما بووە، دواى چوونى بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت لەوێ سێ جار ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه و خێزانەکانى ناوی ڤێریا، ڕابیا و شه‌فیقا بوون، بەڵام کاتى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت لە ساڵى ١٩٥٩ هیچ كام له ژنه‌كانی له‌گه‌ڵی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
دوای گەڕانەوەیان لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ گوندی ئەرگوش، ژیانی هاوسەری لەگەڵ غوربەت عەبدوڵا عاشور ئەرگوشی پێکدێنێت و هەشت منداڵیان دەبێت بەناوەکانی نازدار، هەمین، نادیا، عمران، شێروان، فێریا، سەکوان، کەلسوم. زمانى كوردی، ڕووسی و كه‌مێك عه‌ره‌بی زانیوە، له ٣ى ئاداری ١٩٨٧ له هه‌ریر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی زولفه‌قار به خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و له شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، له ١٥ی نیسانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له ڕووباری گاده‌ر كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوده‌وڵه‌تی شانشینی ئێران و شانشێنی عێراق په‌ڕیوه‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگ له سێمی دیانا (هه‌ولێر) ده‌ست به‌سه‌ر بووه.
له ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بڕیاری داوه كه له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نەڕاڵ مستەفا بارزانی له به‌رخودان به‌رده‌وام بێت و له ٢٣ی ئایار ١٩٤٧ یاوەرى جەنەڕال مستەفا بارزانى بووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و له شه‌ڕه‌كانی ڕێڕه‌و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بەشداریکردووە. لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتی گرۆزیا، له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق، گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و پێشمه‌رگه بووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی سنووری بادینانی كردووه.
سه‌رچاوه‌كان:
ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.