حەدۆ حەسەن حەدۆ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى لێرێ لەدایکبووە، ساڵى ١٩٥٤ لە یەکێتى سۆڤیەت کۆچى دوایى کردووە.
ژیاننامە
حەدۆ حەسەن حەدۆ، ساڵی ١٩٢٦ له گوندی لێرێ-ی سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، شاره‌زایی له زمانه‌كانی كوردی و ڕووسی هه‌بووه، ساڵی ١٩٥٤ له یه‌كێتی سۆڤێت كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه. له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى کردووە له ناوچه‌ی سه‌قز، دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٣ى ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌لۆسی كردووه، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت، ساڵى ١٩٥٤ هەر لەوێ کۆچى دوایى کردووە.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌ریه‌كانم له ساڵانی ١٩٤٣-١٩٧٧دا، (سلێمانی - چاپخانه‌ی ره‌هه‌ند - ٢٠٠٢ز).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).