حسێن محەمەد چیچۆ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٥ لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، لە پێشمەرگایەتیدا چاوێکى لەدەستداوە، ساڵى ١٩٨٣ شوێنبزرکراوە.
ژیاننامە
حسێن محەمەد چیچۆ، ساڵی ١٩٢٥ له گوندی كانیه‌لنج-ى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، چووەتە یەکێتى سۆڤیەت و له‌وێ ژیانی هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵ زاهیرا كیك بای باینا زارۆڤا پێكهێناوه، كوڕێك و دوو كچیان هەبووە به‌ناوه‌كانی سه‌له‌وات حسێن کە لە ساڵى ١٩٥٧ لەدایکبووە و حه‌لیمه حسێن لە ١٩٥٣ لەدایکبووە و عائیشه حسێن لە ١٩٥٥ لەدایکبووە. حسێن محەمەد شاره‌زایی له هەردوو زمانى كوردی و ڕووسی هه‌بووه، له ٣١ى ته‌مووزی ١٩٨٣ له ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی له كۆمه‌ڵگای هه‌ریر شوێن‌بزر کراوە.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و له ١٠ى تشرینی دووه‌م به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌زنێی كردووه، له یه‌كێك له شه‌ڕه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان چاوێكی له‌ده‌ستداوه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه و لە شەڕەکانى بەرەى سەقز بەشداربووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و پیشمه‌رگه بووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته شانشینی ئێران و ساڵی ١٩٧٧ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئه‌نفال و كۆمه‌لكوژی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره - ٢٠١٠ز).
- ڕێكارێ مزویری، سه‌ربۆرا تراژیدیایێن بارزانی‌یان، چاپا یه‌كێ، (هه‌ولێر - چاپخانا حاجی هاشم - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- عومه‌ر هه‌مزه ساڵح، جینۆساید و تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژی بارزانییه‌كان ١٩٧٥- ١٩٩١ له زمانی شایتحاڵ و به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٧ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).