ژیاننامە
حسۆ فه‌قێ ئه‌حمه‌د، ساڵی ١٩٢٥ له گوندی بابكێ سه‌ر به ناحیه‌ی پیران له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه، ساڵی ١٩٥٢ له زانكوی تاشقه‌ند وه‌رگیراوە، دووجار ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه، له ژنی یه‌كه‌م دوو كچی هه‌بوو و دواتر ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ ناتالیا سیركییفنا ڕادیۆن پێكهێناوه، ساڵی ١٩٥٩ بووه مامۆستا له زانكۆی به‌غدا، له ٥ى تشرینی دووه‌می ١٩٦٠ یاوه‌ری بارزانی نه‌مر بوو بۆ یه‌كێتی سۆڤێت كه بۆ به‌شداریكردنی ساڵیادی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر كه له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی یه‌كێتی سۆڤێت ڕێكخرابوو، به هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری بارزانی نەمر له ئه‌كادیمیا بۆ خوێندنی دوكتۆرا (ناوك) وه‌رگێرا كه تایبه‌ت بوو به‌فێربوونی ئه‌كادیمی له بواری كۆمه‌ڵناسی و ڕۆشنبیری و به‌رده‌وام بوو له خوێندن و توانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا وه‌ربگرێت، له دوای ڕێككه‌وتنامه‌ی ١١ى ئاداری ١٩٧٠ بووه مامۆستا له زانکۆى سلێمانى لە قه‌ڵادزێ، ساڵی ١٩٧٦ وه‌ك فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی په‌روه‌رده له شاری به‌غدا دامه‌زراوه، له ٣١ى ته‌مووزی ١٩٨٣ له ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی له به‌غدا شوێن‌بزر کراوە.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ٢ى تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می هەمان ساڵ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و دواتر بنكه‌ی پۆلیسی كانیهڕهشی كردووه.
له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی عێراقی ده‌ستبه‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی هەمان ساڵدا به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و له شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، له ٢٩ی نیسانی هەمان ساڵ به‌شداریی شه‌ڕی سه‌قز و له ٣ى ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی نه‌لۆسی كردووه. لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه، ساڵی ١٩٧٤ له گوندی زینوێ شێخى سه‌رپه‌رشتیاری خولی شەشەمى پێگه‌یاندنی كادیران و مامۆستای په‌یوه‌ندییه نیوهدهوڵهتییهكان بووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته شانشینی ئێران و ساڵی ١٩٧٦ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، له ٣١ى ته‌مووزی ١٩٨٣ له ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی له به‌غدا شوێن‌بزر کراوە.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- ڕێكارێ مزویری، سه‌ربۆرا تراژیدیایێن بارزانی‌یان، چاپا یه‌كێ، (هه‌ولێر - چاپخانا حاجی هاشم - ٢٠١٣ز).
- سه‌نته‌ر دیراسات و توێژینه‌وه و ئه‌كادیمیای پارتی، دیرۆكی خوله‌كانی كادیرانی پارتی، له شاخه‌وه بۆ شار، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٩ز).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عومه‌ر هه‌مزه ساڵح، جینۆساید و تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژی بارزانییه‌كان ١٩٧٥- ١٩٩١ له زمانی شایتحاڵ و به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٧ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).