حالی ئاغا تاجه‌دین

عه‌لی ئاغا تاجه‌دین، ناسراو به‌( حالی ئاغا تاجه‌دین)، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت. ساڵی ١٩٢٦ له‌ گوندی كه‌لۆك له‌دایكبووه‌. ساڵی ١٩٧٦ کۆچی دوایی کردووە.


عه‌لی ئاغا تاجه‌دین، ناسراو به‌ (حالی ئاغا تاجه‌دین)، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت. ساڵی ١٩٢٦ له‌دایكبووه‌. به‌شداری‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی كردووه. ساڵی ١٩٧٦ کۆچی دوایی کردووە.


ژیاننامە

حالی ئاغا تاجه‌ددین، ساڵی ١٩٢٦ له‌ گوندی كه‌لۆك-ى سه‌ر به‌ شارەدێى پیران له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی په‌یمانگا له‌ به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه‌. هەر دوو زمانى كوردی و ڕووسی زانیوە. ساڵی ١٩٥٩ به‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوە. له‌ ١١ی حوزه‌یرانی ١٩٧٦ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی جمهوری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌ و له‌ گوندی كه‌لۆك به‌خاك سپێردراوه‌.


خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه‌‌. له‌ ٢ی تشرینی یه‌كه‌م به‌شداریکردووە لە گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و دواتر له‌ ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م لە گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و له‌ ٦ی تشرینی دووه‌م لە گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی گۆڕه‌توو و له‌ ١٠ی تشرینی دووه‌م لە گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌زنێ بەشداربووە‌، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.

له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌.

دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌‌، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

 ساڵی ١٩٦١ به‌شداری‌ شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و له‌ شه‌ڕه‌كانى به‌شدار بووه‌، دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول له‌ زێدی خۆی نیشته‌جێ ده‌بێت، ساڵی ١٩٧٦ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق به‌ندكراوه‌ و له‌ ژێر ئەشکەنجە بووه‌ و دواتر به‌هۆی ته‌عزیبی زۆر ڕه‌وانه‌ی نه‌خوشخانه‌ی جمهوری هه‌ولێر كراوه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).
  3. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر و دوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
  4. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
  5. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).

 


بابەتی پەیوەندیدار

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

عەبدوڵا عیسا عیسا

عەبدوڵا عیسا عیسا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى شێتنێ لەدایکبووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، ساڵى ١٩٨١ لە سلێمانى لە سێدارە دراوە.

زانیاری زیاتر

غەزالی میرخان غەزالی

غەزالی میرخان غەزالی، ناسراو بە غەزالى ژاژۆکى، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٣ لە گوندى ژاژوک لەدایکبووە، لە شۆڕشی دووەمى بارزان خەباتکار بووە، و لە کۆماری دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریی شۆڕشى ئەیلوول، گوڵانى کردووە، لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەشدار بووە، هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمرە، ئامر هێز بووە لە هێزی کاوە، ساڵى ١٩٩٧ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر