حالى محەمەد قادر، ناسراو بە (حالى دۆلەمەری، حالی محه‌مه‌د خه‌لانی)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٧ له گوندی خه‌لان له‌دایكبووه، لە پێشمەرگایەتیدا پاسەوانى تایبەتى سەرۆک مستەفا بارزانى و فەرماندەى بەتالیۆن و ماوەیەکیش بەرپرسى گشتى تۆپخانەى هێزى باڵەک بووە، دوو جار برینداربووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، ساڵى ١٩٩٥ له ڕواندز شه‌هید بووه.
ژیاننامە
حالی محه‌مه‌د خه‌لانی، ساڵی ١٩٢٧ له گوندی خه‌لان-ى سه‌ر به ناحیه‌ی مه‌زنێ له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، محەمەد خەلانى باوكی په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان كردووه و ساڵی ١٩٣٢ شه‌هید بووه. ناوبراو له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی لە بوارى كشتوكاڵ له زانكۆی تاشكه‌ند وه‌رگرتووه، ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی به‌كره‌جۆ دامه‌زراوە.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٥ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و له شه‌ڕه‌كانى ئەم شۆڕشە به‌شدار بووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازیی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه. له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى کردووە له ناوچه‌ی سه‌قز.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ١٣ له‌سه‌ر ١٤ى ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی گوجاری كردووه و له‌م شه‌ڕه بریندار بووه، دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
پێش هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول، پاسه‌وانی تایبه‌تی بارزانیی نه‌مر بووه له به‌غدا، ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه و فەرماندەى به‌تالیۆن بووه، ساڵی ١٩٦٢ به فه‌رمانی بارزانی نه‌مر وه‌كۆ هێزی پاڵپشت ده‌چێته ئه‌شكه‌وتی شهرمنێ لای حسۆ میرخان و له هاوینی هه‌مان ساڵ له گه‌لیى زاخۆ ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر چه‌ند تۆپێك و به‌شداریی شه‌ڕی قه‌ڵای ڕایه‌تی كردووه. ساڵی ١٩٦٣ به‌رپرسی به‌ره‌ی شه‌ڕی سه‌ری پیرس بووه، له ٢٥ى ته‌مووزدا به‌شداریی له گرتنی یه‌كێك له سه‌رۆكه‌كانی سورچی به‌ناوی شێخ توفیق له گوندی سوسناڤا كردووه، هەمان ساڵ لە شه‌ڕی شوش و شه‌رمن و ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان بەشداربووە. لە ته‌مووزی ١٩٦٥ به فه‌رمانی بارزانی نه‌مر ڕه‌وانه‌ی وڵاتی ئێران كرا بۆ بینینی خولی تۆپخانه كه ماوه‌ی یه‌ك مانگی خایاند، ساڵی ١٩٧٤ به‌شداریی شه‌ڕی چیای گۆڕه‌زی كردووه و ڕه‌سه‌دی تۆپچی بووه، له هه‌مان ساڵدا به‌رپرسی گشتی تۆپخانه‌ی هێزی باڵه‌ك بووه، به‌شداری شه‌ڕی دۆڵی ئالانه له ناوچه‌ی خه‌لیفان كردووه، له شه‌ڕه‌كانی ساڵی ١٩٧٤ به سه‌ختی بریندار بووه و بۆ چاره‌سه‌ری ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراوه.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته شانشینی ئێران و له نه‌غه‌ده نیشته‌جێ ده‌بێت و دواتر له‌گه‌ڵ مه‌لامسته‌فا بارزانی چووەته كه‌ره‌ج، له ٤ى تشرینی دووه‌می ١٩٧٩ به‌شداریی كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووه، ساڵی ١٩٧٩ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه.
ساڵی ١٩٨٠ له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی و محه‌مه‌د خالید بارزانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و سه‌ردانی ڕێكخراوی برادۆستی كردووه، ساڵی ١٩٨٧ به‌شداریی بۆسه‌ی مێرگه‌سۆری كردووه و ساڵی ١٩٨٨یش به‌شداری داستانی خواكوڕكی كردووه و به‌رپرسی سه‌ربازیی ڕێكخراوی برادۆست بووه.
ساڵی ١٩٩١ گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان و به‌شداریی له داستانی كۆڕێ كردووه، له ١٢ ئاداری ١٩٩٢ و دواى ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان، لە شارۆچکە دیانا به‌شداریی ڕاپه‌ڕینی كردووه. ساڵی ١٩٩٣ كراوه به به‌رپرسی لێژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌ی دۆڵه‌مه‌ری، له ١٦ى ئابی ١٩٩٣ له كۆنگره‌ی یازده‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئهیلوول و شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕین له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی پێبه‌خشراوه، له ١٨ى ته‌مووزی ١٩٩٥ له ڕواندز شه‌هید بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- رائد خدر عه‌بدوڵڵا ده‌باغ، بیره‌وه‌رییه‌كانم و تۆپخانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن-كوردستانی عێراق، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ٢٠٠٣ز ).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د ره‌سول پشده‌ری، پاشكۆی یاداشته‌كانم له شۆڕشی ئهیلوول، به‌رگی دووه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی - ٢٠٠٧).
- سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه، حالی دۆله‌مه‌ری بكشیینهوه باشتره نه‌ك سه‌ربكه‌وین بهزهرهرێكی زۆر، گۆڤاری سه‌نگه‌ر وپێشمه‌رگه، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ولێر، ١٣ ئه‌یلوولی ٢٠١٨ز.
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ى نیسانی ١٩٥٩.
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- وه‌صفى حه‌سه‌ن، ژ داستانێت هه‌ره گرنگ یێت شوره‌شا ئیلولا مه‌زن ل ئاكرێ داستانا شوش و شه‌رمن ل هاڤینا سالا ١٩٦٣، گۆڤاری سیپه، ژماره ٣٩، دهۆك، ئه‌یلوولی ٢٠١٢ز.
- یوسف سه‌بری و دلۆڤان موسته‌فا، بۆ ئازادیی یا وڵاتی، پشكا ئێكێ، (دهۆك - چاپخانه‌یا خانی - ٢٠١٢ز).