تۆپخانەی شۆڕش

تۆپخانەی شۆڕش بەشێکى گرنگ و کاریگەرى ناو هێزى پێشمەرگە بوو، بە شێوەیەکى گشتى لە ساڵى ١٩٦٥ بە دواوە گەشەسەندنێکى زۆرباشى بەخۆوە بینى لە دابینکردنى ئەفسەر و پێشمەرگەى ڕاهێنراو لە ڕێى ئەنجامدانى خولى تایبەت و پەیوەندى هەندێک ئەفسەرى سوپاى عێراق کە لە تۆپخانەدا شارەزاییان هەبوو.


لە سەرەتاى دەستپێکى شۆڕشی ئەیلوول تۆپخانە تواناى ئەوتۆى لەبەر دەست نەبوو لەبەر کەمى چەک و تەقەمەنى و شارەزایی لە چەکەکان، بە تایبەتى تۆپ و هاوەنى عەیار گەورە، سەرکردایەتى شۆڕش توانى لە ساڵى ١٩٦٥ هەشت هاوەنى ٨١ ملم و چوار هاوەنى ١٢٠ ملم دابین بکات، دواى ئەوەى کە ئەو چەکانە بە دەستى شۆڕش گەیشتن هەندێ لە ئەفسەر و سەربازى سوپاى عێراق پەیوەندیان بە ڕیزەکانى پێشمەرگەوە کرد، کە لە بەشى تۆپخانەى سوپا خولی مەشق و ڕاهێنانیان بینیبوو و شارەزایان هەبوو. 

پاشان بۆ بەهێزکرنى بەشى تۆپخانە سەرکردایەتى شۆڕش هەستا بە ناردنى ٨ کەس بۆ خولێکى تایبەت لەسەر هاوەنى ١٢٠ ملم ئەمانە بوون:

 ١- ڕەئیس بەکر عەبدولکەریم

٢- ملازم خدر دەباغ

٣- ملازم خالید شەمسەدین

٤- ملازم نەوزاد خۆشناو

٥- عومەر ئاغاى دۆلەمەرى

٦- عەلى دۆلەمەرى

٧-  حالی دۆلەمەری

٨- مستەفا ڕەشۆ

تۆپخانەی شۆڕش هەر لە ساڵى (١٩٦٥-١٩٧٥)  زۆر پێشکەوتنى بەرچاوى بە خۆوە بینى، چەکەکانى بریتى بوون لە هاوەنى ٦٠ ملم، ٨١ ملم ئەمریکى، هاوەنى ١٢٠ ملم، تۆپى ٢٥ ڕەتل، ١٢٢ ملم و مەیدان ١٥٥ ملم. لەو ماوەیەدا زۆر تۆپچى لێهاتوو لێزان ئەرکى تۆپخانەیان پێدرا کە هەندێکیان ئەفسەرى کوردى تۆپخانەى سوپاى عێراق بوون، بەڵام لە کاتى وتووێژەکانى نێوان سەرکردایەتى شۆڕش و حکومەت بە بڕیارى سەرکردایەتى دەگەڕانەوە ناو ڕیزەکانى سوپاى عێراق وەک ملازم نەوزاد خۆشناو، ملازم ئیسماعیل نادر، ملازم خالید شەمسەدین، ملازم تارق چاوشین و ملازم عەلى ڕوبیتن. 

کۆمەڵێکى تر کە ئەرکیان بەڕێوەبردنى تۆپخانە بوو وەک حالى دۆلەمەرى، عومەر عوسمان مێرگەسۆرى، عەریف شێخە، حەمەدەمین ڕەشاشچى، عەبدولڕەحمان بێشەیی، دلاوەر فایەق، ملازم خدر عەلوان، ملازم ئەنوەر میری، ملازم خدر دەباغ، فریاد قادر، ئەسعەد عەلى، عەریف جەبار، عەریف ئەسعەد کاروانچى، عەریف سەدیق قادر، جەلال سلێمان ئاژگەیی، محەمەد مەحمود هەرکى، نائب زابت جەلال، نائب زابت جەمال، مام تۆفیق دەرگەڵەیی و مستەفا دۆلەمەرى. 

لە هاوینى ١٩٦٧ خولێکى دیکەى تۆپخانە کرایەوە لە مەکتەبى عەسکەرى لە چۆمان، بە سەرپەرشتى ملازم خدر عەلوان کە ئەفسەرێکى لێزان و پسپۆرى بوارى تۆپخانە و نەخشەى سەربازى سوپاى عێراقى سەر بە حزبى شیوعی بوو، لەو خولەدا بەشداربووان فێری بەکارهێنانى تۆپى ٢٥ ڕەتل و مەیدان بوون لەگەڵ هاوەنەکانى ٦٠، ٨٢، ١٢٠ ملم و بازوکا و چەکەکانى تر، هەروەها فێری نەخشەى سەربازى و قیبلەنوما و هێڵکارى و دوربین و بۆردى سەربازى و دیدەوانى و بەکارهێنانى تۆپ بۆ پشتیوانى هێزەکانى خۆی و لێدانى سەنگەرەکانى دوژمن و شاردنەوەى تۆپەکان بوون. 

دیارە بەهۆى بایەخى سەرکردایەتى شۆڕش تۆپخانە ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەى سەند، خولى جۆراوجۆر دەکرانەوە لەسەر هاوەنى ٨١  ملم و ١٢٠ ملم و پێکان (رصد) و نەخشەى سەربازى، ساڵى (١٩٧٠-١٩٧٤) چەندین خولى دیکە کرانەوە بۆ فێربوونى تۆپى ٢٥ ڕەتل و تۆپى ١٢٢ ملم و ١٥٥ ملم، لە نیسانى ١٩٧٤ خولێکى هاوەنى ١٢٠ ملم و ٦٠ ملم بە بەشدارى ٢٥ پێشمەرگە لە گەڵاڵە کە ماوەى ٤٠ ڕۆژى خایاند، هەروەها لە ئایارى ١٩٧٤ خولێکى دیکە کرایەوە بۆ فێربوونى تۆپى ١٢٢ ملم و لە مانگى حوزەیران خولێکى دیکە کرایەوە بۆ فێربوونى تۆپى ١٢٢ ملم قەوس بە سەرپەرشتى ملازم فەرەیدون، هەروەها لە هاوینى ١٩٧٤ چەند پێشمەرگەیەک ڕەوانەى ئێران کران بە مەبەستى بەشداریکردن لە خولێکى تایبەت بە فێربوونى بەکارهێنانى تۆپ لە سەربازگەى پەسوە کە مامۆستایانى ئێرانى و بیانى مەشق و ڕاهێنانیان پێ ده‌کردن، دواى تەواوبوونى خول گەڕانەوە بۆ کوردستان هەندێک لەمانە بوون بە مامۆستاى تۆپخانەی شۆڕش بە سەرپەرشتى ملازمى یەکەم کەمال پێداوى.    

ساڵى ١٩٧٤ کە شەڕ دەستى پێکردەوە تۆپخانەی شۆڕش پشتیوانێکى بەهێزى گشت هێز و بەتالیۆنەکان بوو، لەو کاتەدا تۆپە گەورەکانى جۆرى ٢٥ ڕەتل تەنها ٦ دانە هەبوو لەگەڵ ٨١٢ گولە تۆپى لەو جۆرە، لە کاتى هێرش و پەلامارەکانیشدا تۆپى ٧٥ ملم و هاوەنى ١٢٠ ملم و تۆپى ٢٥ ڕەتل ناوى تایبەتیان هەبوو کە بە بێتەل داوا دەکران بۆ بەرەکانى جەنگ، بۆ نموونە ناوى شەماڵ ١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٦ بۆ تۆپى ٧٥ ملم، ناوى برزۆ ١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٧ بۆ هاوەنى ١٢٠ ملم، هەروەها ناوى لافاو ١، ٢، ٣، ٤ بۆ تۆپى ٢٥ ڕەتل  بەکار دەهات. لە کۆتاییدا تۆپخانە ڕۆڵێکى باڵاى هەبوو لە لێدانى بنکە و سەربازگەکانى سوپاى عێراق لە سەرتاسەرى کوردستان بە تایبەتى ناوچەى باڵەکایەتى.                     


ڕۆڵى تۆپخانەی شۆڕش لە هەندێ شەڕ و داستاندا

ساڵى ١٩٦٥ لە داستانى چیاى کۆڕەک تۆپخانە تۆپبارانى سێ ڕەبایەى سوپاى عێراقى کرد، بەو هۆیەوە هەر سێ ڕەبایەکە زیانى گەورەیان پێگەیشت و پێشمەرگە توانیان دوو لە ڕەبایەکان بگرن، هەر لە ساڵى ١٩٦٥ تۆپخانەی شۆڕش توانى سەربازگەى ڕانیە تۆپباران بکات و زیانى زۆر گەورە بەو سەربازگەیە بگەیەنێ و ئاگرى لە کۆگاى تەقەمەنى بەردا،  ساڵى ١٩٧٤ کە شەڕ دەستى پێکردەوە سەرکردایەتى شۆڕش بڕیاری دا کەوا ڕەبایەکانى چیاى گۆڕەز بگرن و سوپاى عێراقی لێ دەربکەن، لەم هەڵمەتەدا تۆپخانەی شۆڕش ڕۆڵێکى گرنگ و یەکلایی کەرەوەى بینى بەتایبەتى لە کۆتا ڕەبایەکە سەربازەکان بەرگرییەکى بەهێزیان دەکرد، بەڵام کە تۆپخانە توانى تۆبارانێکى کاریگەر بکات و ئامانج بپێکێ و زیانى گەورە لە سەربازانى رەبایەکە بدات، پێشمەرگە توانی بە ماوەیەکى کەم دەست بەسەر ڕەبایەکەدا بگرن بە بێ زیانى گیانى.

 هەر لە ساڵى ١٩٧٤ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش فەرمانى کرد كه‌ سه‌ربازگه‌ی سپیلك لە ڕۆژئاواى شارۆچکەى خەلیفان دەستى بەسەردا بگیرێ بەڵام پێشمەرگە لەو هەڵمەتەدا سەرکەوتوو نەبوو بۆیە بڕیار درا کەوا بە خەستى تۆپباران بكرێ، چونكه‌ سه‌ربازی زۆری تێدابوو له‌ ئاماده‌كاریدا بوون بۆ هێرش و پێشڕه‌وی كردن، بۆ ئەمەش ڕاسته‌وخۆ فه‌رمانده‌ی تۆپخانە حالی دۆڵه‌مه‌ری ڕا‌سپێردرا، بۆ جێبەجێ کردنى فەرمان له‌ ماوه‌ی یه‌ك شه‌ودا دوو تۆپ گەیەندرانە خه‌لان بیاو، له‌ چیای برادۆستیش فه‌رمانده‌ی تۆپخانه ‌و فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی ٢ی زۆزك ره‌سه‌دی تۆپبارانیان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ڵاتنی خۆردا فه‌رمان كرا به‌ تۆپخانه‌كه‌ ده‌ستبه‌كار بێ، دوای تۆپبارانێكی چڕ زیانێكی زۆر گه‌وره‌ به سه‌ربازگه‌كه‌‌ گه‌یشت وەکو ته‌قینه‌وه‌ی جبه‌خانه‌ و شوێنی سووته‌مه‌نی له‌ ناو سه‌ربازگه‌كه‌.

هەر لە ساڵى ١٩٧٤ لە هێرشى سوپاى عێراق بۆ گەرووى عومەرئاغا لە دەشتى دیانا، تۆپخانەی شۆڕش ڕۆڵێکى زۆر گرنگ و بەرچاوى هەبوو لە شکست پێ هێنانى هێرشەكه‌ و زیانێکى زۆر گەورەى بە سوپاى عێراق گەیاند و هێرشەکە تێکشکێندرا . 

 


سەرچاوەکان:

  1. موقەدەم ڕوکن سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو، ڕووداوە سەربازییەکانى شۆرشى ئەیلوول، ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠٢٢.

  2. ملازم خدر عەبدولڵا دەباغ، بیروەریەکان و تۆپخانەى شۆرشى ئەیلوولى مەزن- چاپى سێیەم – چاپخانەى رۆشنبیرى – هەولێر، ٢٠٢٠.

  3. ئیسماعیل گوندەژۆرى، شۆرشى ئەیلول لە باڵەکایەتى، چاپخانەى رۆژهەڵاات، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.
  4. عەبدوڵا ڕەحمان مەلازادە، شێوەى پێکهاتەى سەربازى شۆڕشی ئەیلوولى مەزن، چاپى دووەم، دهۆک، ٢٠١٢.

  5. عومەر عوسمان، ژیانى کوردێک، چاپخانەى موکریانى، چاپى دووەم، بەرگى یەکەک و دووەم، ٢٠٠٨.

  6. دیمانه‌، گۆرگیس یه‌لدا ته‌رخان، پێشمه‌رگه‌ی شۆرشی ئه‌یلوول، ئه‌رشیفی ئینسكلۆپیدیا.

  7. غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.

زانیاری زیاتر

هەوڵی تیرۆرکردنى ئیدریس مستەفا بارزانى

ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن.

زانیاری زیاتر

هەوڵەکانی تیرۆرکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی

هەمیشە ئەو باوەڕە لە ناوەوەیە کە بە مردن یان لەناوبردن یان تیرۆرکردنى سەرکردەیەک، ڕەنگە شۆڕشێک یان دۆزى نەتەوەیەک کۆتایى بێت، بەڵام ئەمە هەموو کات و لاى هەموو نەتەوەیەک وەڕاست ناگەڕێت. دوژمنانى گەلى کورد زۆر لە مێژبوو لەو ڕاستییە تێگەیشتبوون کە سەرۆک مستەفا بارزانى بڕیاردەر و چەقى قوڕسایى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردە، بۆیە چەند جارێک هەوڵى تیرۆرکردنى درا.

زانیاری زیاتر

هێزی زاخۆ

دامه‌زراندنی هێزی زاخۆ بۆ ئه‌وكاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك مسته‌فا بارزانی و ٤٠٠ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بارزانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ڤه‌ری بادینان، چوونی بارزانی و هێزه‌كه‌ی بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ سه‌ره‌تاییه‌كی گرنگ و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو بۆ ناوچه‌كه‌.

زانیاری زیاتر