بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان- ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥

لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥، هەشت فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی هوڤیانە پەلاماری ئۆردوگای زێوەیاندا کە ئۆردوگایەکی تایبەت بەنیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشوور بوو، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەئەنجامدا ١٥٠ هاووڵاتی سڤیل بە پیر و منداڵ و پەککەوتەوە شەهیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی کۆتایی ساڵ چووبوونە قوتابخانەکەیان.


جێی وەبیرهێنانەوەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئۆپیک لە جەزائیر ڕێککەوتنێک بەناوی ڕێککەوتننامەی جەزائیر (٦ی ئاداری ١٩٧٥) لەنێوان سەدام حوسێن، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد ڕەزا، شای ئێران دژ بە شۆڕشی ئەیلوول ئەنجامدرا، بەڵام وێڕای لێبوردنە گشتییە یەک لەدوای یەکەکانی ڕژێم و هەڕەشە و گوشارەکانی ڕژێمی شا دژ بە شۆڕشگێڕان بەمەبەستی گەڕانەوە و پشت بەردانی سەرکردایەتی خۆڕاگری شۆڕش، ژمارەیەکی زۆر لە شۆڕشگێڕان ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە کە دژ بە گەلەکەی خۆی بەشێک لە خاک و ئاوی وڵاتە هەڕاج کرد و لەو ئوردوگایە نیشتەجێ ببوون.

وەک ئەوەی لە بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی هاتووە، لە هەموو پێکدادانێکی سەربازیدا دەبێت هەموو لایەنەکان تەنیا پێگە سەربازییەکان بکەنە ئامانج، نابێت خەڵکی سڤیل، چ وەک گروپ و چ وەک تاکەکەس بکرێنە ئامانج. پەلاماردانی ئۆردوگای زێوە بە تاوان هەژمار دەکرێت، هەر لەسەر بنەمای ئەو یاسا نێودەڵەتییەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکیدا بەبۆنەی  ٣٥ەمین ساڵیادی ئەو تاوانە دەڵێ: " كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت"، واتە بەرپرسیارەتییەکە لە ئەستۆی عێراقە، چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پێناسەی بە تاوان ناساندنی کردەوەکە، ئەوەی دەرهەق بە ئۆردوگای زێوە کراوە، هەردوو ڕەگەزی سەرەکی بەتاوان ناساندنی تێدایە کە تێیدا هاتووە: یەکەم، تاوانەکە دەرهەق بە کەسانێک کرابێت، کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە جەنگ و وردەکاریەکانیدا نییە و نەکردووە. دووەم، بە بیانووی جەنگەکەوە کرابێت، واتە جەنگەکە هۆکار و زەمینە، یان دەرفەتی وەها تاوانێکی ڕەخساندبێت. بە مانایەکی دی، ئەگەر تاوانەکە بۆ تەواوکردنی مەبەست و ئامانجەکانی جەنگەکە بێت.

لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا، کوشتن، کۆمەڵکوژی، لە مرۆڤخستن، پاککردنەوەی نەژادی، تاقیکردنەوەی ناڕەوشتانە لەسەر مرۆڤ، سزادان بەبێ دادگا، بەکارھێنانی چەکی کۆمەڵکوژ، تیرۆری دەوڵەت، تیرۆری پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە، فڕاندن، دیارنەمانی بەزۆر، بەکارھێنانی سەربازی منداڵ، بەندکردنی نادادوەرانە، کۆیلەکردن، ئەشکەنجە، لاقەکردن، سەرکوتکردنی سیاسیی، جیاکاری ڕەگەزیی و پێشێڵکاریی مافەکانی مرۆڤ، بە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت ئەگەر بەشێوەیەکی نەخشەداڕێژراو و بەربڵاو ئەنجام بدرێن.

کەواتە بەگوێرەی ئەو پۆڵینکردنە نێودەوڵەتییانە بێت، بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە کە تایبەت بوو بە پەنابەران و خەڵکی سڤیلی تێدا نیشتەجێ بوو، تاوانی نێودەوڵەتییە، لەبەرئەوەی سەرجەم دانیشتووانی ئۆردوگاکە هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان بوون و لەترسی حکومەتی ئەوسای عێراق زێدی خۆیان جێهێشتبوو لەو ئۆردوگایە نیشتەجێببوون، هاوکات عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە جەنگدا بوو، ئەوەی عێراق دژ بەو ئۆردوگایە کردی بۆ تەواوکردنی مەبەست و ئامانجەکانی جەنگەکە بووە، ئەمەش تاوانە. لەوبارەوە خۆشەوی عەلی کانیەلنجی، وەک هاووڵاتییەکی نیشتەجێی ئەو ئۆردوگایە لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی kdpinfo گوتوویەتی: "لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ بەدرێژایی ئەو ساڵانە شەڕی نێوان ئێران-عێراق بەڕێوەدەچوو، ٩ جار زێوە کرایە ئامانج و بۆردومانکرا، ئەمە لەکاتێدابوو بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێمە پەنابەری سیاسی بووین لە ئێران، دەبوایە ژیان و کەرامەتی ئێمە پارێزراوبێت، بەڵام دوور لەھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی و یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی، ڕژێمی عێراق دەستی چووە خوێنی ژن و منداڵی پەنابەر".

هەروەها لەبارەی گەورەیی تاوانەکە و شوێنەوارە دەروونی و جەستەییەکانی ئەو تاوانە بەسەر بریندار و کەسوکاری شەهیدەکانەوە گوتوویەتی: "لەم بۆردومانە ئاسمانییەدا نزیکەی ١٥٠ پەنابەر شەھید و نزیکەی ٤٠٠ پەنابەریش برینداربوون، لەنێو شەھیدەکاندا ھەبوو پارچەکانیشی دیارنەبوون ئەوانەشی بریندارن ھەندێکیان ئێستاش بەھۆی دژواری برینەکانیان دەناڵێنن".

سەرۆک مەسعود بارزانی کە دوای تاوانەکە دەستبەجێ گەیشتە ناو ئۆردوگاکە و چاوی بە هاووڵاتییە کۆستکەوتکەکان کەوتووە و بە چاوی خۆی قەبارەی تاوانەکەی بینیوە، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لەبارەی تاوانەکانی حکومەتی ئەوسای عێراق بەرانبەر گەلی کورد گوتی: "ساڵی ١٩٨٥ کە زێوە بۆردومان کرا، تاوانێکی وا کە مەزەندە نەدەکرا، من یەکسەر گەیشتمە ئەوێ، باوەڕ بکەن لەژیانمدا ڕۆژێکم بەسەردا تێنەپەڕیوە کە ئەو دیمەنانە نەیەنەوە بەرچاوم، منداڵی بێسەر، منداڵی بووەتە دوو لەت، ئافرەت و شتی وام بینی کە وەسف ناکرێت. من لەوکاتەدا شێرەژنێکم بینی، کیسەی پارچە گۆشتی هەر چوار کوڕەکەی دانا و هات و منی لەباوەش کرد و گوتی: من نامەوێ فرمێسکت ببینم، دوو کوڕم ماوە، ئەوانیش قوربانی کوردستان بن".

فەهیمە ڕەمەزان کە لەکاتی تاوانەکەدا تەمەنی هەشت ساڵان بوو، وێڕای ئەوەی بەهۆی کەمئەندامبوونی، دایک و برایەکیشی لە بۆردومانەکەدا شەهیدبوونە. هەروەها گولیشان خالیدی کە ئەویش برینداری بۆردومانەکەیە، حەسەن سۆفیی کە بەهۆی بۆردومانەکە قاچێکی لەدەستداوە، عائیشە سۆراکانی کە لەو بۆردومانە هاوژینەکەی  شەهید بووە و کوڕێکیشی کەمئەندام بووە، تاوەکو ئێستا بەدەست ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانیانەوە دەناڵێنن و ڕووداوەکە لە هزریان ئامادەیە.

لە هەمانكاتدا، هەر كەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی ڕژێمی ئەوكاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت، بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی پەنابەرانی زێوە و دایكە ئامینا و سەدان نموونەی تری گەلی كورد، پەیامێكی ڕوونە بۆ هەموو لایەك كە دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ ڕێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ، کاتێک گوتی: "ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بکات، هەرگیز خۆ بەدەستەوە نادەین، چونکە لەفەرهەنگی خەباتی کوردستان خۆ چەماندن نییە".

وێڕای ئەوەی پەلاماردانە ئاسمانییەکەی ئۆردوگای زێوە لەلایەن حکومەتی ئەوسای عێراق، بەگوێرەی یاسا بەرکارە نێودەوڵەتییەکان تاوانی دژە مرۆییە و دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکان، گشت بەڵگەنامەکانی بۆردومانکردنی ئەم تاوانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی دادگای ناوبراو کران، بەڵام تا ئێستاش بێ وەڵامە.


سەرچاوەکان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
  2. سەرکەوت جەلیل، ڕوداوەکانی خورماتوو لە سایەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا، توێژینەوە.
  3. 33 3- ساڵ بەسەر بۆردوومانی ئۆردوگای زێوە لەلایەن... | رووداو.نێت (rudaw.net)
  4. تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی - ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد (wikipedia.org)

بابەتی پەیوەندیدار

کۆمەڵکوژیەکەى بەردەرگای سەرای شارى سلێمانى

ئەم کۆمەڵکوژیە لە هاوینى ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر کۆمەڵکوژى و هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.

زانیاری زیاتر

بۆردومانى قەڵادزێ

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژدیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى سڤیل ئەنجام درا، دواى ئەوەى کەوا حکومەت فەرمانى دەست پێکرنەوەى شەڕی دژى شۆڕشى کورد دەرکرد بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، لە ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ بە چەند بالەفڕێکى جەنگى بۆردمانى شارى قەڵادزێی کرد.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژییەکەى گوندى سوريا

کۆمەڵکوژى گوندى سۆریا لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ ڕوویدا لەلایەن سوپاى عێراق، کە تێیدا هەڵمەتێکى سەربازیان کردە سەر گوندى سۆریا لە قەزاى زاخۆ بە بیانووى ئەوەى کە دەستیان هەبوو لە دانانەوەى مینێک لە شەقامى سەرەکى نزیک گوندەکەیان، کە بە سیارەیەکى سەربازیدا تەقیەوەو تێیدا ئەفەسەرێک و چەند سەبازێک کوژران.

زانیاری زیاتر