ئەم پەرتووکە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسییە لەبارەی ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٩١)دا، لە پێشەکییەک، پوختەی توێژینەوەکە، دەروازە، سێ بەش، پاشکۆ و پوختەی لێکۆڵینەوەکە بە زمانی ئینگلیزی، پێکهاتووە.
بەشی یەکەمی ئەم پەرتووکە باس لە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩) دەکات و دوو باس لەخۆ دەگرێت کە لە بارەی هەستانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لە سەر ئاستی سیاسی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و چۆنیەتی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی چەکداری و ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵان و چالاکییەکانی لەشکری دژی حکومەتی عێراقە.
بەشی دووەمی لە بارەی ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٥)یە و لە پێنج باس پێکهاتووە کە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکێتی بەرهەڵستکاری عێراق و لە چالاکییەکانی لەشکری دژی حکومەتی عێراق و، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی کوردستان و شەڕی ناوخۆی کوردستان، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و هەڵگیرسانی جەنگی عێراق و ئێران، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر گفتوگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقە.
بەشی سێیەمی پەرتووکەکە باسی ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە نێوان ساڵانی (١٩٨٦-١٩٩١) دەکات و چوار باس لەخۆ دەگرێت وەک ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاشتبوونەوەی نێوان پارتە سیاسییەکانی کوردستان و چالاکییەکانی لەشکری دژی حکومەتی عێراق و دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی کوردستان.
داگرتن (پی دی ئێف) ئۆنلاین بیخوێنەرەوە