بابەت: تا بەعس دەغڵودانى هاووڵاتیان نەسووتێنێ، پێشمەرگە لە چەند گوندێک دەکشێتەوە
ڕێکەوت: ٢٨/٨/١٩٦٩
نێرەر: ھێزی دەشتی ھەولێر
وەرگر: بارزانی/ مەکتەبى تەنفیزى/ گشت بارەگاکان
ژمارەی برووسک: ژ/ ف.ع
تا بەعس دەغڵودانى هاووڵاتیان نەسووتێنێ، پێشمەرگە لە چەند گوندێک دەکشێتەوە

دەقی نامەکە

جوتیارەکاني گوندي رەسول بکول و ئاخورن ھاتونە بو لامان داوایان لي کردین ھەتاکو دەغلودانیان ھەل ئەگرن خومان لە گوندەکانیان دور بخەینەوە لەبەر ئەوەی آمر فوجەکەي بیستانە سوندي بویان خاردبو کە لێ یان نەدەن. ئیمەش ھەرچەندە دلنیابوین کە بەقەد زرەیەک شەرەفیان نیە بەلام بو ئاشکراکردني حەقیقەتي ئەم بي شەرەفانە. پیشمەرگە قارەمانەکانمان نەختەک دور خستنەوە لەم گوندانە لە ٢٥/٨ لە سعات ٥ی بەیاني دوژمن ھیرشي ھینا بەھاوکاري طوپو طیارە بو ئەم گوندانەي سەرەوە لە ئەنجامدا گوندي رسول بکول سوتاند و نیوەي گوندي ئاخورەیان سوتاند پیشمەرگە قارەمانەکانمان شیرانە لي یان لي پەرین وە کەوتنە شەر لەگەلیان زیانیکي باشیان لي دان. لە روژي ٢٦و٢٧و٢٨/٨ دوژمن بەردەوامە لە قصفي دیھاتەکان بە فروکەي الیوشن و میک و توپ وە تائیستا لە گوندي شیوەپیران و ئاخورە و بانەمودیان گوللە باران بەردەوامە .

دەقی نامەکە بە ڕێنووسی نوێ

جوتیارەکانی گوندی ڕەسوڵ بکول و ئاخوڕە ھاتوون بۆ لامان و داوایان لێکردووین کە ھەتاکو دەغڵودانیان ھەڵدەگرنەوە، خۆمان لە گوندەکانیان دووربخەینەوە، لەبەرئەوەی فەرماندەی فەوجەکەی بێستانە سوێندی بۆیان خواردووە کە لێیان نەدەن. ئێمەش ھەرچەندە دڵنیابووین بەقەد زەڕەیەک شەرەفیان نییە، بەڵام بۆ ئاشکراکردنی حەقیقەتی ئەم بێ شەرەفانە، پێشمەرگە قارەمانەکانمان هەندێک دوورخستنەوە لەم گوندانە. لە ٢٥/٨ لە کاتژمێر ٥ی بەیانی دوژمن بە ھاوکاری تۆپ و فڕۆکە هێرشی هێنابووە سەر ئەم گوندانە و لە ئەنجامدا تەواوی گوندی ڕەسوڵ بکول و نیوەی گوندی ئاخوڕەیان سووتاند. پێشمەرگە قارەمانەکانمان شێرانە لێیان ڕاپەڕین و کەوتنە شەڕ لەگەڵیان و زیانێکی باشیان لێدان. لە ڕۆژانی ٢٦و٢٧و٢٨/٨ دوژمن بە فڕۆکەی ئلیوشن و مێک و تۆپ گوندەکانیان بۆردومان کرد و تا ئێستا لە گوندی شیوەپیران و ئاخوڕە و بانەمودیان بۆردومان بەردەوامە .