شەهید یوونس عەلی لەتیفەڵڵا، پێشمه‌رگه ی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بوو، دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران برد، لە شۆڕشی ئەیلوول بوو بە فەرماندەی کەرتی و لە شۆڕشی گوڵان بوو بە فەرماندەی مفرازە، ساڵی ١٩٨١ لەلایەن سەرباز و جاشەکانی ڕژێمی بەعسەوە لە گوندی خێڵی حەمە لە دەشتی شارەزوور دەستگیرکرا، ئەوان لە بێسەروشوێنکراوان و شەهیدانی گۆڕ ونن.

یوونس لەتیفەڵڵا قادر ناسراو بە عەریف یوونس ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی بەڵخەی سەر بە ناحیەی بیارە لە ناوچەی هەورامان لەدایکبووە، جووتیار بووە و کاری باخەوانی کردووە و پیشەی دارتاشی کردووە، قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، براوە بۆ خزمەتی سەربازی لە سوپا و لەو ماوەیەدا بەشداری خولی تۆپخانەی کردووە و پلەی سەربازییەکەی جێگری عەریفی تۆپخانە بووە، دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە پارێزگای ئەهوازی ئێران نیشتەجێ بووە، هاوسەرگیری لەگەڵ فەتلە تۆفیق کردووە و سێ کوڕ و چوار کچیان بووە (غالب، تالیب، عەباس، گوڵبەهار، سەمیرە، سەباحەت، وەرده). 

ساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ لە فەوجی فەرماندەیی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە و بارەگا و ئەرکەکانیان لە ناوچەی حاج ئۆمەران و ناوچەی بادینان بووە. بەهۆی شارەزایی لە بەکارهێنانی چەکی قورس بووە بە پێشمه‌رگه ی بەشی تۆپخانەی فەوجی ناوبراو، دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٤ بەرپرسیارێتی فەرماندەی فەسڵێکی لەناو کەرتێکی تۆپخانەی فەوجەکە وەرگرتووە.

ساڵی ١٩٧٩ دیسان پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمه‌رگه لە ئێران لەناو فەوجی محەمەد ڕەمەزان سەر بە هێزی هەورامانی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە، و بووە بە فەرماندەی مفرازەی شەڕی پارتیزانی لە فەوجی ناوبراو.

یوونس عەلی ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ دوو لە هاوسەنگەرە پێشمه‌رگه کانی (حەمە زەقی و عابد ڕەحیم) بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی چوونەتە دەشتی شارەزوور، شەوێک لە گوندی خێڵی حەمە لە دەشتی شارەزوور ماونەتەوە، بەڵام لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و جاشەکانی ڕژێمی بەعسەوە گەمارۆ دراون، داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێ کردوون، بەڵام بڕیاریان داوە بەرگری بکەن، و بەڕاستی شەڕ لە نێوان هەردوولادا ڕوویداوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕی سەخت یەکێکیان شەهید بووە کە (حەمە زەقی) بووە، یوونس عەلی و عابد ڕەحیمیان گەمارۆ داوە و تەقەیان لێ کردوون و دوای برینداربوونیان دەستگیریان کردوون، گواستوویاننەتەوە بۆ زیندانی شاری مووسڵ، هیچ زانیارییەک لەسەر چۆنیەتی شەهیدبوونیان نییە، و یوونس عەلی لە شەهیدانی گۆڕ ونە. 

سەرچاوە: 

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان