دوای سەرکەوتنی کودەتای 8ی شوباتی 1963 و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە عێراق لەلایەن پارتی بەعسەوە، چەند خولێک دانوستاندن لە نێوان نوێنەرانی سەرکردایەتیی شۆڕش و حکومەتە نوێیەکەی عێراق دەربارەی ئەو بەڵێنانە بەڕێوەچوو کە کودەتاچییەکان پێش دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بە سەرکردایەتیی شۆڕشیان دابوو؛ دواهەمینیان سەردانی شاندی شۆڕش بۆ بەغدا و هەردوو وڵاتی میسر و جەزائیر بوو.
بەگشتی هیچ ئەنجامێک لە دانوستاندنەکان بەدەستنەهات. حکومەت ئەم جارەش بە ناردنی چەند شاندێکی فەرمی بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی هەوڵی دا گفتوگۆکان بەردەوام بکات. بۆ ئەم مەبەستە شاندی یەکەم بە سەرۆکایەتی تاهیر یەحیا، سەرۆک ئەركانی سوپا و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، لە چوارقوڕنە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. سەرۆک بارزانی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی و داواکارییەکانی شۆڕشی ڕادەستی شاندە میوانەکە کرد و هەڕەشەی کرد ئەگەر تا کۆتایی بەهار ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن، شەڕ جارێکی دیکە دەست پێدەکات. پڕۆژەکە پێشکەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش کرا و داوای کەمکردنەوەی داواکارییەکانیان کرا. بۆ ئەم مەبەستە و بۆ گۆڕینی هەڵوێستی سەرکردایەتیی شۆڕش، شاندێکی دیکە گەڕایەوە چوارقوڕنە و جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی کۆبووەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن. لە 11ی ئاداری 1963 ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی پرسی کورد و داواکارییەکانی کردبوو.
لە ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشدا هیچ شتێک بۆ کورد نەبوو و دانوستاندنەکەش ئەنجامێکی باشی لێنەکەوتەوە. لەسەر ئەم پرسە سەرۆک مستەفا بارزانی پێویستی بەوە بینی بۆ پرسێکی نیشتمانیی وا ڕاوێژ بە مەکتەبی سیاسی و سەرکردە نیشتمانپەروەرەکان بکات و کۆنگرەی گشتی پێکبهێنێت. بۆ ئەم مەبەستە نێردراوە تایبەتەکانی بۆ هەموو گۆشەیەکی کوردستان نارد تا نوێنەرەکانیان بۆ کۆنگرە بنێرن. دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، لە 16ی ئاداری 1963 نوێنەرانی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، لەگەڵ نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)، فەرماندەکانی یەکەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و سەرۆک هۆزە شۆڕشگێڕەکان گەیشتنە شاری کۆیە.
بەستنی کۆنگرەکۆنگرە لە 18 تا 22ی ئاداری 1963، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مستەفا بارزانی و لە ژێر سێبەری هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، لە ماڵی کاکە زیاد ئاغای کۆیی لە کۆیە بەسترا. 2500 کەس بەشدار بوون کە 200 کەسیان مافی دەنگدانیان هەبوو. ئامانجی کۆنگرە داڕشتنی داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی عێراق بوو. لە ئەنجامدا شاندێک بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی پێکهێنرا کە لە ساڵح یوسفی، مەسعود محەمەد، حوسێن خانەقا، عەبدولسەمەد محەمەد بەنا، حەبیب محەمەد کەریم، عەقید سادق، شاخەوان نامیق، بابەکر ڕەسوڵ، مستەفا عەزیز و ئیحسان شێرزاد پێکهاتبوو؛ لە ئاداری 1963 شاندەکە بۆ بەغدا نێردرا.
هەموو دانوستاندنەکان بێ ئەنجام مانەوە. دەسەڵاتدارانی کودەتا لە بەغدا بیر لە یەکگرتن لەگەڵ کۆماری میسر و کۆماری سوریا دەکردەوە تا کۆمارێکی یەکگرتووی عەرەبی پێکبهێنن. هەروەها شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پشتیوانیی جەمال عەبدولناسر، بۆ جاری دووەم لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی قاهیرەی پایتەختی کۆماری عەرەبی یەکگرتووی کرد.
بەڵام دانوستاندنەکان بێ ئەنجام بوون و لە سەرەتای حوزەیرانی 1963 سوپای عێراق جارێکی دیکە شەڕێکی یەکلا و لەناکاوی دژ بە کوردستان دەست پێکرد. بەشێک لە شاندەکە لە شوێنەکانیان هەڵهاتن و هەندێکی دیکەش لە 9ی حوزەیرانی 1963، کاتێک دەگەڕانەوە کوردستان، لە فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستگیر کران.
سەرچاوە:1. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1961-1975، بەرگی 3، بەشی 1، (هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 2004).
2.مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفرانس (بەرنامە و ڕێسای ناوخۆ)، بەرگی 1 و 2، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆژهەڵات- 2021).
3.حەبیب محەمەد کەریم، تاریخ الحزب الدیمقراطي
الکوردستاني-العراق (في محطات رئیسیة 1946 - 1993)، (دهۆک- چاپخانەی خەبات- 1998.
4.مەحمود ئەلدورە، القضیة الکردیة والقومیة العربیة في معرکة العراق، (بەیرووت- منشورات دار الطلیعة- 1963م) .
5.ئەحمەد دڵزار، بیرەوەرییەکانی ڕۆژانی ژیانم، (هەولێر - وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان - چاپخانەی شەهاب - 2019).
6. کریس کۆچیرا، جنبش ملیی کورد، وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسێ، چاپی دووەم، (تاران- ئینتشاراتی نیگا- 1377ه.ش).
7.سەلاح ڕەشید، مام جەلال؛ دیداری تەمەن، لە لاوییەوە بەرەو کۆشکی کۆماری، (سلێمانی – چاپخانەی چاردۆ – 2017).
8.سەلاح ئەلخرسان، التیارات السیاسیة في کردستان العراق، قراءة في ملفات الحرکات والأحزاب الکردیة في العراق 1946- 2001، (بەیرووت- مطبعة البلاغ- 2001).


