لە ساڵی ١٩٧٩دا پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، دەسەڵاتی پاشایەتی لەو وڵاتە ڕووخا و کۆماری ئیسلامی جێگەی گرتەوە، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان توانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ڕژێمی نوێی ئێران دروست بکات، لەنێو ڕووداوە هەرە کاریگەرەکاندا کۆچی دوایی سەرۆک مستەفا بارزانی لە سەرەتای ئاداری ساڵی ١٩٧٩ و گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٤ی ئاداری هەمان ساڵدا بوو.
بارودۆخی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و وەفاتی سەرۆک مستەفا بارزانی لەسەر ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وایکردبوو کە پارتەکە کۆنگرەیەک ئەنجام بدات، لەبەر ئەم هۆکارە سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای تەمموزی ساڵی ١٩٧٩ لە گوندی شاوانێی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ساز کرد، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران، لەوانە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا تا کۆنگرەی نۆیەم، خێراکردنی ئەنجامدانی کۆنگرە لە ساڵی ١٩٧٩ و پێکهێنانی کۆمیتەیەکی ئامادەکار بۆ کۆنگرە.
ئەنجامدانی کۆنگرەپاش دیاریکردنیان لە کۆبوونەوەی شاوانێدا، کۆمیتەی ئامادەکار دەستی بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە کرد، جگە لەم کۆمیتەیە، چەند کۆمیتەیەکی دیکەی ئامادەکار لەلایەن لقەکانەوە دروستکران، کە لە ئەندامەکانیان پێکهاتبوو. لە ماوەی سێ مانگدا ئامادەکارییەکان کۆتاییان هات و ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردران، کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر دروشمی (کوردستان یان نەمان – دەسەڵاتی هاوپەیمانی پێشکەوتووی دیموکراتی لە عێراق و ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە بۆ کوردستان) لە ڕۆژی ١٠ تا ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩ بە ئامادەبوونی ٣٢٥ ئەندام، سەرەتا لە گوندی دەربەند و پاشان لە کەمپی زێوەی پەنابەرانی باشووری کوردستان لە ڕۆژئاوای ورمێ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا، کۆنگرە بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتێکی سەرۆک مەسعود بارزانی دەستی پێکرد و پاشان پارتی کۆمۆنیستی عێراق و چەند لایەنێکی دیکەی ئامادەبووی کۆنگرەکە وتاریان پێشکەش کرد.
هەر لە سەرەتای کۆنگرەکەدا هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سامی عەبدولڕەحمان پاش ئەوەی چەند داواکارییەکیان جێبەجێ نەکرا، لە کۆنگرەکە کشانەوە. یەکێک لەو داواکارییانە ئەوە بوو کە ناوی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی نەچێتە دەنگدانەوە و ڕاستەوخۆ ببنە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن کۆنگرەوە ڕەتکرایەوە و بووە هۆی جیابوونەوەی هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی، ئەوان دواتر پارتی دیموکراتی گەلی کوردستانیان دامەزراند.
چوونی هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی کۆنگرەکەی نەکزاند و ئەندامان کاری کۆنگرەیان بەردەوام کرد، سەرۆک مەسعود بارزانی بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، پاشان ئەندامانی کۆنگرە کۆمیتەی ناوەندی نوێی پارتییان دیاریکرد کە لەم کەسانە پێکهاتبوو:
١. عەلی عەبدوڵڵا
٣. نوری شاوێس
٤. فازڵ میرانی
٥. فەلەکەدین کاکەیی
٩. د. جەرجیس حەسەن
١٠. د. ڕۆژ نوری شاوێس
١١. ڕەئیس عەبدوڵڵا بەرواری
١٢. مولازم عەلی
١٣. یونس ڕۆژبەیانی
١٤. مولازم هەجەر سندی
١٥. حەمید بەرواری
١٦. د. محەمەدساڵح جومعە
١٧. ئازاد بەرواری
١٨. نەجمەدین یوسفی
١٩. هۆشیار زێباری
٢٠. د. محەمەد سەعید دۆسکی
٢١. د. سەعید بارزانی.
ئەندامانی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی ئەمانە بوون:
١. فڕانسۆ هەریری
٤. ئازاد قەرەداغی
٥. د. کەمال کەرکوکی.
کۆنگرە دەسەڵاتی بە کۆمیتەی ناوەندی دا کە کۆمیتەی لێکۆڵینەوە دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان و دیاریکردنی پێگەی سکرتێر و ئەندامانی مکتب سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابوونەتەوە.
پاش کۆنگرە یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی کۆمیتەی ناوەندی بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە کەمپی پەنابەران لە زێوە ئەنجامدرا و ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو و مکتب سیاسی پارتی دروستکرا کە بریتی بوون لە عەلی عەبدوڵڵا - سکرتێر، ئیدریس بارزانی، فازڵ میرانی، فەلەکەدین کاکەیی، د. محەمەدساڵح جومعە، ڕەئیس عەبدوڵڵا بەرواری و نوری شاوێس.
یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرە دەرکردنی ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی بوو کە لە پارتەکە جیابوونەتەوە، جگە لە ساڵح یوسفی کە بە ڕەزامەندی سەرۆک مستەفا بارزانی گەڕابووەوە عێراق.
سەرچاوە:- محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە، کورتە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی نەمر، چاپی سێیەم، (هەولێر- چاپخانەی ئاراس- ٢٠١٢).
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێزیکنامەی ناوخۆیی)، کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی ١، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆخانا - ٢٠٢١).
- سەلاح ئەلخیرسان، ئەلتەیارات ئەلسیاسییە فی کوردستان ئەلعێراق، قیرائەت فی مەلەفات ئەلحەرکات وە ئەلاحزاب ئەلکوردییە فی ئەلعێراق ١٩٤٦- ٢٠٠١، (بەیرووت- مەتبەعەت ئەلبەلاغ- ٢٠٠١).
- حەبیب محەمەد کەریم، تاریخی ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردی-ئەلعێراق (فی میهەتات ڕەئیسییە ١٩٤٦ - ١٩٩٣)، (دهۆک- مەتبەعەت خەبات- ١٩٩٨).
- موحسین دزەیی، وێستگەی ژیانی من، بەشی ٣ و کۆتایی، (هەولێر - چاپخانەی موکریانی - ٢٠١٥).
- ڕۆژنامەی کەیهان، ژمارە ١٠٧٥١، تاران، ١٦ی تەمموزی ١٣٥٨ هـ ش، ٧ی تەمموزی ١٩٧٩ز.
- ڕۆژنامەی بامداد، ژمارە ٥٣، تاران، ١٧ی تەمموزی ١٣٥٨ هـ ش، ٨ی تەمموزی ١٩٧٩ز.
- ئیعاز ئەللجنة ئەلمەرکەزییە وە ئەلمەکتب ئەلسیاسییە فی ئەلموتەمەر ئەلتاسیع ١٩٧٩، جەریدەت خەبات، لیسان حاڵ ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردی، ئەلعەدەت ٧٩٤، هەولێر، ١٢ی ئابی ١٩٩٦.
- ڕاپۆرتی سیاسی، سەربازی و ڕێکخستنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) ڕێبوار مەسعود بارزانی بۆ کۆنگرەی نۆیەمی پارتییەکەمان پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) کە لەنێوان (٤-١١ تشرینی دووەمی ١٩٧٩) ئەنجامدرا.


