بارودۆخی پێش کۆنگرە:

دوای دوو ساڵ لە بەستنی کۆنگرەی یەکەم و بەهۆی چەند گۆڕانکاری و پێشهاتێک لە بارودۆخی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، یەکێتییەکە لە ساڵی ١٩٥٥ بە نهێنی کۆنگرەی دووەمی خۆی لە شاری به‌غدا بەست.

ڕاستەوخۆ دوای دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٣، (یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق) هەوڵیدا بە دروستکردنی ڕێکخراوی نوێ و پێدانی ئیمتیازات، پەیوەستبوونی قوتابیانی کورد بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە خاو بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوێک بە ناوی (یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردی عێراق) دروستکرا کە لقێک بوو لە لقەکانی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق، بە بیانووی ڕێکخستنی خەباتی سەرجەم قوتابیانی عێراق لە ڕێکخراوێکی یەکگرتوودا. لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٣ ڕۆژنامەی (کفاح الطلبة) دامەزراندنی لیژنەی باڵای یەکێتی قوتابیانی کوردی عێراقی ڕاگەیاند. لە ١ی ئازاری ١٩٥٤ ڕێکخراوەکە بەیاننامەیەکی بە ناوی یەکێتی گشتی قوتابیانی دیموکراتی کوردی لە عێراق دەرکرد و تێیدا داوایان لە سەرجەم قوتابیانی کورد کرد کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکەی ئەوان و لە چوارچێوەی (یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق) یەکبگرن.

ئەم هۆکارانە و زۆری تریش بوونە هۆی دەرکەوتنی گرژی لە نێوان یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق. ئەمە جگە لە چەندین هۆکاری ناوخۆیی تری پارتی، بەتایبەت ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی کە لە کاتی نەبوونی سەرکردە مستەفا بارزانی ڕوویاندا، وایانکرد یەکێتی قوتابیان کار بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەمی بکات.

 

 بەستنی کۆنگرە

دوای ئامادەکارییەکان و لە هاوینی ساڵی ١٩٥٥ بە دروشمی (خەباتی قوتابیان بێ وەستان لە پێناو مافەکانی گەل و قوتابیانی کوردستان) لە پێناو خەباتی بزووتنەوەی نیشتمانی عێراق و پارتییەکان پێشکەوتنخوازەکان، یەکێتی قوتابیانی کوردستان کۆنگرەی دووەمی خۆی لە شاری به‌غدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان و شاری به‌غدا بەست. نوێنەرانی کۆنگرە بە نهێنی لە شاری به‌غدا کۆبوونەوە و دوای تاوتوێکردنی بارودۆخی کۆنگرە و دەنگدان، جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرایەوە و دەستەی نوێی سکرتاریەت بەم شێوەیەی خوارەوە هەڵبژێردران:

١-  مەحمود عەلی عوسمان

٢-  شەمسەدین موفتی

٣-  حوسامەدین دەباغ

٤-  عەدنان نەقشبەندی

٥-  شاخەوان نامیق

٦-  ئەحمەد نەقشبەندی

سەبارەت بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە کۆنگرەی دووەمدا، هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەمان لە هیچ کام لە سەرچاوە بەردەستەکاندا لەبەر دەستدا نییە، بۆیە بەپێی پێشبینی و لێکدانەوەکان ڕەنگە سیستەمی سەرۆکایەتی هەڵوەشابێتەوە.

دوای بەستنی کۆنگرە، یەکێتی قوتابیانی کوردستان چالاککرایەوە و هەوڵیدا پەیوەندی و چالاکییەکانی فراوان بکات. یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بەشداریکردنی بوو لە فێستیڤاڵی وارشۆ بۆ قوتابیان و لاوانی جیهان.

لە ماوەی ٣١ی تەمموز تا ١٤ی ئابی ١٩٥٥، پێنجەمین فێستیڤاڵی جیهانی قوتابیان و لاوان لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی قوتابیان و لاوان، یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق بە فەرمی بۆ بەشداریکردن لە کارنەڤاڵەکە بانگهێشتکران. دوای کۆنگرەی دووەم پەیوەندییەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق باشتر بوو، ئەمەش ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی یەکێتی قوتابیان لە فێستیڤاڵەکە و ئەندامێتییان لە یەکێتی قوتابیانی جیهان کرد (I.U.S).

و شەش نوێنەر بە وێنەی سەرکردە مستەفا بارزانی لەسەر شانیانەوە لەلایەن یەکێتی قوتابیان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانییەوە ڕەوانەی وارشۆ کران. جگە لە بەشداریکردن لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بە نوێنەرایەتی قوتابیانی کورد، کۆبوونەوەیەکی گەورەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری چەند وڵاتێک وەک یەکێتی سۆڤیەت، هیندستان، ئەڵمانیا، چین، فەرەنسا، ئینگلتەرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تر بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە کاریگەرییەکی گەورەی لە گەیاندنی دەنگی قوتابیان و لاوان و دۆزی نەتەوەیی کورد بە تەواوی جیهان هەبوو.

لە هەمان فێستیڤاڵدا لەلایەن (یێرکی بێلیکان) سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی جیهانییەوە دیدارێک لە نێوان نوێنەرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق ڕێکخرا بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوانیان، دوای کۆبوونەوەکە هەردوو ڕێکخراوەکە لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن و بڕیاریاندا هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن.

وەک ئەوەی لە وارشۆ ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، دوای گەڕانەوەیان و لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦، کۆنگرەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق بەسترا، کە تێیدا تاوتوێی چۆنیەتی تەواوکردنی کاری چالاکییەکانی هەردوو ڕێکخراوەکە کرا، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بۆ سەرپەرشتی و هەماهەنگی کاری هەردوو ڕێکخراوەکە پێکهێنرا و سێ ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بۆ سکرتاریەتی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق دیاریکران، بەڵام لە ساڵی ١٩٥٧ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ڕێکخراوەکە جارێکی تر ساردبووەوە.  

سەبارەت بە خەباتی توێژی قوتابیانی کوردیش، لە ١٠ی ئابی ١٩٥٦ لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا (کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و قوتابیانی کورد لە ئەوروپا) دامەزرا. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨ کۆنگرەی دووەمی لە لەندەن و کۆنگرەی سێیەمی لە ٤ی ئابی لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا بەست، ناوی گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا) و لقەکانی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا کرانەوە. سەرەڕای بێلایەنییەکەی، بەڵام زۆربەی ئەندامانی لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستانبوون و پەیوەندی باشیان لەگەڵ یەکێتی قوتابیانی کوردستان هەبوو. لە ساڵی ١٩٦٤، کۆمەڵەکە بوو بە ئەندامی (یەکێتی قوتابیانی جیهانی) و ڕۆڵێکی گرنگی لە گەیاندنی دەنگی کورد بە وڵاتانی بیانی و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانیان گێڕا.

سەرچاوەکان:

١- بانگى یەکێتى گشتى قوتابیە دیموکراتیەکانى کوردى عراق، یەکێتى گشتى قوتابیە دیموکراتیەکانى کوردى عراق، چاپخانەى لاوانى کورد، ١/مارتى/١٩٥٤.

٢- ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة صلاح الدين فى اربیل ٢٠٠٨، منشورات سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم).

٣- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢).

٤- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨).

٥- گۆڤارى خەباتى قوتابیان، لە دیداریکى تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانى وردەکارى دامەزراندنى (ى.ق.ک) دەخاتە ڕوو، ژمارە ١٠٩، (حوزەیرانى ٢٠١٢).

٦- سەڵاح ڕەشید، مام جەلال دیدارى تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکى کۆمارى، بەشى یەکەم، چاپى دووەم، (سلێمانی- چاپخانەى کارۆ- ٢٠١٧).

٧- سیروان عثمان حەسەن، مێژوویەکی پڕشنگدار و کاروانێکی نەپساوە، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆشنبیری- ٢٠١٤).

٨- عصمت شریف وانلي، من مذكرات عصمت شریف وانلي، (السلیمانیة- مطبعة پیره‌مێرد- ٢٠١٤)، عارف روشدی عارف، كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا ١٩٥٦ – ١٩٧٥، (سلێمانی- بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای هۆشیاری و پێگه‌یاندنی كادیران- ٢٠١٢).