هۆکار و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە

لە ١١ی شوباتی ١٩٧٩، دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، ڕژێمی پاشایەتی لەو وڵاتە ڕووخا و کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگەی گرتەوە، سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان توانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی ئێران دروست بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٤ەوە لەو وڵاتە بوون. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩، یەکێک لە کاریگەرترین و تراژیدیترین ڕووداوەکان کۆچی دوایی مستەفا بارزانی بوو. لە ١ی ئازاری ١٩٧٩، دوای چوار ساڵ لە تاراوگە، مستەفا بارزانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و لە ٤ی نیسانی هەمان ساڵ، تەرمەکەی گەڕێنرایەوە ئێران و لە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردرا.

دۆخی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بە گشتی و کۆچی دوایی مستەفا بارزانی، ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێویست بە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و بەپەلە کردبوو. بۆ ئەم مەبەستە سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای تەممووزی ١٩٧٩، کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە گوندی شاوانە لە باکووری شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران، گرنگترینیان هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی بوو بە سەرۆکی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان تا بەستنی نۆیەمین کۆنگرە و هەڵبژاردنی سامی عەبدولڕەحمان بە سکرتێری گشتیی حزب، هەروەها هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ڕژێمی عێراق، بەو مەرجەی حزب ئامادە نەبێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی کوردستانی ئێران بکات. لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعود بارزانی داوای کرد نۆیەمین کۆنگرە هەرچی زووە تا هاوین یان پایزی ١٩٧٩ ببەسترێت، بەڵام سامی عەبدولڕەحمان و گروپێکی دیکە پێیان وابوو دەبێت کۆنگرە بۆ بەهاری ١٩٨٠ دوابخرێت، تا بەرنامەی نوێی حزب بە تەواوی لەنێو ئاوارەکان و ڕێکخستنەکانی حزب لە ئێران جێبەجێ دەکرێت. لە کۆتاییدا بڕیاردرا کۆنگرە لەو وادەیەی دیاریکراوە ببەسترێت کە مەسعود بارزانی پێشنیاری کردبوو.

وەک ئەنجامی کۆبوونەوەکە، لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ بەستنی نۆیەمین کۆنگرەی حزب هەڵبژێردرا کە پێکهاتبوون لە: 

  1. عەلی عەبدوڵڵا 

  2. ئیدریس بارزانی 

  3. محەمەد مەلا قادر 

  4. ڕەشید سندی 

  5. عارف تەیفوور 

  6. کەریم شنگالی 

  7. ووریا ساعی.

سەرچاوەکان:

• موحسین دزه‌یی، وێستگه‌كانی ژیانم، به‌شی سێیه‌م و کۆتایی، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی موكوریانی - ٢٠١٥).

• روزنامه‌ کیهان، شماره ١٠٧٥١، تهران، ١٦ تیرماه ١٣٥٨ ھ .ش ـ ٧ تموز ١٩٧٩م.

• روزنامه‌ بامداد، شماره ٥٣، تهران، ١٧ تیرماه ١٣٥٨ھ . ش ـ ٨ تموز ١٩٧٩م.

• سامي عبدالرحمن، الحزب الشعب الدیمقراطي الكردستاني: البدیل الثوري في الحركة التحرریة الكوردیة، التقریر السیاسي للمؤتمر التأسیسي لحزب الشعب الدیمقراطي الكوردستاني، ٢٦ ـ ٣٠ تموز ١٩٨١م، (بدون مكان ـ بدون سنة).

• محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌، كورته‌ مێژووی پارتی و بارزانی نه‌مر، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ئاراس- ٢٠١٢).