پۆڵ مۆبێک بە ناوی کریس کوچێرا (Chris Kutschera)ش ناسراوە، ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەری فەرەنسی لە 13ی ئایاری 1938 لە شاری نۆرماندی (Normaundie)ی هەرێمی نیوسترا لە وڵاتی فەرەنسا لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی هەر لەو شارە تەواو کردووە. پاشان لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیراوە، بەڵام خوێندنی خۆی لە کۆلێژی پزیشکی تەواو نەکردووە و چووەتە زانکۆی سۆربۆن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بەشی زانستە سیاسییەکانی لەو زانکۆیە تەواو کردووە. لەگەڵ ئێدیث مۆبێک ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە. لە نیویۆرک و مەکسیک و گواتیمالا ژیاوە. لە 31ی تەمموزی 2017 کۆچی دوایی کردووە.

 

لە ساڵی 1966ەوە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، لەگەڵ مادام کوشنەری هاوسەری، دەزگای سەربەخۆی (Free Lance)ی کاری ڕۆژنامەوانییان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دامەزراندووە. شارەزاییەکی باشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی پرسی کورددا هەبووە. لە سەرەتای کارکردنییەوە تا ساڵی 1971 زیاتر لە 130 ڕاپۆرتی لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فەرەنسی و نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لەگەڵ هەر یەک لە سەرکردەکانی کورد وەک: مەلا مستەفا بارزانی, مەسعود بارزانی, نێچیرڤان بارزانی، دارا تۆفیق، جەلال تاڵەبانی و هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵح چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی ئەنجام داوە.

 

کریس کوچێرا، چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە و لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر ژیان و سەرپێهاتییەکانی نەتەوەی کورد کردووە. لە سەردەمی دەسەڵاتداری سەددام حوسێن ئازار و ژانەکانی نەتەوەی کوردی بە ڕای گشتیی جیهان گەیاندووە.

 

کریس کوچێرا، لە ڕۆژانی 11-18ی کانوونی یەکەمی 2010 وەک میوان بەشداریی کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە. لەبەر ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کورد و کوردستانی کردووە، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی وە میدالیای بارزانیی وەرگرتووە.

 

بەرهەمەکانی:

1- بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد 1979

2- خەباتی کورد یان خەونی دێنتێتیی سەربەخۆیی 1997

3- کوردستان ڕێبەری ئەدەبی 1998

4- مێژووی کوردستان 2001

5- دۆخی سەددام حوسێن 2005

6- کاروانی درێژی کوردان 2014

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.