شەهید ویسو حەمە لاو، بە ناوی (ویسو حەمە لاو) ناسراوە، لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی گیوانی سەر بە ناحیەی دیانەی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. هاوسەردار بووە و خاوەنی دوو کچ و کوڕێک بووە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لەگەڵ براکەی عەبدوڵواحید پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکات. لە بەتەلیۆنی سەید عاسی سەر بە هێزەکانی بالەک دەبێتە پێشمەرگە. بەشداری شەڕەکانی چیای زۆزیک و سەرتیز و گەڕووی عومەر ئاغای کردووە.
لە ساڵی ١٩٧٤ دوای دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و پارتی بەعس، دووبارە چەکی پێشمەرگەیی هەڵدەگرێت و بەرگری لە خاکی کوردستان دەکات. لە ١٧ی نیسانی ١٩٧٤ لە شەڕی چیای گۆڕەز لە نزیک گوندی بالەکیان لە ناحیەی دیانە، ئەو خۆی و برا گەورەکەی بە ناوی عەبدوڵواحید حەمە لاو و خوشکەزا و چەند کەسێکی تری خزمەکانی شەهید دەکرێن.
بەهۆی بارودۆخی شەڕ و بوونی بۆمبارانی تانک و توپەکانی دوژمن نەتوانرا تەرمی شەهیدەکان لە گوندی گیوان بە خاک بسپێردرێن. بۆیە لە گوندی سیتکان بە خاک سپێردران.
سەرچاوە:
1. ئەرشیفی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


