لە شەوی ١١/١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦، سوپای عێراق بە پشتیوانی تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری زاخۆ کرد، کە بارەگای لێژنەی ناوچەی زاخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێ بوو، هێرشە سەربازییەکەی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بەرزاییەکانی دەلایی گرتەوە، بەو هۆیەوە پەیوەندی نێوان لێژنەی ناوچەی زاخۆ و هێزی پێشمەرگە لە تەلاری ناوچەکە لەگەڵ ناوچەکانی تر پچڕا، بۆ گەیاندنی هەواڵی ئەم هێرشە حکوومییە، لێژنەی ناوچەی دهۆک پەیوەندی بە سەرکردایەتی شۆڕشەوە کرد بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی شەڕێکی سەخت لە سنووری نێوان دهۆک و زاخۆ و فڕۆکە جەنگییەکان بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی پێشمەرگەیان دەکرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە پیاوێکی بەتەمەن لە گوندی کانی پۆنگ بە ناوی حاجی نەبی شەهید بوو لەگەڵ برینداربوونی چوار ژن و منداڵ، هەروەها بۆردومانی فڕۆکەکان بۆ سەر گوندی زیوە لە نزیک بارەگای لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بوو، لەوێش پیاوێکی تری بەتەمەن شەهید بوو.
دیارە ئامانجی حکوومەتی عێراق لە هێرشکردنە سەر بارەگا و پێگەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری بادینان، کپکردنی دەنگ و ڕەنگی شۆڕش بوو بەرامبەر بەو چالاکی و هێرشانەی کە بە شێوەی شەڕی پارتیزانی لە ناوچە جیاوازەکان دژی هێزەکانی حکوومەت بەردەوام بوو، لەوانە لێدانی ڕەبایە و بارەگا سەربازییەکان و دانانی کمین لەسەر ڕێگاکان، کە بێگومان بووە هۆی زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵی بۆ هێزە سەربازییەکانی عێراق لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە حکوومەتی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە کە هەمیشە هەستی بە ئاسوودەیی نەکردبێت. چونکە لق و لێژنە ناوچەییەکان و ڕێکخراوەکان و هێزی پێشمەرگە بە جۆرێک بەسەر ناوچەکاندا دابەش کرابوون کە هەر یەکەیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیدا چالاک بوون.
هێرشەکانی سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە سنووری هەردوو دهۆک و زاخۆ بۆ سەر بارەگا و پێگەکانی پێشمەرگە بەردەوام بوو، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٨٦، ناوچەی دهۆک بە سەرکردایەتی شۆڕشی ڕاگەیاند کە حکوومەت هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی زاخۆ چڕتر کردووەتەوە و دەستی بەسەر بارەگای ناوچەکەدا گرتووە، و فڕۆکەکان بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچەکە، شایەنی باسە هێزی پێشمەرگە بەرگرییان کرد و لە بەرامبەر هێزەکانی حکوومەتدا سەنگەریان گرت، بەتایبەت پێشڕەوی چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاشەکان) و هێرشەکانیانی لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ تێکشکاند.
هێرشەکانی سوپای عێراق و هێزە چەکدارەکانی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش ئەوەی دەرخست کە حکوومەت هەمیشە هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو کوردستاندا بسەپێنێت و شۆڕش لە هەموو ناوچەکان کپ بکات و چالاکییەکانی پەک بخات.
سەرچاوەکان:-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
شیمال زێباری، هندەک ڕاستیێن ڤەشارتى د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥.
-
حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەرىیدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.


