لە ساڵی ١٩٤٦ مستەفا محەممەد عەبدولڕەحمان حوسێن ئاغا پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرد. لە ساڵی ١٩٦٤ لە کۆنگرەی شەشەمدا بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لەو ساڵەشدا بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان. لە کوردستان لە ساڵی ١٩٦٤ گەیشتە پلەی سکرتێری یەکەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان.

ژیاننامە

مستەفا محەممەد عەبدولڕەحمان حوسێن ئاغا، ناسراو بە مستەفا قەرەداغی، مستەفا حەمە ئاغای عەبدولڕەحمان ئاغا، سالار، سالار مستەفا قەرەداغی. لە ساڵی ١٩٢١ لە سلێمانی لەدایکبووە. ئەوان چوون بۆ قەڵاچوالان کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو، لەلایەن میرانی بابانەوە دەسەڵاتی ناوچەی قەرەداغیان پێبەخشرا، بۆیە ناوەکانیان پەیوەندی بەمەوە هەیە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قەرەداغ تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤٣ لە سلێمانی دواناوەندی تەواو کردووە. هەروەها لە ساڵی ١٩٤٤ وەک فەرمانبەری گرێبەست لە فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی دامەزراوە. پاشان لە ساڵی ١٩٤٥ لە بەشی یاسای کۆلێژی یاسای شاری به‌غدا وەرگیراوە، بەڵام زوو وازی هێناوە و بۆ خوێندن چووەتە بەیروتی پایتەختی لوبنان. لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ مەبەستی خوێندن چووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەروەها لە ساڵی ١٩٥١ بڕوانامەی ماستەری لە ئابووری لە زانکۆی بێرکلی لە سانفرانسیسکۆ لە کالیفۆرنیا بەدەستهێناوە. جگە لەوەش، لە ساڵی ١٩٥٢ بڕوانامەی ماستەری لە کۆمەڵناسی لە زانکۆی سانفرانسیسکۆ (ویلایەتی کالیفۆرنیا) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستهێناوە.

لە ساڵی ١٩٥٦ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەجێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەکەی. لە ساڵی ١٩٥٦ وەک مامۆستا لە ئامادەیی بازرگانی شاری به‌غدا دامەزراوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٥٧ مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە لە ئامادەیی سلێمانی. لە ساڵی ١٩٥٨ بە ناوی سالار کتێبێکی بە ناونیشانی زمان چۆن پەیدا بوو؟ نووسیوە و وەک سالار مستەفا قەرەداغی شانۆگەرییەکی بە ناونیشانی ئاوات نووسیوە. لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩ وەک ئەندامی دەستەی گشتی یانەی سەرکەوتن لە شاری به‌غدا هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٧٣ وەک پەنابەر ڕووی لە ڕۆمانیا کردووە. بە باشی زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی زانیوە.    

لە ٨ی نیسانی ٢٠٠٤ لە واشنتۆن دی سی کۆچی دوایی کردووە. تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ باشووری کوردستان و بەپێی وەسیەتەکەی لە ١٦ی نیسانی ٢٠٠٤ لە گردی گۆمەزی ناوچەی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی بە خاک سپێردراوە.

تۆماری خزمەت

لە ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندی بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) کردووە، لە ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە، هەروەها لە ساڵی ١٩٥٣ پەیوەندی بە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە. لە ٥ی ئایاری ١٩٥٥ بە فەرمانێکی شاهانە وەک مامۆستا لە پۆلە ناوەندییەکان لە پلەی دووەمی کارگێڕی دامەزراوە. لە ١٠ بۆ ١٦ی ئابی ١٩٥٦ بەشداری لە یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ وەک یەکەم سکرتێر و بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەستنیشانکراوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٥٩ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نەورۆز بووە. لە ساڵی ١٩٦٠ نوێنەر بووە لە کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە ساڵی ١٩٦٠ دوو کتێبی لە شاری به‌غدا بە ناوەکانی (هەندێک تیۆری زانیاری) و (کچانی میر) بە نازناوی (مچا) بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٠ وەک سکرتێری دووەم لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لاگۆس دەستنیشانکراوە. لە ساڵی ١٩٦١ کونسوڵی کۆماری عێراق بووە لە چیکۆسلۆڤاکیا. پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢ سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی عێراق بووە لە لاوس. لە هەمان ساڵدا سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی عێراق بووە لە نێجیریا. هەروەها لە ساڵی ١٩٦٢ بە داوای مستەفا بارزانی پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمه‌رگه کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢ وێستگەیەکی ڕادیۆیی بۆ شۆڕشی ئەیلوول لە ڕێگەی ئێرانەوە هێناوە. لە ساڵی ١٩٦٣ جێگری فەرماندەی فەوجی کەرتی یەکەمی ڕووباری ڕێزان بووە. لەلایەن سوپای عێراقەوە بە (ئەبو چەفنا) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی لەگەڵ دەیڤید ئادەمسی ڕۆژنامەنووسی بەریتانی لە ساندەی تێلەگراف هەبووە. لە ساڵی ١٩٦٣ ئەندامی شاندی کوردی بووە بۆ سەردانی جەمال عەبدولناسر (١٩١٨-١٩٧٠) کە سەرۆکی میسر بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان (کۆنگرەی شەشەم) و لەلایەن مستەفا بارزانییەوە هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە هەمان ساڵدا سکرتێری یەکەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بووە لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی لیژنەی دەستووری مەکتەبی تەنفیزی. لە ساڵی ١٩٦٥ بووەتە سکرتێری مەکتەبی تەنفیزی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی ١٩٦٥ لە باوەخۆشێنی دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی بە هەڵە لەلایەن پێشمەرگەیەکی حزبی شیوعی عێراقەوە بریندار کراوە. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٦ لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە هەموو پلەکانی لێسەندراوەتەوە و لە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵپەسێردراوە و چارەنووسی کاری سیاسییەکەی بۆ کۆنگرەی حەوتەم بەجێهێڵراوە. لە ساڵی ١٩٦٧ وەک سەرۆکی چاودێران لە وەزارەتی بازرگانی کۆماری عێراق دەستنیشانکراوە. لە ساڵی ١٩٧٠ بە پلەی (قائم بەئەعمال) گەڕاوەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە جاکارتا بۆ کارکردن. لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢ وەک وەزیری ڕاسپێردراو لە باڵیۆزخانەی عێراق لە جاکارتا دەستنیشانکراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ وەک باڵیۆزی عێراق لە پاریس دەستنیشانکراوە، بەڵام دواتر دەستنیشانکردنەکەی هەڵوەشاوەتەوە. لە ساڵی ١٩٧٥ و ١٩٧٦ لەلایەن دەزگای هەواڵگری حکومەتی عێراقەوە هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، بەڵام لە تیرۆرکردنەکە ڕزگاری بووە. لە ساڵی ١٩٧٨ ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە. لە ساڵی ١٩٨٩ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەرهەمەکانی:

١. زمان چۆن پەیدا بوو؟ - ١٩٥٨.

٢. ئاوات - ١٩٥٨

٣. کچانی میر - ١٩٦٠، (وەرگێڕان).

٤. هەندێک تیۆری زانیاری - ١٩٦٠

٥. کوردستان تایمز – ١٩٩٠

سەرچاوەکان:
  1. ئـه‌رشیفی پارتی دیموكراتی كوردستان، فایلی ژماره‌ FB-٣٢، ٩ حوزه‌یرانی ٢٠١٧ز، ل ل ١ـ ٤.