ژیاننامە

محەمەد خورشد تۆفیق، بە دکتۆر محەمەد خورشد ناسراوە، لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٦٦ لە کەرکووک لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی کرد بۆ ئێران، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ئێران تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی کوردستان گەڕایەوە کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ بەشی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی تەواو کرد.

لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٠٧ لە ڕێکخراوی (NDI) بەشدار بوو و پسپۆڕیی کاروباری دانوستاندنی وەرگرتووە، لە ١٢ی تەمموزی ٢٠٠٨ لە زانکۆی سەلاحەدین بڕوانامەی ماستەری لە بەشی یاسای کارگێڕی بە ناونیشانی (بەرپرسیارێتی کارگێڕی لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانەکانی تیرۆر) وەرگرت، لە ١٤ی شوباتی ٢٠١٥، دکتۆراکەی لە فەلسەفەی یاسای گشتی لە زانکۆی سەلاحەدین بە ناونیشانی (دڵنیاییکردنی ماف و ئازادییە گشتییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵی کارگێڕی) وەرگرت. زمانەکانی عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی دەزانێت.

خەباتنامە

محەمەد خورشد تۆفیق, لە ٢٨ی ئاداری ١٩٨٦ بۆ یەکەمجار تێکەڵی ڕیزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بوو، لە کۆمیتەی ناوچەی شوان لە لقی ٣ی کەرکووک بوو بە پێشمەرگە، لە ساڵی ١٩٨٨ دەبێتە فەرماندەی یەکەی کۆمیتەی ڕێکخستنی شێخ بزێنی سەر بە کۆمیتەی ناوچەی شوان، لە ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٢ بەشداری خولی نۆیەمی پەیمانگای کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو و لە ناو دە یەکەمەکانی ئەم خولەدا جێی گرت، لە ساڵی ١٩٩٢ بووە ئەندامی بەشی ڕێکخستنی لقی ٣ی کەرکووک، لە ساڵی ١٩٩٤ بوو بە جێگری بەرپرسی کۆمیتەی ناوچە لە ناو بارەگای لقی سێیەمی کەرکووک، لە ساڵی ١٩٩٥ بوو بە ئەندامی لقی ٣ی کەرکووک، لە ساڵی ١٩٩٦ بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی شوان لە لقی سێیەمی کەرکووک، لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی خانەقین لە لقی ٣ی کەرکووک، لە ساڵی ٢٠٠٢ وەک بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی چەمچەماڵ لە لقی کەرکووک دەستنیشانکرا، لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە کارگێڕی لق و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن لە لقی سێیەمی کەرکووک، لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک چاودێری کۆمیتەی ناوچەی دووبز لە لقی سێیەمی کەرکووک دەستنیشانکرا، لە ساڵی ٢٠١٠ بوو بە جێگری لقی سێیەمی کەرکووک، لە ساڵی ٢٠١١ وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیان دەستنیشانکرا و بوو بە بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنەکە، لە ساڵی ٢٠١٧ بەرپرسیارێتی لقی ٣ی کەرکووکی وەرگرتووە.

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە چیاکان لە چەند شەڕێکدا بەشدار بووە و دوو جار بریندار بووە، لەو شەڕانە: ١٩٨٧: دانانی کەمینێک بۆ سەربازانی سوپاى عێراق لە نێوان چەمچەماڵ و تەکیە، ١٩٨٨ - شەڕی سەر ڕێگای نێوان قەرەهەنجیر و چەمچەماڵ، لە هەمان ساڵدا لە دەڤەری ڕەزگە شەڕ و گرتنی بنکەیەکی سەربازی، لە ساڵی ١٩٨٩ گرتنی بنکەیەکی سەربازی لە بەرگەسر، دوای ڕاپەڕینی کوردستانیش بەشداری چەندین شەڕی ڕزگارکردنی کوردستان بووە، لە ٨ی ئاداری ١٩٩١ شەڕی بانی مەقان و لە ١٠ی ئاداری ١٩٩١یش گرتنی قەرەهەنجیر، لە ڕۆژی ٢٠ - ٢١ ئاداری ١٩٩١، ئازادکردنی کەرکووک، لە ٢٥ی ئاداری ١٩٩١ بارەگای خالید و ٢٨ی ئاداری ١٩٩١یش شەڕی بەرگری لە بارەگای فەیلەق.

بەشداری شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە بەرەی کەرکووک بووە، وەک شەڕی گوندی خەرابەرووت لە بەرەی ڕۆژئاوای کەرکووک لە ساڵی ٢٠١٤، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ شەڕی باشووری کەرکووک و لە ٩ی شوباتی هەمان ساڵ شەڕی تەق تەق، لە ٩ی نیسانی ٢٠١٥ بۆ ڕزگارکردنی گوندەکانی ئیسماعیل ئاوا هەتا مەلا عەبدوڵڵا، لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٥ ئازادکردنی گوندەکانی سەعد، خالید، ئەتشانەی بەرەی داقووق، لە ١١ی ئەیلوول، ئازادکردنی گوندەکانی کاکەییەکانی بەرەی داقووق، لە ڕۆژانی ٥ و ٢٦ی نیسانی ٢٠١٦ شەڕی ناوەندی کۆمیتەی ناوچە لە دۆز، لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، وەڵامدانەوەی هێرشێکی چەکدارانی داعش لە کەرکووک.

ئەندامی کۆنگرەکانی ١١، ١٢ و ١٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو، لە کۆنگرەی ١٤دا وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) هەڵبژێردرا، لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٣ بوو بە یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان.

لە بەرهەمەکانی:

زۆر لێکۆڵینەوەی یاسایی و مێژوویی هەیە و سێ بەرهەمی وەک کتێب چاپ کراون:

  • دەستپێکێک بۆ تێگەیشتن لە هەڵبژاردنەکان، ٢٠٠٢، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە وەک بەرنامەیەکی قوتابخانەی ناوەندی دەخوێندرێت.
  • بەرپرسیارێتی کارگێڕی لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانەکانی تیرۆر، ٢٠٠٣.
  • دڵنیاییکردنی ماف و ئازادییە گشتییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵی کارگێڕی، ٢٠١٥.
سەرچاوە:

- ئەرشیفی کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.