فارس حەمەد باوە لە ساڵی ١٩٣٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٥٦دا دەستگیر دەکرێت و لە زیندانی کەرکووک لەسەر دەستی شاعیری گەورەی کورد عەبدوڵڵا گۆران و کادرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان عەبدوڵڵا ئیسماعیل ئەحمەد ناسراو بە مەلا ماتۆر فێری خوێندن دەبێت، لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٥ لە پیرمام کۆچی دوایی کرد و سەرەتا لە گۆڕستانی پیرمامی پارێزگای هەولێر بە خاک سپێردرا و پاشان لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئاداری ١٩٩٧ بە مەراسیمێکی ڕێزلێنانەوە بردیانە گوندی پیرداود سەر بە پارێزگای هەولێر و بۆ جاری دووەم لە گۆڕستانی گردی پیرداود - هەولێر بە خاک سپێردرا. زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانی.
خەباتنامەفارس حەمەد باوە لە ساڵی ١٩٥٦ لە زیندانی کەرکووک دەستگیرکرا و پاش کودەتای ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ ئازاد کرا، لە ساڵی ١٩٥٨دا چووە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٦٣دا چووە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و لە هەمان ساڵدا بوو بە سەرپەلی پێشمەرگە و بەشداری شەڕی دارخورما لە پارێزگای هەولێر و شەڕی گوندی قەشقەی پارێزگای هەولێر لە دژی هێزەکانی پاسەوانی نەتەوەیی کردووە، لە ١٨ی ئاداری ١٩٦٣ وەک فەرماندەی پێشمەرگە نوێنەری کۆنگرەی کۆیە (یەکەمی گەل) لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر بوو.
لە حوزەیرانی ١٩٦٣دا بەشداری شەڕی سپیلک لە پارێزگای هەولێر بە فەرماندەیی کۆلۆنێل کافی نەبەوی لە دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای دووەمی عێراق کردووە، لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ سەرلیوای دووەم لە بەتالیۆنی دووەمی هێزی سەفین لە لەشکری دووەم ئەرکدار کرا، لە ساڵی ١٩٦٥ وەک فەرماندەی بەتالیۆنی یەکی دەشتی هەولێر لە هێزی سەفین ئەرکدار کرا، لە ئایاری ١٩٦٥ وەک فەرماندەی بەتالیۆنی یەکی دەشتی هەولێر بەشداری داستانی چیای سەفینی کرد، لە ٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٥ بەشداری وەڵامدانەوەی هێرشی سوپای عێراق دەکات و فەرماندەیی شەڕی شەش عەلی (شەڕی شەڕخە)ی کرد و سەرکەوت، لە ساڵی ١٩٦٦ وەک فەرماندەی بەتالیۆنی دووەمی دەشتی هەولێر بەشداری شەڕی سەفین دەکات، لە ساڵی ١٩٦٨ بووە فەرماندەی هێزی دەشتی هەولێر.
لە ساڵی ١٩٦٨دا بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدبوونی ٢ پێشمەرگە لە داستانی شاخۆلان، بنکەی سوپای عێراقی لە هەولێر تۆپباران کرد و بنکەکانی گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانی لە ناو شاری هەولێر وێران کرد، لە ١ی ئاداری ١٩٦٩ یەکێک بوو لە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنی بابەگوڕگوڕ کە هێرشی کردبووە سەر کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، لە ئابی ١٩٦٩، بەرپەرچی هێرشی هێزەکانی عێراق و چەکدارانی گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد جەلال تاڵەبانی دایەوە کە هێرشیان کردبووە سەر ناوەندی هێزی دەشتی هەولێر و توانی پێچەوانەیان بکاتەوە و ناچاریان بکات لە شەڕ پاشەکشە بکەن، لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی هەشتەمەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی ١٩٧٠، ئەو لە ستافی دوازدەهەم بۆ بەرپرسیارێتی کۆمیتەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشانکرا، پاش پەیماننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ دەستی بە دروستکردنی گەڕەکی شەهیدانی سێتاقان بۆ شەهیدانی هێزەکانی دەشتی هەولێر کرد، لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٧١، لەلایەن ئەنجومەنی شۆڕشی عێراقەوە پلەی کاپتنی پۆلیسی کاتی پێ بەخشرا، لە ساڵی ١٩٧١ فەرماندەی بەتالیۆنی ١١ی دەربەندی گۆمەسپانی پاراستنی سنوور بوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە کۆشکی ئاشتی لە شارۆچکەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) پێشوازییان لە شاندێکی پارتی یەکگرتووی سۆسیالیستی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی پاوڵ فێرنەر کرد و پرسی ئاشتیی عێراق و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد، لە ساڵی ١٩٧٤ فەرماندەی هێزی سەفین بوو، لە ساڵی ١٩٧٤ فەرماندەی شەڕی گێڕەڕەش بوو، لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٧٤ یەکێک بوو لە فەرماندەکانی شەڕی ماکۆکی پارێزگای هەولێر، کە پێشمەرگە لەوێ سوپای عێراقی تێکشکاند، لە ساڵی ١٩٧٥ پاش هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی بۆ ئێران کرد، لە ساڵی ١٩٧٨ گەڕایەوە باشووری کوردستان و لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٧٨ لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراقەوە لێبوردنی بۆ دەرچوو، لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری سەرھەڵدانی باشورە کوردستان دەکات.
سەرچاوە:-
ئەرشیڤی دەستەی ئەنسیکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
-
تەرمەکەی فارس باوە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە ٢٢٨٩، هەولێر، دووشەممە ١٠.٠٣.١٩٩٧، ل ٤.
-
ئەسعەد ئەدۆ، شەڕی شەش عەلی یان شەڕی شەڕخە، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان-یەکگرتوو، ژمارە ١٧٦٥، هەولێر، شەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣، ل ٦-٧.
-
حەبیب محەمەد کەریم، کەرکووک و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، گۆڤاری گوڵان ئەلعەرەبی، ناوەندی ڕۆشنبیریی گوڵان، ژمارە ٧٠، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٣١.٠٣.٢٠٠٢، ل.٣٩.
-
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، چێشتی مجێور، (پاریس، ١٩٩٧)، ل. ٤٠٩-٤١٠.
-
میگی عێراقی دژی کورد شەڕیان کرد، ڕۆژنامەی ئیتلاعات، ژمارە ١٤٣٧٠، تاران، پێنجشەممە، ١٥ی نیسانی ١٣٥٣ی هەتاوی، ل. ١، ٤.
-
بەڕێز بارزانی هیواکانی خۆی بۆ شاندی میوانی ئەڵمانی دەردەبڕێت، ڕۆژنامەی ئەلتەخی، ژمارە ١٠٦٧، بەغدا، چاپخانەی تایمز، پێنجشەممە، ٢٢.٠٦.١٩٧٢، ل.١.
-
کورد دوو فڕۆکەی جەنگیی عێراقییان خستە خوارەوە، ڕۆژنامەی ئیتلاعات، ژمارە ١٤٣٥٦، تاران، شەممە ٢٥ی ئاداری ١٣٥٢ی هەتاوی، ل. ١٧.
-
شەکیب ئەتروشی، ساڵانی تەنگانە لە کوردستان، گرنگترین ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان لە کوردستان و عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ تا ١٩٨٠، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی منارە - ٢٠٠٧)، ل. ١٩١.
-
بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ژمارە ٧٤، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، وەزارەتی ڕاگەیاندنی عێراق، ژمارە ١٩٦٠ ئەی، بەغدا، دووشەممە، ١ی شوباتی ١٩٧١، لاپەڕە ١.
-
بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ژمارە ٩٩، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، وەزارەتی داد، ژمارە ٢٦٣٦، بەغدا، دووشەممە، ٠٦.٠٢.١٩٧٨، ل.١٠.
-
ئەگەر بمرم، من مەگەڕێننەوە بۆ هەولێری داگیرکراو!، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٢١٢٣ و ٢١٢٤، شەممە ٢٢.٠٤.١٩٩٥، ل ٨.
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٢)، ل. ٢٠٩، ٢٥٣.


