عەبدوڵڵا عیسا لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی شێتنی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ کایسینا نوری سەعید ئەحمەد هاوسەرگیری کردووە.
خەباتنامەعەبدوڵڵا عیسا لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلی قەتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و پاش ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕیوەتەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکاوی دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە ٨ کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوکی نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێدا.
لە ئاداری ساڵی ١٩٤٩ ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکان کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
پاش هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە ساڵی ١٩٥٨ حکوومەتی کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە ڕێگەی بەندەری ئۆدێسا بە کەشتیی گیرۆزیا پەڕینەوە بۆ دەریای ڕەش و لە تەنگەی مەرمەرەوە هاتنە دەریای ناوین و بە ڕێگەی تەنگەی سوێس و دەریای سوور لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ گەیشتنە بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق، لەلایەن گەلی کورد و عەرەبەوە وەک قارەمانێک پێشوازییان لێ کرا و پاشان گەڕایەوە کوردستان.
لە شۆڕشی ئەیلوول دا بەشدار بوو و بەشداری شەڕەکانی کردووە. لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٨١ لە سلێمانی لەسێدارە درا.
سەرچاوە:- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە بۆ سۆڤیەت، چاپی ١، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١).
- لە یادەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان زاخۆیی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


