لە ساڵی 1920 لە گوندی بابکێی سەر بە ناحیەی پیران لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای ئەوەی چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵی هەیە.
عەبدولڕەحیم عەبدوڵڵا دوای گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت، لە ساڵی 1959 لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر کاری کردووە، دوای تێکچوونی شۆڕش و ئاوارەبوونی بۆ ئێران، لە ساڵی 1976 گەڕایەوە باشووری کوردستان و لە کانی قڕژاڵە نیشتەجێ بوو، پاشان چوو بۆ شاری کەڵەک، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ڕووسی شارەزا بوو، لە 13ی کانوونی دووەمی 2005 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی بابکێ بە خاک سپێردرا.
خەباتنامەلە ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بەرزانەوە کردووە و بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، لە 19ی ئابی 1945 بە بڕیاری دادگای عورفیی سەربازیی عێراق سەرجەم موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی دەستی بەسەردا گیرا.
دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بەرزان لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پەڕییەوە ڕوژههلاتی کوردستان، لە 31ی ئازاری 1946 لە نێو هێزەکانی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بوو بە پێشمهرگه و لە شەڕەکانی بەرەی سەقزی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشدار بوو.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژههلاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، یەکێک بوو لەو پێشمهرگانەی کە لە 19ی نیسانی 1947 لە ڕێگەی (خواکورک و دەشتی بەرازگر) بە نێو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرزۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچن بۆ سۆڤیەت، لەوێ سەرجەم هاوڕێکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت بەڕێکەوت و لە شەڕی گەلی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زەحمەتییەکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و سەرجەم هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێ درا و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر مەشقی سەربازییان ئەنجام دەدا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچیک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان درێژە پێ دا.
لە ئازاری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر بە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 چوو بۆ شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی خاڵەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی خاڵی 10 و خاڵی 11ی یاسای گۆڕانکاری ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو و بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، لە ساڵی 1975 دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر چوو بۆ ئێران، لە ساڵی 1991 بەشداری لە ڕاپەڕین کردووە.
سەرچاوە:-
حەیدەر فارووق ئەلسامەڕائی، ضیاء جعفر ودوره السياسي والاقتصادي في العراق، (لەندەن – دارالحکمة - 2016ز).
-
شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
-
ئەحمەد فارووقی، سەردار دانا ژیان و خەباتەکانی مەرحووم مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
-
عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بەرزان لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
-
عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
-
کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
-
گۆڤاری هەتاو، ژمارە 154، ساڵی 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، یەکشەممە، 15.04.1959.
-
لە یادی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - 1997).
-
لەیث عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبێدی، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (شاری بهغدا - دارالرشید للنشر - 1979ز).
-
مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
-
نەجەف قوڵی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی حزب دیموکراتی کوردستان - 1996).
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.


