عەبدولڕەحیم جەعفەر لە ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی پێندیرۆی ناحیەی شێروانی مەزنی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٢ ئەو و بنەماڵەکەی کۆچیان بۆ تورکیا کردووە و دواتر لەگەڵ بنەماڵەی بارزانییەکان گەڕاونەتەوە باشووری کوردستان.
خەباتنامەعەبدولڕەحیم جەعفەر لە ساڵی ١٩٤٥ تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان دەبێت و بەشداری شەڕەکان دەکات، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە بڕیاری دادگای عورفیی عەسکەریی عێراق هەموو ماڵ و موڵکەکانی دەستیان بەسەردا گیرا.
دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ پەڕییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە مەهاباد لە هێزەکانی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان بووە پێشمهرگه و لە شەڕەکانی بەرەی سەقزی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشدار بووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداری شەڕی نەغەدە و شەڕی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، هەروەها یەکێک بووە لەو پێشمهرگانەی کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بە ڕێگای خواکورک و دەشتی بێرزگر بە ڕێگای خاکی باکووری کوردستان گەڕانەوە دەڤەری شێروان و مزووریان.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی ئەڕۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچنە سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا کە بەردەوام بن و بچنە یەکێتیی سۆڤیەت، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لە دەستپێکی ڕێپێوانەکەیان بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت لە گوندی دێرێ لە ئەنجامی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بریندار دەبێت و دوای چارەسەری سەرەتایی لە هاوڕێکانی دانابڕێت و ڕێگاکەی درێژە پێ دەدات.
لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە یەکێتیی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران.
لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێ دان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە ٨ کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان کرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێ دا.
لە ئازاری ساڵی ١٩٤٩ ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و دواتر پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتیی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی بڕگەکانی ٣ و ٧ و بەشی (أ)ی بڕگەی ١٠ و بڕگەی ١١ی یاسای گۆڕانکاریی ساڵی ١٩٥٩ بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦٠ شەش مانگ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەستبەسەر دەکرێت، لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری شۆڕشی ئەیلوول دەکات، بەشداری شەڕی نەهلێ دەکات و لەم شەڕەدا بریندار دەبێت، بەشداری شەڕەکانی گەلی سپی، ئاڤگەنی، عەینزالە و چیای مەتینی کردووە.
جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی هێزەکانی هەڵگورد بوو و بەشداری شەڕی دوکانی کردووە، لە ساڵی ١٩٦٩ جێگری فەرماندەی هێزی کاوە بوو و لە پاییزانی هەمان ساڵدا بەشداری هێرشی سەر کەمپی سوپای عێراقی کرد، لە ساڵی ١٩٧٠ بوو بە فەرماندەی هێزەکانی حەمرین لە ناوچەی سورچییان.
لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، وەک پەنابەر چوو بۆ ئێران و لە کەمپی زێوە نیشتەجێ بوو و پاشان بۆ شاری ئەسفەهان گواسترایەوە و دواتریش لە شاری شەهرەزا نیشتەجێ بوو، لە ساڵی ١٩٨٠ وەک فەرماندە بەشداری شۆڕشی گوڵانی کرد، لە ١ی ئەیلوولی ١٩٨٣ لە چیای قەندیل شەهید بووە.
سەرچاوە:-
پێشمهرگه دێرین مام قادر گۆران، گۆڤاری دەنگی پێشمهرگه، ئۆرگانی مەکتەبی ڕێکخستنی پێشمهرگه، ژمارە ١٦٧، پیرمام، چاپخانەی چاندی، شوبات ٢٠١٢.
-
حەمید گەردی، کورتەی مێژوونووسی، چاپی یەکەم، (هەولێر - وەشنگەی ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٤).
-
حەمید گەردی، ڕۆژی کوردی لە مێژوودا، چاپی یەکەم، (هەولێر - بەڕێوەبەرایەتیی چاپخانەی چاندی - ٢٠٠٥).
-
حەیدەر فارووق ئەلسامەڕایی، دیا جەعفەر و ڕۆڵی سیاسی و ئابووریی ئەو لە عێراق، (لەندەن - دار ئەلحیکمە - ٢٠١٦).
-
سیامەند مەحموود سێلکی، کاروانی سەرفەرازی، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی پاک - ٢٠٠٦).
-
شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
-
هێزەکانی گروپی ئەنسار، کادر، ئۆرگانی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی)، ژمارە ٢٩، هەولێر، چاپخانەی خەبات، ئەیلولی ١٩٩٢.
-
کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتی سۆڤیەت، چاپی ١، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١).
-
لە بیرەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی دا، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی چاندی - ١٩٩٧).
-
لەیث عەبدولموهسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراقدا، (شاری بەغدا - وەشخانەی دار ئەلرەشید - ١٩٧٩).
-
م. ئەحمەد محەمەد چیچۆ، بۆ مێژوو لە بیرەوەرییەکانی محەمەد چیچۆ پێندرۆیی دا، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی شەهاب - ٢٠١٠).
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
-
نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی حزب دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).
-
یوسف عەبدولقادر، بۆ شەهیدی سەرکردە حەسۆ میرخان جاجۆکی، گۆڤاری دەنگی پێشمهرگه، ژمارە ١٥٤، کانوونی دووەمی ٢٠١١.
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.


