ژیاننامە

عەبدولڕەحمان یەحیا لە ساڵی 1930 لە گوندی بیێی سەر بە ناحیەی شێروانی مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە یەکێتیی سۆڤیەت خوێندوویەتی و لە زانکۆی ڤریڤیسکی لە بواری کشتوکاڵدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، هەر لە یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ هوری لیزکی فیری عەبدولڕەحمان هاوسەرگیری کردووە، دوو کوڕ و دوو کچیان هەبووە، دوای ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت گەڕایەوە، لە ساڵی 1959 لە ئۆفیسی کشتوکاڵی شەقڵاوە کاری کردووە، لە ساڵی 2016 کۆچی دوایی کردووە.

خەباتنامە

عەبدولڕەحمان یەحیا لە 11ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1945 دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بەرزان پەڕییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە ناو هێزی بارزانیی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد وەک پێشمه‌رگه کاری کردووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقزی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشدار بووە.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان، بەشداری شەڕی نەوسوود، نەغەدە و شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، هەروەها یەکێک بوو لەو پێشمه‌رگانه‌ی کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەرەزگێڕ بە ناو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە بۆ دەڤەری شێروان و مزووریان.

دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرقۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچن بۆ سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زۆر ماندووبوون و ناڕەحەتی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەوروبەری بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجاندا ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان ئەنجام دا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازییان بەردەوام کرد.

لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.

دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی بڕگەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی بڕگەی 10 و بڕگەی 11ی یاسای هەموارکردنەوەی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.

لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو و دوای هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975 وەک پەنابەر چوو بۆ ئێران و لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بوو و پاشان بۆ شاری گۆرگان لە پارێزگای مازەندەران گواسترایەوە، دوای سوودوەرگرتن لە لێبووردنی گشتی گەڕایەوە قەسری شیرین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە عێراق، دوای گەڕانەوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق گواسترایەوە و لە ڕومادی نیشتەجێ بوو و لە ساڵی 1977 گەڕایەوە هەولێر.

عەبدولڕەحمان یەحیا لە ساڵی 1981 خانەنشین بوو، لە ساڵی 1983 لە کاتی ئەنفالی بارزانییەکان بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست حکوومەتی عێراق خۆی شاردەوە، دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 و لە کۆڕەوی 31ی ئاداری هەمان ساڵ وەک پەنابەر ڕووی کردە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاشان گەڕایەوە باشووری کوردستان، لە 16.12.2010، لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بەهۆی خەبات و بەرخۆدانی لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، ڕێپێوانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی بە میدالیای بارزانیی نەمر خەڵات کرا، لە ڕۆژی 5ی شوباتی 2016 بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە:
  1. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
  2. عومەر فارووقی، ڕێبەری ژیر بۆ ژیان و خەباتی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، چاپی 2، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
  3. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بەرزان لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
  4. کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
  5. گۆڤاری هەتاو، ژمارە 154، ساڵی 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، 15.04.1959.
  6. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
  7. نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).
  8. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.