ژیاننامە

عەبدولڕەحمان عەلی یونس لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی زێوەی سەر بە ناوچەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ باشووری عێراق دوورخرایەوە و لەوێ ژیا، لە ساڵی ١٩٧٧ لە باشووری عێراق کۆچی دوایی کرد، بە هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی قسەی دەکرد.

خەباتنامە

عەبدولڕەحمان عەلی یونس لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی زێوەی سەر بە ناوچەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ مستەفا بارزانی چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و بەشداریی شەڕی گەلیی قەتور و شەڕی پردی ماکۆ بووە و دوای ماندووبوون و زەحمەتییەکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراسەوە لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجاندا ڕۆژانە ٨ کاتژمێر مەشقی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان درێژە پێ دا.

لە ئاداری ١٩٤٩ ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکان کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی خاڵەکانی ٣ و ٧ و بڕگەی (الف)ی خاڵی ١٠ و خاڵی ١١ی یاسای گۆڕانکاریی ساڵی ١٩٥٩ بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.

لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول دەکات و بەشداریی شەڕەکان بووە، دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوورخرایەوە، لە ساڵی ١٩٧٧ لە باشووری عێراق کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە:
  1. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).

  2. کاروان محەممەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی ١، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١).

  3. لە یادەوەریی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).

  4. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).

  5. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.