ئەفسەر و سیاسەتمەدار، عیزەت عەبدولعەزیز عەبدوللەتیف مەحموود کەتانی، لە ساڵی ١٩٣٩دا ئەندامی کۆمەڵەی دارکەر و ئەندامی پارتی هیوا بووە. لە ساڵی ١٩٤٤دا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە ئەفسەری پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشی دووەمی بارزان لە ناوچەی بلێ دەستنیشان کراوە. لە بەشداربووانی شۆڕشی دووەمی بارزانە (١٩٤٣ - ١٩٤٥). لە ساڵی ١٩٤٥دا لە دەستەی دامەزرێنەرانی لێژنەی ئازادییە. هەمان ساڵ بەرپرسی بەرەی بەرگریی شۆڕشی دووەمی بارزان بووە لە بەرەی ڕۆژاوا (ئامێدی). لە ساڵی ١٩٤٦دا لە بەشداربووانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد و بە پلەی سەرهەنگ (عەقید روکن). هەمان ساڵ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد (پارتی دیموکراتی کوردستان) بووە.
ژیاننامەعیزەت عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩١٢دا لە شاری ئامێدیی سەر بە پارێزگای مووسڵی ئەو کات و دهۆکی ئێستا لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری ئامێدی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٣٥دا چووەتە کۆلێژی سەربازیی شاری بهغدا و بە پلەی جێدار (ملازم) تەواوی کردووە. لە ساڵی ١٩٤٣دا بە پلەی پێشڕەو (رائد روکن) لە کۆلێژی ئەرکان لە بەشی تۆپخانە دەرچووە. لە بەشی تۆپخانەی سەربازگەکانی بهغدا و مووسڵدا خزمەتی کردووە. لە ساڵی ١٩٣٩دا لە کۆمەڵەی دارکەر و پاش دامەزراندنی چووەتە ناو ڕیزەکانی پارتی هیوا و یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی ئەو لە دهۆک و مووسڵ بووە.
خەباتنامەلە ساڵی ١٩٤٤دا لەلایەن حکوومەتی پاشایەتیی عێراق و لە کاتی دانوستاندن لەگەڵ شۆڕشی دووەمی بارزان بە ئەفسەری پەیوەندی لە ناوچەی بلێ دەستنیشان کراوە. هەمان ساڵ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشگێڕانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە دەکات. لە ساڵی ١٩٤٥دا لە دەستەی دامەزرێنەری لێژنەی ئازادیی بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) بووە. لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی ١٩٤٥دا لە کۆبوونەوەی لێژنەی ئازادیدا عیزەت عەبدولعەزیز بە فەرماندەی بەرەی بەرگریی ڕۆژاوا و ئامێدی دەستنیشان کراوە. نیسانی ١٩٤٥دا ئەندامی لێژنەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی پاشایەتیی عێراق و کاربەدەستانی ئینگلیز (بریتانیا) لە عێراق بووە. ٣٠ی نیسانی ١٩٤٥دا لێژنەی ئازادی لەسەر داوای حکوومەتی پاشایەتیی عێراق بۆ خۆدوورخستنەوە لە پێکدادان و شەڕ بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو سوپای عێراقی داوە. لە ٧ی ئایاری هەمان ساڵ و پاش گەڕانەوە بۆ ناو سوپای پاشایەتیی عێراق بەهۆی بەشداری لە شۆڕشدا ڕەوانەی دادگای سهربازییان کرد، بەڵام توانی خۆی ڕزگار بکات و جارێکی دیکە هاتە بارزان و لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥دا دادگای سهربازی لەبەر بەشداریکردنی لە شۆڕشی دووەمی بارزان و لە دادگای پاشەمڵە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دا و بڕیاری سێدارەدانیشی بۆ دەرکرد.
لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥دا پاش کۆتاییهاتنی شۆڕشی دووەمی بارزان کۆچبەری ڕوژههلاتی کوردستان بووە. بە بڕیاری سەرکردایەتی و پاش دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕوژههلاتی کوردستان لە شاری مەهاباد پلەکەی بۆ سەرهەنگ (عەقید روکن) بەرز کرایەوە. لە بەشداریکردنی شەڕی بەرگریکردن لە کۆماری کوردستاندا بەشدار بوو هەتا گەڕانەوەی بۆ عێراق و لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٧دا و پاش ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە سنووری گادەر خۆی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە و لە سەرەتادا لەگەڵ ٣ لە هاوڕێکانی ئەوانیان بردە شاری هەولێر و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بهغدا گواسترانەوە و لە دادگایەکی ساختەدا هەمان سزای پێشوویان بەسەردا سەپاندن و هەرچەندە زۆر لە کەسایەتییە کوردەکان لە کوردستانەوە بۆ گۆڕین و سووککردنی ئەم بڕیارە سەردانی بهغدایان کرد بەڵام سوودی نەبوو و ڕۆژێک پاش تێپەڕبوونی مستەفا بارزانی و گەیشتنی بە خاکی یەکێتیی سۆڤیەت لە ناو بەندیخانەی بهغدا و لەبەر چاوی زیندانییە کوردەکان و سروودی کوردایەتی بەرەو سێدارە چوو و لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧دا لە سێدارە درا. تەرمەکەیان بردە شوێنی لەدایکبوونی و لە کانیی سینجێ نزیک شاری ئامێدی بە خاک سپێردرا. فایەق بێکەس (١٩٠٥ - ١٩٤٨)ی شاعیری کورد بۆ بیرەوەریی هەر چوار ئەفسەرە کوردەکە هۆنراوەی قەومی کورد-ی نووسیوە. شاعیری گەورەی کورد تۆفیق (١٨٦٧ - ١٩٥٠) هۆنراوەی کۆستەی نوێ-ی نووسیوە. هەواڵی سێدارەدانی لە ڕادیۆی بهغدا بڵاو کرایەوە و ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی شەهیدان ناو برد.
١ - ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


