لە بەیانی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ سوپای عێراق دژی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕشی کوردستان دەستی بە هێرش کرد و بە هەموو هێزی خۆیەوە هاتە مەیدانی شەڕ و بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی کوردستان پێشڕەوییەکانی بەردەوام کرد، هەندێک لە هێزەکانیان لە ٢٥ی نیسانی ١٩٧٤ لەسەر ڕێگای کەرکووک-سلێمانی پێش ئەوەی بگەنە چەمچەماڵ ویستیان بچنە سەنگاو و دەستی بەسەردا بگرن، یەکینەکانی هێزەکە پێکهاتبوون لە تابیوری ٢ی هێزی ٤ی فیرقەی ٢ی کەرکووک بە هاوکاریی تابیورێک تانک کە پێشەنگی هێزەکە بن، دیارە سوپای عێراق ئاگاداری ئەوە نەبوو کە پێشمەرگەی تابیوری ١ی هێزی ٢ی کەرکووک بەو پەڕی توانایانەوە بەرگری دەکەن.
لە دەڤەری شیوەسوور هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا جێگیر بووبوون، لە پێش پێشڕەویی هێزەکانی عێراق بەربەستێکی کۆنکرێتیی گەورە بوون، هەروەها مینی دژە تانک و دژە مرۆڤیان لەسەر ڕێگای سوپای هێرشبەر جێگیر کردبوو، کاتێک شەڕ دەستی پێ کرد هەندێک تانکی سوپای عێراق بە مین تێکشکێنران، ئەو کات فەرماندەی تابیوری ٢ی پیادە عەمید زیائەدین جەمال فەرمانی دا کە جگە لە کاتی پێویست تانک نەچنە بەرەی پێشەوەی هێرشەکە.
دوای ئەوەی هێزەکانی پیادە هێرشەکەیان بەردەوام کرد، لەناکاو تووشی گولـلەبارانی پێشمەرگە و مین بوون، دوای شەڕ و پێکدادانی ٨ کاتژمێری بەردەوام، سوپای عێراق بە بەرگریی بەهێزی پێشمەرگە شکستی هێنا، زیانی گیانی و ماددیی قورسیان بەرکەوت کە بە دەیان کوژراو و برینداریان هەبوو، یەکێک لە کوژراوەکان پاسەوانی تایبەتی فەرماندەی تابیورەکە بوو، زیانە ماددییەکانیش بریتی بوون لە لەناوبردنی ٦ تانک، ٣ زرێپۆش و زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی، هەروەها زۆر چەکی سووک و مامناوەندیش دەستیان بەسەردا گیرا.
سەرچاوە:
- سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو، ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپی ١، هەولێر، ٢٠٢٢.
- کاروان جەوهەر محەمەد، ئیدریس بارزانی ١٩٤٤-١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا، چاپخانەی هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


