پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، پێشمهرگه و سەرکردە سەربازییەکانی شۆڕش کۆچیان بۆ ئێران کرد، بەڵام ئەمە هەرگیز بە واتای کۆتاییهاتنی خەباتی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان نەبوو و جارێکی دیکە لە پەنابەریدا ئامادەکارییەکانی ڤەژینی شۆڕش لە نوێوە دەستی پێ کردەوە. لە ئابی ساڵی 1979 هێزی پێشمهرگه بۆ ڤەژاندنی ڕێکخستنەکانی پارتی گەڕانەوە بادینان. لە گەڕانەوەیاندا، کاریان گەڕانی گوندەکان بوو بۆ ڤەژاندنی ڕێکخستنی نهێنی و ئەنجامدانی چالاکییەکانی پێشمهرگه، وەک دیارە، هێزی پێشمهرگه لە چوارچێوەی ڕێکخستنی پارتیدا وەک لق، ناوچە و ڕێکخستنەکان ڕێکخراون.
لە ئایاری 1981 هێزێکی پێشمهرگه لە هەردوو ڕێکخستنی شەهید شەهیاز ساڵح و شەهید مەحموود یوسف کە سەر بە کۆمیتەی ناوچەی زاخۆ بوون، لە گەڕان و جوڵەدا بوون لە گوندەکانی دەڤەری باتیفا بۆ ئەنجامدانی هەندێک کاری شۆڕشگێڕی، ڕۆژی 25ی مانگ گەیشتنە گوندی منینێ، بە شەو بەشێک لە هێزی پێشمهرگه بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانە چوونە گوندی خێزەوا. ئەو گوندە نزیک چاودێریی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی بەعس بوو، بۆیە هێزی پێشمهرگه بە زۆر وریاییەوە بوون بە سێ کۆمەڵە، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بپارێزن ئەگەر هێزە سەربازییەکانی ڕژێم ڕووبەڕوویان بوونەوە. بەم مەبەستە کۆمەڵێک چوونە شوێنێک بە ناوی چەم جیهوور و کۆمەڵەی دووەمیش چوونە شوێنێکی دیکە بە ناوی فەرامۆک و کۆمەڵەی سێیەم بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستییەکان چوونە دوکانی گوند، پێشمهرگهکانی کۆمەڵەی سێیەم لە دەوروبەری دوکانەکە بڵاو بوونەوە و هەندێکیان پێداویستییان دەکڕی.
لەو کاتەدا بینییان کە لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە گەمارۆ دراون، بۆیە بە پەلە یەکتریان لە ڕەوشەکە ئاگادار کردەوە و لە ماوەیەکی کەمدا سەربازانی سوپای عێراق گوللەیان بە پێشمهرگهکاندا ڕشت و لە نێوانیاندا شەڕێکی قورس دروست بوو. سەربازەکان هێرشیان کردە سەر ئەو پێشمهرگهیانەی کە لە دوکانەکەدا گەمارۆ درابوون، نزیکەی چوار-پێنج سەرباز کەوتنە بەر لوولەی تفەنگی پێشمهرگهکان و هەموویان پێکراون و کەوتنە خوارەوە، لەگەڵ گوللەبارانی سەربازەکان ئاگر لە ماڵی هاووڵاتییان بەربوو. دیارە برینداربوونی ئەو سەربازانەی هێرشیان کردبووە سەر دوکانەکە، دەرفەتی داوە بە پێشمهرگهکان کە کۆ ببنەوە و بەرگریی خۆیان بەهێز بکەن، بەڵام لەم کاتەدا هەموو ئەو هێزانەی گوندەکەیان گەمارۆ دابوو، هێرشیان کردە سەر پێشمهرگهکان. لە هەمان کاتدا هێزی دیکەی سەربازی لە لیوای باتیفا و دەشتی چێی بۆ پشتیوانیی هێزەکانی خۆیان هاتنە شوێنی ڕووداوەکە.
کاتێک هێزی پێشمهرگه بینییان ڕەوشەکە بەو شێوەیەیە، کە هێزێکی زۆر لە گوندەکە هەیە و هێزێکی دیکەش دەهات بۆ هاوکارییان، بیریان لەوە کردەوە گەمارۆکە بشکێنن و خۆیان ڕزگار بکەن. لەم کاتەدا ئەوان لەسەر بانی خانووەکان و لە کۆڵانەکانی گونددا تێپەڕین و گەیشتنە هاوڕێکانی دیکەیان کە پێشتر لە دوو شوێن جێگیر ببوون. پاشان هەموویان بەیەکەوە ڕزگاریان بوو و بەبێ زیان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.
سەرچاوە:-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، 2021.
-
محەمەد موراد: خەباتی چیا، بیرەوەری و سەرکێشییەکانی شۆڕشی گوڵان لە نێوان ساڵانی (1976-1989)دا، چاپخانەی کوردستان – زاخۆ، 2007.
-
غازی عادل گەردی: پێشمهرگهیەک لە خزمەتی ڕێگەی بارزانیدا حاجی بێڕۆخی، بەرگی 2، چاپی 2، تورکیا-2021.


