شیوان میرخان بادین لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لە لای حەسۆ میرخان دۆڵەمەری بووە بە پێشمەرگە و لە شەڕەکانی شووش و شەرمین لە ساڵی 1962 و شەڕی سەری ئاکرێ بەشداری کردووە. لە ساڵی 1962 لەگەڵ بارزانیی نەمر پەڕیوەتەوە ناوچەی سۆران و هەر لەو ساڵەدا لە شەڕەکانی سەری سەفین، سیساوە، سپیلک، خەلیفان، دۆڵی هیران و نازەنین بەشداری کردووە. لە ساڵی 1964 لەگەڵ تاهیر ئۆزێر ئاغای زراری پێشمەرگە بووە. لە ساڵی 1968 گواستوویانەتەوە بۆ بارەگای بارزانیی نەمر لە قەسرێ و دیلمان. لە ساڵی 1969 لە شەڕەکانی دەڤەری بارزان بەشداری کردووە. هەر لە ساڵی 1969 پاش ئەوەی سوپای عێراق ناوچەی پشدەری داگیر کرد، شیوان میرخان یەکێک بووە لەو 70 پێشمەرگەیەی کە بە فەرمانی بارزانیی نەمر چوون بۆ ئازادکردنی پێگەی (مەخوبیزین) لە ناوچەی سەنگەسەر. پاش ڕێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 بووە بە فەرماندەی بەتالیۆن و بەرپرسیارێتی کۆمگە و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی شۆڕشی لە حاجی ئۆمەران وەرگرتووە. پاش شکستی ساڵی 1975 چوو بۆ کەمپی زێوە و لەوێوە گواستوویانەتەوە کەرەج. لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان کردووە و گەڕاوەتەوە زێوە. لە ساڵی 1980 لەگەڵ 100 پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی کاک ئیدریس بارزانی و شێخ محەمەد خالید چوون بۆ کەتینە و هەتا شەش مانگ لەوێ بوون.

 

لە ساڵی 1981 بەشداری ئەو مفرازەیانە بووە کە لە ناوچەکانی بارزان و مێرگەسۆر و گۆرەتۆ بوون و چەندین چالاکییان ئەنجام داوە و چەندین زیانیان بە دوژمن گەیاندووە. لە ساڵی 1982 بریندار بووە. لە ساڵی 1988 لە داستانی خواکوڕک بەشداری کردووە. پاش ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان، لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە چوون بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پاش سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی مەزنی ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە ناوچەی بارزان.

 

دوو خوشکەزای بە ناوەکانی کەریم مستەفا هەدۆ و مستەفا شکیر مستەفا شەهید بوون. لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە. ئێستا بە پلەی عەقید لە فەرماندەیی بارزان بەردەوامی بە خەباتی خۆی دەدات.

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.