ڕوودانی شه‌ڕ

 دوای هێرشی ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٦ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ر ناحیه‌ی بنگرد، حكومه‌ت به‌ هه‌لیكۆپته‌ر له‌ ناوچه‌كانی بنگرد و ده‌وروبه‌ری چاودێری جموجۆڵی پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد، دوای خۆ ئاماده‌كردن له‌ ڕێكه‌وتی ٢٥ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٦ هێزه‌كانی حكومه‌ت ده‌ستیان به‌ پێشڕە‌وییه‌كانیان كرد و گه‌یشتنه‌ گوندی سێده‌ر، له‌وێوه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی به‌ فه‌رمانده‌یی كه‌مال كه‌ركووكی بۆ به‌رگرتن به‌ پێشڕە‌وییه‌كه‌ی سوپا به‌ره‌و ئه‌و گوندەی سێده‌ر‌ به‌ڕێكه‌وتن، كاتێك هێزه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر به‌رزاییه‌كانی زكریا، حكومه‌ت ده‌ستی به‌ لێدانی گونده‌ی سێده‌ر كردبوو، بۆیه‌ هێزه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ هاتنه‌خواره‌وه‌ و دابه‌شی سه‌ر دوو میحوه‌ر كران، فه‌قێ ئیسماعیل و مولازم حه‌سه‌ن خۆشناو میحوه‌ری سێده‌ریان پێ سپێردرا و ساڵح ئاوه‌زه‌ی، شێخ حسێن لۆته‌ر و بایز عه‌بدوڵاش به‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی سی و پێنج كه‌سییه‌وه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی كه‌مال كه‌ركووكی و نه‌سره‌ددین مسته‌فا به‌ره‌و گوندی شارستێن به ‌ڕێكه‌وتن و هه‌ر له‌و گونده‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌ی حكومه‌ت ڕووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌وه‌، سوپای ڕژێم له‌ دوكانه‌وه‌ له‌ دوو قۆلی تر هێرشیان هێنایه‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ گوندی شارستێن، به‌یانی ڕۆژی ٢٦ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٦ شه‌ڕێكی قورس له‌نێوان هه‌ردوو لادا ڕوویدا، به‌هۆی ئه‌و نابه‌رابه‌رییه‌ی له‌ چه‌ك و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو هێزدا هه‌بوو، هێزه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ ناچار به‌ پاشه‌كشێ كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیان زیانێكی گه‌وره‌ له‌ هێزه‌كه‌ی حكومه‌ت بده‌ن، له‌و شه‌ڕە‌دا له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ هێزه‌كه‌ی ڕژێم نزیكه‌ی سه‌د سه‌ربازیان لێ كوژرا (له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژە به‌ كوژرانی ١٦٣ سه‌رباز كراوه‌ و هه‌لیكۆپته‌رێكیش خراوه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌) له‌ به‌رامبه‌ردا هێزه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ش ٧ بۆ ٩ شه‌هید و ٩ برینداریان هه‌بوو له‌نێویاندا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه‌ی پێشمه‌رگه  كه‌مال كه‌ركووكی و نه‌سره‌ددین مسته‌فا جێگری به‌رپرسی هه‌رێم بریندار بوون.

له‌ هێرشه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر گوندی شارستێن هێزه‌كانی حكومه‌ت ده‌ستیان له‌هیچ نه‌‌پاراست، له‌ لێدانی خه‌ڵكی سڤیل و سووتاندن و وێرانكردنی گونده‌كه‌یان، ته‌نیا له‌و هێرشه‌دا ٩ كه‌سی سڤیل شه‌هید كران كه‌ له‌ نێویاندا ژن و منداڵ له‌ ته‌مه‌نی چوار ساڵی تا هه‌شتا ساڵی به‌دی ده‌كران و ٣٢ کەسی تریش بریندار بوون. نزیكه‌ی ١٠٠ پیاو، ژن و منداڵی بێتاوان له ‌لایه‌ن سوپای ڕژێمه‌وه‌ به‌دیل گیران و ڕە‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌كان كران، ته‌واوی بریندار و ئاواره‌كانی ئه‌م شه‌ڕە‌ پاش به‌كۆتا هاتنی گواسترانه‌وه‌ بۆ گوندی خوڕخوڕە‌ و له‌وێ له ‌لایه‌ن خه‌ڵكی گونده‌كه‌وه‌ خزمه‌تكران و حه‌وێنرانه‌وه.

سه‌رچاوه‌:

-١ ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.