سەلیم دەرباس ناسراو بە (سەعدو کورکی)، ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی کورکا لە ناوچەی گولی لە شاری زاخۆ سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆ ژن و منداڵەکانی بەجێهێشتووە شۆڕشی ئەیلوول و سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستانی بەزاندووە و بەرەو گوندی ئەنبی لە ورمێ و لەوێشەوە بۆ ڕاژان و زیوە ڕۆیشتووە، لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ بەندەر عەباس و بەندەر لەنکە، بەڵام ژن و منداڵەکانی بۆ شاری ناسرییە لە باشووری عێراق ڕاگوێزراون، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە شاری زاخۆ نیشتەجێ بووە، ساڵی ١٩٩٧ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی تورکیا و سووریا و نەمسا و ئەڵمانیا کراوە، لە ٢٥ی ئایاری ساڵی ٢٠١٢ لە شاری زاخۆ کۆچی دوایی کردووە.
لە ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە باتیفا کردووە و وەک بەرپرسی خانە دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول لە هێزەکانی دهۆک کردووە، ساڵی ١٩٦٢ بووە بەرپرسی بەڕێوەبردنی هێزەکان، لە نێوان ساڵانی (١٩٦١- ١٩٦٣) بەشداری چەند خولێکی بەکارهێنانی چەکی کردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ وەک فەرماندەی کەرتی و پاسەوانی سنوور لە دهۆک دەستنیشان کراوە، لە ساڵی ١٩٧٤ دوای ئەوەی ڕژێمی عێراق شەڕی دژی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول دەستپێکرد، گەڕاوەتەوە بۆ هێزەکانی دهۆک و بەشداری لە شەڕەکانی ناوچەی دهۆک کردووە.
ساڵی ١٩٧٦ بەرەو شاری کەرەج ڕۆیشتووە، ساڵی ١٩٧٧ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لەوێشەوە بۆ باکووری کوردستان و قەزای چەلێ و ئولودەرە و هەدریش، ئەو ناوچەیە ناوەندی هێزی پێشمەرگەی گەڕۆکی پارتی دیموکراتی كوردستان بووە و خەباتەکەی لەگەڵ هێزە گورزوەشێنەکانی مەفرەزە گەڕۆکەکان بەردەوام کردووە.
ساڵی ١٩٧٩ وەک ئەندامی کۆنگرە بەشداری کۆنگرهی نۆیهمی پارتی دیموكراتی كوردستانی کردووە و سەرۆک مەسعود بارزانی کڵاشینکۆفێکی پێشکەش کردووە، دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەکە گەڕاوەتەوە کۆماتێ کە بارەگای لقی یەک بووە، ساڵی ١٩٨٠ وەک بەرپرسی پاسەوانانی لێژنە ناوچەی زاخۆ دەستنیشان کراوە، ساڵی ١٩٨١ بەرپرسیارێتی جێگری بەرپرسی ڕێکخستنی زاخۆی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٨٣ وەک سەرۆکی ڕێکخستنی شنگال لە زاخۆ دەستنیشان کراوە، ساڵی ١٩٨٧ ئەندامی لێژنە ناوچەی و بەرپرسی بەشی سەربازی لە لێژنە ناوچەی زاخۆ بووە.
ساڵی ١٩٨٨، دوای هەڵمەتی ئەنفالی بەدناو و هێرشی کیمیایی بۆ سەر بادینان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، سەعدو کورکی بەرەو باکووری کوردستان ڕۆیشتووە و لەوێشەوە بۆ کۆمەڵگەی پەنابەران لە ئامەد گواستراوەتەوە، لەوێ ئەرکی لێژنەی پەنابەرانی گرتووەتە ئەستۆ.
ساڵی ١٩٩١ دوای گەڕانەوەی بۆ شاری زاخۆ، بەرپرسیارێتی لێژنە ناوچەی دەرکاری لە زاخۆ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٢ وەک جێگری فەرماندەی سوپای سێیەمی دهۆک دەستنیشان کراوە، ساڵی ١٩٩٤ وەک فەرماندەی فەوجی شەش لە سوپای یەکەمی زاخۆ دەستنیشان کراوە، ساڵی ١٩٩٥ پلەی فەرماندەی هێزی ١٧ی سوپای یەکەمی زاخۆی وەرگرتووە.
سەعدو کورکی لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بەشداری چەندین شەڕی کردووە، لەوانە شەڕی بارەگای جاشان لە گوندی بەدرک لە ناوچەی جەمبووری مووسڵ ساڵی ١٩٦٢، شەڕی بنی دریک لە ناوچەی دۆسکی، شەڕی دهۆک، شەڕی دۆڵی زاوێتە، ساڵی ١٩٦٣ لە شەڕی چیای مەتین، و شەڕی چیای بێرز و بیتاس، ساڵی ١٩٨٢ لە شەڕی ناوچەی زەمبیل فرۆش لە ناوچەی باتوفا، ساڵی ١٩٨٤ لە شەڕی ناوچەی زاخۆ، ساڵی ١٩٨٧ لە شەڕی کانی ماسی، ساڵی ١٩٩٤ لە شەڕی شەقڵاوە، ساڵی ١٩٩٥ لە گوندی بابیر کە تێیدا بریندار بووە.
مەدالیای بارزانی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە کاتی ئاهەنگی یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەش کراوە.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


