عەبدوڵا سدیق ئەحمەد سائیب تەها، بە ناوەکانی (رەئیس عەبدوڵا بەرواری و دووپشک) ناسراوە. ئەفسەر و سیاسەتمەدار، لە ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی ڕزگاری کورد کردووە و بە ناوی نهێنی "دووپشک" خزمەتی کردووە. لە ساڵی ١٩٥٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٥٠ چۆتە ڕیزەکانی سوپای لیڤی، لە ٣ی ئایاری ١٩٥٥ بەشداری خولێکی شەش مانگی سوپای عێراقی کردووە و بە پلەی مولازمی دووەم دەرچووە. لە ساڵی ١٩٧٩ لە کۆنگرەی نۆیەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مکتب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری ڤییەنا کۆچی دوایی کردووە.

 

ژیاننامە

عەبدوڵا سدیق ئەحمەد سائیب تەها لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی ڕزگاری کورد کردووە و بە ناوی نهێنی (دووپشک) خزمەتی کردووە. لە ساڵی ١٩٥٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٥٠ چۆتە ناو ڕیزەکانی سوپای لیڤی کە لەژێر سەرپەرشتی سوپای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بووە. لە ڕێکەوتی ٣ی ئایاری ١٩٥٥ بەشداری خولێکی شەش مانگی سوپای عێراقی کردووە و بە پلەی مولازمی دووەم لێی دەرچووە. لە ساڵی ١٩٦٠ شەرەفی ئەندامێتی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە. لە ساڵانی (١٩٦٥ - ١٩٦٧) بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانەوە لەلایەن دەزگای هەواڵگری سوپای عێراقەوە لە بەندیخانەی نوگرە سەلمان بەند کراوە و لە ناو ڕیزەکانی سوپای کۆماری عێراق دەرکراوە. لە ساڵی ١٩٦٧ دوای ئازادکردنی لە بەندیخانە بە پلەی نەقیب پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە.

 

خەباتنامە

عەبدوڵا سدیق ئەحمەد سائیب تەها لە ساڵی ١٩٦٧ فەرماندەی بەتالیۆنی سێی سورداش سەر بە هێزی ڕزگاری سەر بە لەشکری سێ بووە. لە ساڵی ١٩٦٧ جێگری فەرماندەی هێزەکانی ڕزگاری سەر بە لەشکری سێ بووە. لە ساڵی ١٩٦٨ بەشداری شەڕی سورداشی دژی هێزەکانی سوپای عێراق کردووە. لە ٦ی تشرینی دووەمی ١٩٦٩ یەکێک بووە لەو فەرماندەیانەی شەڕی مێرگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دژی هێرشی سوپای عێراق. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٩ یەکێک بووە لە فەرماندەکانی شەڕی سورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی. لە ساڵانی (١٩٦٩ - ١٩٧٠) فەرماندەی هێزی ڕزگاری سەر بە لەشکری سێ بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئادار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و حکومەتی عێراق بە پلەی ڕائید فەرماندەی بەتالیۆنی شەشی سورداشی پاسەوانی سنوور (حرس الحدود) دەستنیشان کراوە.

 

لە ساڵی ١٩٧١ لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە فەرمانی گرتنی دەرچووە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ جاری دووەم پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی شانشینی ئێران بووە. لە مانگی نیسانی ١٩٧٥ سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ شۆڕشی گوڵان پەیوەندی پێوە کردووە. لە ساڵانی (١٩٧٦ - ١٩٧٩) ماڵەکەی لە شارۆچکەی کەرەج لە نزیک شاری تاران لە شانشینی ئێران پەناگەی ئەو پێشمەرگانە بووە کە لە ناوچە ئازادکراوەکانەوە دەهاتن و لەوێ بە مەبەستی چارەسەری دەهاتنەوە. لە ساڵی ١٩٧٧ بە مەبەستی چارەسەری دەچێتە شاری لەندەن و لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی نۆیەم) هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٧٩ لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەندامی مکتب سیاسی هەڵبژێردراوە. لە مانگی ئابی ١٩٧٩ بەهۆی نەخۆشییەوە داوای مافی پەنابەرێتی لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کردووە.

 

لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٧٩ بەرپرسی یەکەمی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە لە لێژنەی لقی دوو و لێژنەی لقی سێ و لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو و لە چیای بێمۆوە وەک ناوەندی دەستپێک بوون. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ وەک فەرماندەیەک و ئەندامی مکتب سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە شەڕی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر دژی هێزەکانی سوپای عێراق کردووە و لەو شەڕەدا بریندار بووە. لە ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٨١ لە شاری ڤییەنا بە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ بە ئەمانەت بە خاک سپێردراوە. لە ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠١ تەرمەکەی لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو باشووری کوردستان هێنراوە و لە گۆڕستانی شاخکێ لە شاری دهۆک بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی بووە.


 

سەرچاوە:

١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.