داستانی شاره‌زوور یه‌كێكی تر بوو له‌ داستانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوبه‌شی هێزه‌كانی به‌ره‌ی (جود)، له‌ نێوان سه‌ید سادق و هه‌له‌بجه ‌و زه‌ڕایه‌ن و ده‌به‌ندیخان تۆمار كرا كه‌ ماوه‌ی سێ رۆژی خایاند، به‌ره‌ی جود له‌ ٢٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ دامه‌زرا له‌ نێوان حزبه كوردستانیه‌‌كانی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆسیالیستی كوردستان، حزبی شیوعی عێراق، پارتی گه‌لی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كورد پاسۆك، ناوه‌كه‌ی كورتكراوه‌ی به‌ره‌ی نیشتمانی دیموكراسی (الجبهة الوطنیة الدیموقراطیة) بوو، ئامانج له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ یه‌كگرتنی حزبه‌ كوردستانیه‌كان بوو بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس له‌ ژێر سێبه‌ری یه‌ك به‌ره‌دا. 

سه‌ره‌تای هاتنه‌ ئارای داستانی شاره‌زوو بۆ ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ گوندی شیره‌مه‌ڕه‌وه‌ چوون بۆ گونده‌كانی گێله‌ك و گردی قازی و ته‌په‌زێڕینه‌ بۆ جه‌وله ‌و زه‌بر وه‌شاندن له‌ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیه‌كانی به‌عس، ڕۆژێك له‌ گونده‌كانی ته‌په‌سه‌رقوله‌ و كشه‌یه‌ری و قاجر و گردی شه‌ریف و دۆڵاش له‌ ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور مانه‌وه‌، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا هێزێكی زۆری سوپا و جاش به‌ پاڵپشتی تانك و تۆپ و فرۆكه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ گونده‌كانی ته‌په‌سه‌رقوڵه‌ و كشیه‌ری و چه‌می زه‌لم، هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود و نادر هەورامی و ئازاد قەرەداغی كه‌ به‌رپرسی به‌ره‌ی جود بوون له‌ ناوچه‌كه‌، له‌ كاتژمێر ١٠ی به‌یانی ده‌ستی پێكرد تا ٤ی ئێواره‌، له‌و داستانه‌دا ده‌یان سه‌رباز و چه‌كداری حكومه‌تی به‌عس كوژران، له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ش چوار شه‌هید هه‌بوون به‌ ناوه‌كانی محمد قوته‌ و بارزان سالح و محه‌مه‌د سه‌راوی و سیروان سه‌عدون كه‌ركوكی، له‌گه‌ڵ هاوڵاتیه‌ك به‌ناوی غه‌ریب دانیشتووی گوندی ته‌په‌سه‌رقوڵه‌، دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕه‌كه‌ هێزه‌كه‌ی حكومه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ربازگه‌ی سه‌ید سادق.            

سه‌رچاوه‌كان:
  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

  2. نوری حه‌مه‌ عه‌لی: مێژووی تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر – ٢٠١٦.

  3. سه‌ید كاكه‌: بیروه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، چاپی یه‌كه‌م، ١٩٩٧.

  4. جه‌مال فه‌تحوڵله‌ ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢.