حەمید خواستەی ئیسماعیل ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی بازنگیر سەر بە ناوچەی سندین لە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، خێزاندار بووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، پەنای بۆ ئێران بردووە ساڵی ١٩٧٥، لە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ سەراو و نیلوفەر لە کرماشان، دواتر گەڕاوەتەوە نەغەدە. پاشان لەگەڵ خێزانەکەی گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی زیوە، لەوێوە بۆ کۆمەڵگەی ڕەبەت و لەوێشەوە بۆ کۆمەڵگەی جەهروم لە پارێزگای فارس (شیراز) لە باشووری ئێران، لەوێشەوە بۆ پارێزگای یەزد لە ناوەڕاستی ئێران.

 ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی سەر بە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە یەکێک لە پێشمەرگەکانی لای ئامۆزاکەی سەلمان سندی، تا ساڵی ١٩٦٥ لەو هێزەدا ماوەتەوە. دوای پێکهێنانی کەتەی عەلی هالو پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ فەرماندەی فەسڵ، ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ناوچەی بەرواری باڵا و لەنێو هێزی ئەسعەد خۆشەوی وەک جێگری حەمید حەفیظوڵڵا عومەر دەستنیشانکراوە کە فەرماندەی هێزە گورزوەشێنەکان بووە لە ناوچەکانی دهۆک و شێخان و ئاکرێ.

دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە کەتەی سێیەمی پاسەوانی فڕۆکەخانەی بامەڕنێ خزمەتی کردووە. ساڵی ١٩٧٤ جێگری فەرماندەی هێزی گورزوەشێن بووە، بەشداری لە شەڕەکانی باڵەک، گۆرەز و هاودیان کردووە، ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان کردووە، لە سنووری باکووری کوردستانەوە بەرەو گوندی هەدیش لە قەزای ئولودەرە چوون، لەوێ ئەو و کەسوکارەکەی کە ژمارەیان نزیکەی ٢٥ کەس بوو، مفرازەیەکی گەڕۆکیان پێکهێنا و دەستیان بە خەبات کرد و لە گوندی کۆماتا نیشتەجێ بوون کە بارەگای کاتی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

ساڵی ١٩٧٩ بەشداری لە کۆنگرەی نۆیەم-ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەکە گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی و وەک بەرپرسی سەربازیی لێژنە ناوچەی زاخۆ دەستنیشانکراوە. ساڵی ١٩٨٤ گواستراوەتەوە بۆ لێژنە ناوچەی ئامێدی و بووەتە ئەندامی لێژنە ناوچەی و بەرپرسی سەربازی، ساڵی ١٩٨٦ بووەتە ئەندامی لقی یەک و بەرپرسی سەربازی لق، لە ساڵی ١٩٨٨، دوای هێرشەکانی ئەنفال و هێرشە کیمیاییە بەدناوەکانی ناوچەی بادینان، حەمید خواستە پەڕیوەتەوە بۆ باکووری کوردستان و تا ساڵی ١٩٩١ لەوێ ماوەتەوە.

دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان ساڵی ١٩٩١ وەک ئەندامی لقی یەک لە دهۆک دەستنیشانکراوە و لە هەمان کاتدا بووەتە جێگری بابەکر زێباری فەرماندەی سوپای کوردستان لە زاویەتە. ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ مستەفا نێروەیی دامەزراوەی ئەیلوولیان لە دهۆک دامەزراندووە. ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوەی ئەیلوول لە زاخۆ کراوەتەوە و وەک سەرۆکی دامەزراوەکە دەستنیشانکراوە.

حەمید خواستە لە دەیان شەڕی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٦١ بەشداری لە چەککردنی بنکەی پۆلیسی زاخۆ کردووە، ساڵی ١٩٧٢ لە شەڕی دەشتی ئاکرێ، ساڵی ١٩٧٤ لە شەڕی دۆڵی دهۆک، ساڵی ١٩٨٥ لە شەڕی ئامێدی، لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٨٧ بەشداری لە چەککردنی بنکەی پۆلیسی فڕۆکەخانەی بامەڕنێ کردووە، ساڵی ١٩٨٧ لە داستانەکانی کانی ماسی و چەندین شەڕی دیکەدا بەشدار بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦، بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەدالیای بارزانی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی پێبەخشراوە بۆ ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کوردی و کوردستان و ڕێبازی بارزانی کردووە. ساڵی ٢٠١٣ بە پلەی فەریق خانەنشین کراوە.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان