ژیاننامە

حەسەن محەمەد نادر، ساڵی ١٩٦١ لە گوندی شیرەمەڕی سەربە ناحیەی خورماڵ لە دایکبووە، گوندنشین بووە و خوێندنی سەرەتایی لە گوند تەواو کردووە، بۆ درێژەدان بە خوێندنی قۆناغی ناوەندی ڕووی کردۆتە ناحیەی خورماڵ و تا پۆلی دووی ناوه‌ندی خوێندووه‌، له‌ ٢٥ی ئاداری ١٩٧٩ ڕووی کردۆتە وڵاتی ئێران و له‌و وڵاته‌ نیشته‌جێ بووه‌، ساڵی ١٩٨١ شەهید بووە. 

خەباتنامە

شەهید حەسەن محەمەد لە ساڵی ١٩٧٨ بۆتە ئەندامی شانەی نهێنی ڕێکخراوی خورماڵی سەر بە لێژنەی ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هۆی چاڵاک بوون و دەرکەوتنی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ١٩ی ئاداری ١٩٧٩ لەگەڵ دوو ئەندامی تری شانەی نهێنی ڕێکخراوی خورماڵ بەناوەکانی عومەر مارف و مەحمودی حاجی فەرەج لەلایەن به‌رپرسێكی یه‌كێتی بەناوی مامۆستا شاهۆ دەستگیر کراون، لە بەرواری ٢٤ی ئاداری ١٩٧٩ بە کەفالەتی پیاو ماقوڵانی دەڤەرەکە ئازاد کراوە. 

حەسەن مەحەمەد نادر له‌ ٢٥ی ئاداری ١٩٧٩ لە دەربەند دزڵی بۆتە پێشمەرگەی بەتالیۆنی حەوتی نەوڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەوکاتەدا محەمەد ڕەمەزان فەرماندەی بەتالیۆنەکە بووە، بەشداری لە شەڕی تەپی چەقڵاوە ساڵی ١٩٨٠، شەڕی سیروان ساڵی ١٩٨١، شەڕی بنکەی خورماڵ ١٩٨١ و شەڕی چیای شەرام ساڵی ١٩٨١ کردووە. 

لە ١٧ی تەممووزی ١٩٨١ دوابەدوای کۆنتڕۆڵ کردنی سەنگەرەکانی ڕژێمی بەعس لە چیای شەرام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە و بەدیل گرتنی ١٨٠ ئەفسەر و سەربازی ڕژێم، تۆپخانەکانی بەعس زۆر بە چڕی تۆپبارانی سەنگەرەکانی چیای شەرامیان کردووە و لە ئەنجامدا حەسەن محەمەد شەهید بووە. 

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.