ژیاننامە

حەسەن عەبدولڕەحمان لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی زێوەی سەر بە ناوچەی ڕواندز لەدایکبووە، هاوسەرگیری کردووە و لە ساڵی ١٩٧٥ دوای ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی کردووە بۆ ئێران، لە شاری نەلیوان نیشتەجێ بووە، دواتر بۆ شاری ئەسفەهان گواستراوەتەوە، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شارۆچکەی زێوە نیشتەجێ بووە، لە ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە شارۆچکەی پیرمام نیشتەجێ دەبێت، لە ٦ی ئایاری ١٩٩٧ کۆچی دوایی کردووە، لە ٧ی ئایاری ١٩٩٧ لە گۆڕستانی گوندی بەرزەوەیی سەر بە ناوچەی ڕواندز بە خاک سپێردراوە. زمانەکانی کوردی و فارسی زانیوە.

خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٦٥ تێکەڵی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، لە بەتالیۆنی ١ی هێزی باڵەک بووە سەرپەل، دواتر پلەی جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی ١ی زۆزکی وەرگرتووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥ و ١٩٦٦ بەشداری لە شەڕی چیای زۆزک، گردوگۆ، گوندی گوان و گەلیی عومەر ئاغا کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ بەشداری شەڕی چیای زۆزک، چیای کۆرەک، سەرتێز، گەلیی بێشە، گوندی هێسینان و چیای حەسەن بەگی کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٩ دەبێت بە فەرماندەی هێزی سەرکردایەتی، لە ساڵی ١٩٨٠ بەشداری شەڕی حاجی ئۆمەران دەکات، هەروەها بەشداری گرتنی بارەگای سوپای عێراقی لە بەردە تەشی ڕێس کردووە، لە ساڵی ١٩٨١ وەک فەرماندەی هێزی سەرکردایەتی دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە ناوچەکانی شارەزوور، هەورامان و شارباژێڕ چالاکی ئەنجام دەدات، لەوانە شەڕەکانی بانەنۆک، هەرمێ، نالپارێز، پرخی پاشکەند، ناوکێڵ و هێرش بۆ سەر سیستەمی سەید سادق. لە ساڵی ١٩٧٩ ئەندامی کۆنگرەی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٨١ دوای ئەوەی ئەرکەکەی لە ناوچەکە کۆتایی هات، بۆ لقی دوو گواسترایەوە و لە ناوچەی باڵەکایەتی وەک بەرپرسی هێزی زۆزک دەستنیشانکرا، لە ساڵی ١٩٨٢ وەک کارگێڕی ناوچەکانی پیرمام و لۆلان دەستنیشانکرا، لە ساڵی ١٩٨٦ بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ڕواندز، لە گەلیی باڵیسان، هێران و نازەنین بەشداری زۆر شەڕ و چالاکی کردووە، لە ساڵی ١٩٨٧ لە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕواندز دژی ڕژێمی بەعس لە شارەکەدا ڕۆڵێکی چالاکی گێڕاوە. شەوی ١٧-١٨ی شوباتی ١٩٨٨ لە کاتی هێرشکردنە سەر ڕەبایەی سوپای عێراق لە ئەشکەوتی شەهیدانی چیای هندرێن، کەوتە مینێکی سوپا و قاچێکی لەدەست دا.

لە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕایەوە باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕاپەڕینی گەلی کورد دژی ڕژێمی بەعس، لە ڕاپەڕینەکانی ڕانیە و ئاکرێ بەشدار بووە.

لە ساڵی ١٩٩٣ لە لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئەندامی لق بۆ بەشی سەربازی دەستنیشانکرا، دوای دامەزراندنی سوپای شەشەمی هێزی پێشمەرگە، وەک جێگری فەرماندەی سوپا دەستنیشانکرا، پاشان بوو بە ئەندامی فەرماندەیی سنوور، لە ساڵی ١٩٩٧ بوو بە ئەندامی مەکتەبی گشتیی کۆمەڵایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەرچاوەکان:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.