حسێن محەمەد عەبدوڵڵا خالە، لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بێسەلمێنی سەر بە ناحیەی وارماوەی قەزای شارەزووری پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە. گوندنشین بووە و بە کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بووە.
لە ساڵی ١٩٧٩دا پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان کردووە و لە ڕێکخستنی سیروانی سەر بە لێژنەی ناوچەی خانەقینی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بە پێشمەرگە. لە ساڵی ١٩٨١دا لە شەڕی بەردە دووکانی شەمێڕانیی قەزای دەربەندیخان و لە ساڵی ١٩٨٢دا لە شەڕی دەڤەری شەمێڕانیی قەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانیدا بەشداریی کردووە.
لە ٦ی شوباتی ساڵی ١٩٨٢دا لەگەڵ هاوسەنگەرێکی خۆی بە ناوی بایەر بێراوەیی دەیانەوێت بە کەلەک و بەلەم لە ڕووباری سیروانی دەڤەری شەمێڕانەوە پەڕینەوە بۆ دەشتی شارەزوور. لە ناوەڕاستی ڕووبارەکەدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە بۆردومان دەکرێن و هەر لەوێ شەهید دەبن.
سەرچاوە:١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


