جەبار کاکە خان ئەڵڵاکەرەم ناسراو بە جەبار حەمە خان جەبارە ڕەش، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی مەمنێوەی سەر بە ناحیەی نەڵپارێز لە قەزای پێنجوێن لەدایکبووە، جوتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، قۆناغی سەرەتایی لە گوندی پەرێزان تەواو کردووە، بۆ تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی ڕووی لە قەزای سەید سادق کردووە.

 لە قۆناغی ناوەندیدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێکخراوی سوورێن لە ناو لیژنەی ناوچەی دەربەندیخانی سەر بە لقی چواری پارتی کردووە، لەو کاتەدا سابیر ئەڵڵاکەرەم بەرپرسی ڕێکخراوی سوورێن بووە. 

بەهۆی چالاکییەکانییەوە زوو ئاشکرا بوو، ساڵی ١٩٧٩ ناچار بوو پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە بکات لە فەوجی شەهید ئەبوبەکر بانی بانوکی سەر بە هێزی سوورێن لە ناو لیژنەی ناوچەی دەربەندیخان.

ساڵی ١٩٨١ بەشداری لە شەڕەکانی ڕەزڵە و پەرێزان، و شەڕی بناری چیای سوورێن، شەڕی قەرەداغ، شەڕی گوڵان، لەگەڵ چالاکییەکانی ناو شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور کردووە.   

جەبار لەگەڵ پێنج لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە ١٥ی تەمموزی ١٩٨٢ لە بۆسەیەک لە نێوان گوندی نەوێ و کانی‌سکان لە قەزای خورماڵ لە کێڵگەیەکی میندا کەوتن، هەروەها کەوتنە بۆسەی سەربازانی ڕژێمی بەعس، سەرەتا یەکێک لە هاوڕێکانی (کەمال) بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە ئاشکرا بوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەلایەن دوژمنەوە ئاشکرا ببن، دوای ئەوە سەربازەکان دەستیان بە تەقەکردن کرد و جەبار بە چەند فیشەکێک بریندار بوو و دەستبەجێ شەهید بوو، هەروەها براکەی حەسەن و کەمال توانییان لە ناوچەکە هەڵبێن لە کاتێکدا بریندار بوون.  

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان