تیمز سێلکی، لە ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی سێلکی سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیری لەگەڵ (ڕۆحان) کردووە و منداڵێکیان بووە، هەروەها بۆ جاری دووەم لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ (ڤالێنتینا داجیجکا) هاوسەرگیری کردووە بەڵام لە کاتی گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ خۆی نەیهێناوە، دوای گەڕانەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ (مەسریخان شێت محەمەد) کردووە و سێ کوڕ و پێنج کچیان بووە، لە ساڵی ١٩٦٠ وەک فەرمانبەر لە ڕواندز دامەزراوە، شارەزای زمانەکانی (کوردی، ڕووسی، تورکی، فارسی) بووە. لە ڕێکەوتی ٥ی ئابی ٢٠١٤ کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی سێلکی بە خاک سپێردراوە.
لاپەڕەکانی تێکۆشانتیمز سێلکی لە ساڵی ١٩٤٢ پەیوەندی بە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە سەربازگەی کەرکووک کردووە، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی دووەمی بارزان پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە و لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ بەشداری لە دەستبەسەرداگرتنی بنکەی پۆلیسی چۆمان کردووە، و لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ بەشداری لە دەستبەسەرداگرتنی بنکەی پۆلیسی خێرە زۆک کردووە، بۆیە لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە بڕیاری دادگای سهربازی عێراقی هەموو موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە. لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٤٥ بەشداری لە دەستبەسەرداگرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریک کردووە و لە ١٤ی ئەیلوول لە شەڕی چیای بێرس بریندار بووە، باوکی ئارب قەتران لە ساڵی ١٩٤٥ لە شەڕی دۆڵی بیاو شەهید بووە.
لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکست هێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان، بە یاوەری مستەفا بارزانی و هاوسەنگەرانی بەرەو ڕوژههلاتی کوردستان پەڕیوەتەوە، و دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە چوارچێوەی هێزی بارزان بەرگری لە کۆمار کردووە و ڕۆڵێکی دیار و چالاکی هەبووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ١٩ی ئازاری ١٩٤٧، بەشداری لە شەڕی بەرەی سەقز کردووە، و لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بەشداری لە شەڕی قەرەوا لە ناوچەی سەقزی ڕوژههلاتی کوردستان کردووە و تێیدا بریندار بووە، بەڵام بڕیاری داوە تێکۆشان لەژێر فەرماندەیی جەنەراڵ مستەفا بارزانی بەردەوام بکات.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ٣ی ئازاری ١٩٤٧ بەشداری لە شەڕی نەلووس لە ڕوژههلاتی کوردستان و لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ١٩ی ئازاری ١٩٤٧ کردووە.
لەگەڵ هاوسەنگەرانی پێشمهرگه بووە کاتێک لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خەواکورک و دەشتی بێرازگەرا) بە خاکی باکووری کوردستاندا بەرەو ناوچەکانی شێروان و مزووری گەڕاوەتەوە.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کردووە و سەرپشکی کردوون لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاریان داوە بەردەوام بن و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بڕۆن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەراڵ مستەفا بارزانی کردووە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە، و دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاندووە، کە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە شاری نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کراون، و وەک دیلی جەنگ لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کراون. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکو، و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرتووە، و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان کردووە، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێ گوتراوە.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان بەردەوام کردووە.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت دابەش کراون و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان بۆ حکومەت دەدا) کاریان کردووە.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەراڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی پێگەیشتووە کە بارزانی تێیدا باسی ئازارەکانی هاوسەنگەرانی کردووە، و دەستبەجێ بڕیاری داوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری لیژنەکە لە کۆتاییدا ئەوە بووە کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتووە.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عراق و گەڕانەوەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ ئەو و هاوسەنگەرانی بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩ لێبووردنی گشتییان بۆ دەرچووە.
کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، تیمز سێلکی لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە دوای هەڵگیرسانی لە ساڵی ١٩٦١، و لە ساڵی ١٩٦٣ پلەی فەرماندەی فەوجی لە ناوچەی سۆران هەبووە، هەروەها فەرماندەی فەوج لە ساڵی ١٩٦٧ لە ناوچەی بادینان، بەشداری لە شەڕەکانی (دەشتەبێل، نەلیوان، شەرانش، کانی ماسی، کێلی زەنتا، لۆمانا، مەیدانکا ڕۆفیا، کێلی دهۆک، سەری ئامێدی، چیای مەتین، چیای برادۆست، هاودیان، تاهیرە، میراو، کانی سپی، کۆبەر) کردووە. پلەی فەرماندەی فەوج و بەرپرسی لقی ئامێدی پارتی هەبووە.
لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە کۆمەڵگەی زێوە نیشتەجێ بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ شاری فەرەیدوونشار لە پارێزگای مازەندەران، لەوێشەوە بۆ شاری جەهروم، دواتر بۆ کۆهسەنک لە پارێزگای مەشهەد، و لە ساڵی ١٩٧٧ بۆ کۆمەڵگەی ساوه گواستراوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٩ بەشداری لە شۆڕشی گوڵان کردووە، و ئەندامی کۆنگرە نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، و فەرماندەیەکی سەرباز بووە لە هێزی خەبات، دوای ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمهرگه لە ساڵی ١٩٨٦، وەک فەرماندەی هێزی بەتەمەنەکانی پارتی دەستنیشان کراوە و هەروەها بەرپرسیارێتی پاراستنی گۆڕی بارزانییەکانی لە گوندی هەڵج گرتووەتە ئەستۆ.
لە ساڵی ١٩٩٣ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە ناحیەی پیرمام نیشتەجێ بووە، لە ساڵی ١٩٩٦ خانەنشین کراوە، و لە ڕێکەوتی ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕین و بە ڕێزگرتن لە تێکۆشان و قوربانیدانەکانی لە شۆڕشی ئەیلوول دووەم، و لە کۆماری کوردستان، و بەشداری لە ڕێپێوانی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، و لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، میدالیای بارزانی نەمر لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی پێ بەخشراوە، لە ڕێکەوتی ٥ی ئابی ٢٠١٤ کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی سێلکی بە خاک سپێردراوە.
سەرچاوەکان:- حامید گهوههری، میدالیای بارزانی بهرزترین خهڵاتی ڕێزلێنان، بهرگی یهكهم، (ههولێر - چاپخانهی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حهمید گهردی، پوختهی مێژوونامه، چاپی یهكهم، (ههولێر - دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی ئاراس - چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضياء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي فی العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- له یادداشتی فهرماندهی شههید حهسۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ لهگهڵ بارزانی دا چوونی بارزانییهكان بۆ یهكێتی سۆڤێت، چاپی یهكهم، (ههولێر – شۆینی چاپ نادیار – ١٩٩٧).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
- دەقی بڕیاری لیژنەی لێبوردنی گشتی بۆ گێڕانەوەی شکۆ بۆ شەهیدانی شۆڕشی بارزان، گۆڤاری ڕزگاری، ژمارە ٢، ٣، چاپخانەی ڕابیتە، شاری بەغدا، ١ی نیسانی ١٩٥٩.
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.








