تۆفیق خواجە پیر، لە ساڵی ١٩١٩ لە گوندی میرۆزی سەر بە ناحیەی شێروان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤێت هاوسەرگیری لەگەڵ خەزیم محەمەد کەریم کردووە، کوڕێکیان (ڕەئووف تۆفیق ١٩٤٥) و کچێکیان (حەلیمە تۆفیق ١٩٤٦) بووە، کاتێک کودەتا بەسەر حوکمی پاشایەتیدا کرا، و بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ هاوسەنگەرانی بارزانی دەرچوو، کە تێیدا جەنەراڵ مستەفا بارزانی هاوسەنگەرانی سەرپشک کرد لە نێوان گەڕانەوە بۆ عێراق یان مانەوە لە یەکێتی سۆڤێت، ئەو لەگەڵ هاوسەنگەرانی لە ساڵی ١٩٥٩ نەگەڕایەوە کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٠ گەڕایەوە کوردستان و لە بەحرکە نیشتەجێ بوو، لە ڕێکەوتی ٢٤ی تەممووزی ١٩٩٩ کۆچی دوایی کرد.
لاپەڕەکانی خەباتجەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکۆش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی ئەنجامدا و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤێت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاریاندا بەردەوام بن و ڕوو لە یەکێتی سۆڤێت بکەن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەراڵ مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤێت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کرد. دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤێت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤێت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تەلە دڕکاوی دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کرا لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوە، بە بڕیاری حکوومەتی سۆڤێت دواتر دابەشکران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکو، و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان پێدەکرا، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی زمانی کوردییان لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە پێدەگوترا.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاریدا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە کۆماری ئازەربایجانەوە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان بەردەوام کرد.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەشکران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤێت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکوومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان بۆ حکوومەت دەدایەوە) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەراڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی پێگەیشت کە تێیدا بارزانی باسی ئازاری هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاریدا لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری لێژنەکە لە کۆتاییدا ئەوە بوو کە لە شاری فرێڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فرێڤسکی سۆڤێتی چوو.
سەرچاوەکان:- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣ز).
- عومەر فارووقی، سەردار دانا ژیان و خەباتەکانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٢ز).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانییەکان لە مەهابادەوە بۆ سۆڤێت، چاپی یەکەم، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١ز).
- لە یادداشتی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان ژاژۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی دا چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤێت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨ز).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


