بەستون حوسێن محەمەد مەحموود، ساڵی 1961 لە گوندی باوە کۆچەکی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایک بووە. گوندنشین بووە و بە کاری کشتوکاڵەوە خەریک بووە. خوێندنی قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە.
لە ساڵی 1976دا لە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرماندەیی نادیر هەورامی، بووە پێشمەرگە. لەو کاتەدا بارەگاکەیان لە ویشکەنەوی، نزیک سەرچاوەی زەڵم، لە پارێزگای هەڵەبجە بووە.
لە ساڵی 1978دا بەستون حوسێن و دوو هاوسەنگەرەکەی، بە ناوەکانی ئەمین حوسێن و تەحسین، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی دەچنە دەشتی شارەزوور. لە گوندی شێشکێ، سەر بە ناحیەی خورماڵ، کەوتنە ناو کمینی جاشەکانی ڕژێمی بەعس و دوای شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە دەستگیر کران. دوای دەستگیرکردنیان گواسترایەوە بۆ زیندانەکەی شاری موسڵ. دوای یەک ساڵ زیندانیبوون و لە ساڵی 1979دا سێدارە دران و شەهید بوون.
1. ئەرشیفی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


