یاساناس و سیاسەتمەدار بلند ئیسماعیل جەرجیس، لە ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ساڵی ١٩٨٧ پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە. ئەندامی کۆنگرەکانی یازدەهەم ١٩٩٣ و دوازدەهەم ١٩٩٩ بووە و لە کۆنگرەی سێزدەهەم ٢٠١٠ بە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.

 

ژیاننامە

بلند ئیسماعیل لە ساڵی ١٩٦٥ لە هەولێر لەدایک بووە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی هەولێرە. لە ساڵی ٢٠٠٦ بەکالۆریۆسی یاسای لە بەشی یاسایی ئێوارانی زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر وەرگرتووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.

 

خەباتنامە

بلند ئیسماعیل، لە ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ساڵی ١٩٨٧ پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە و بەشداری لە چەندین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی دژی حکوومەتی بەعس کردووە.

 

لە ساڵانی (١٩٨٨ - ١٩٩١) و پاش پرۆسەی ئەنفال کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە. لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان کردووە و بەرپرسی بەرەی پیرزین لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە. پاش ڕاپەڕین چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی حیزبی وەک بەرپرسی لێژنەی ناوچە و بەرپرسی لێژنەی لق بەڕێوەبردووە.

 

ئەندامی کۆنگرەکانی یازدەهەم ١٩٩٣ و دوازدەهەم ١٩٩٩ بووە و لە کۆنگرەی سێزدەهەم ٢٠١٠ بە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، و لە کۆنگرەی چواردەهەم لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. 


 

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.