ئەنوەر حەمە ئەمین مەولوود، لە ساڵی 1964 لە قەزای سەید سادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە. نیشتەجێی سەید سادق بووە و خاوەنی دوکانێک لە ناو بازاڕدا بووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە شاری سەریاز نیشتەجێ بووە.
لە ساڵی 1978 لە بەشی ڕێکخستنی هێزی سوورێن لە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی سەر بە لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە پێشمهرگه. پاشان بۆ بەتالیۆنی شەهید ئەبوبەکر بانی بێنۆکی گواستراوەتەوە و بووە نووسەری بەتالیۆن. پاشان گەڕاوەتەوە بارەگای هێز و پلەی ڕێبەری سیاسی هێزی سوورێنی وەرگرتووە و بووە سەرپەرشتیاری لایەنی نهێنی لە ناو قەزای سەید سادق.
لە شەڕی بەنزینخانەی سەید سادق و شەڕی چیای سەید سادق و شەڕی سیامێوە و شەڕی دالانی و میلە خورد و چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور بەشداری کردووە.
لە 30ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1981 ئەنوەر حەمە ئەمین مەولوود بۆ جێبەجێکردنی کارێکی ڕێکخستنی چووەتە ناو قەزای سەید سادق، پاش ئەنجامدانی کارەکەی و لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتووەتە ناو کەمینێکی هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شەهید بووە.
1. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


