شەهید ئەبوبەکر مەحمود حەمە شەریف لەتیف لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا جارێک بە دژواری بریندار بووە و پلەکانی جێگری سەرلق لە شۆڕشی ئەیلوول و فەرماندەی بەتالیۆن و ئەندامی لێژنە ناوچەی لە شۆڕشی گوڵاندا وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٨١دا ئەبوبەکر مەحمود شەهید بووە.

 

ئەبوبەکر مەحمود حەمە شەریف لەتیف، لە ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی بانی بنۆکیی سەر بە قەراغی چیای سورێن لە ناحیەی خورماڵ لەدایک بووە. گوندنشین بووە و هەتا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی بۆ وڵاتی ئێران کردووە و لە شاری مەریوان نیشتەجێ بووە. خێزاندار بووە و ناوی خێزانەکەی کافیە محەمەد بووە و لەگەڵ خاتوونی خۆی لە چیاکان پێشمەرگە بووە و دوای شەهیدبوونی ئەو ئەبوبەکر زیاتر بەشداریی چالاکیی کردووە و لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٦دا کافیە و دەستەیەک هاوسەنگەرانی بۆ چالاکییەکی پارتیزانی ویستوویانە بچنە سەید سادق، بەڵام لە دەرەوەی سنووری ئەحمەد ئاوا کەوتوونەتە ناو کەمینێکی سەربازیی ڕژێمی بەعس و کافیە و هاوسەنگەرێکی بە ناوی محەمەد فەرەج شەهید بوون و ئەنوەر حاجی عوسمان بە دژواری بریندار بووە. خاوەنی چوار کوڕ و کچێک بووە و ناوی ئەوان فازڵ و قادر و شاخەوان و دڵشاد و کچەکەی چنور. دڵشاد لە کۆچبەریدا لە وڵاتی ئێران کۆچی دوایی کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٦٩دا بووەتە پێشمەرگەی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەو کاتەدا مەلا عومەری بانی بنۆکیی برای بەرپرسی ناوچەکە بووە. لە ساڵی ١٩٧٤دا لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەشداریی چەندین شەڕی کردووە. هەندێک لەوان شەڕی سەرتێز و شەڕی دەربەندیخان و شەڕی چیای زمناکۆیە. لە ساڵی ١٩٧٤دا پلەی جێگری سەرلقی ٤ی بەتالیۆنی بێمۆی سەر بە هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە کە لەو کاتەدا ئەحمەد چەقژی سەرلقەکەی بووە و حەمەسۆر حسێن فەرماندەی بەتالیۆنەکە بووە.

 

لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ خێزانەکەی دەستی بە چەک بەرنەداوە و لەسەر سنوور بەردەوامییان بە خەباتی کوردایەتی داوە. لە شۆڕشی گوڵان دا بەشداریی چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور، چالاکییە پارتیزانییەکانی ناو شاری سلێمانی و شەڕی شارباژێڕ و شەڕی گوندی کۆلیتە و شەڕی گوندی قاینەجەی شارەزوور و شەڕەکانی هەڵەبجە و کۆمەڵێک داستان و پێکداداندا بەشدار بووە.

 

لە ساڵی ١٩٧٩دا بە دەستەیەک هاوسەنگەری خۆیەوە بۆ چالاکییەکی گرینگی پارتیزانی چوونەتە ناو شاری سلێمانی. دوای ئەنجامدانی چالاکییەکە و گەڕانەوەیان لە نزیک گوندی قەویلەی دەشتی شارەزوور کەوتوونەتە ناو کەمینێک و ژمارەیەکی زۆری سەرباز و جاشەکانی ڕژێمی بەعس و لە ئەنجامدا چەند هاوسەنگەرێکی شەهید بوون و ئەبوبەکر مەحمود حەمە شەریف و عوسمان بانیشار بە دژواری بریندار بوون و بە برینداری خۆیان لە کەمینەکە دەرباز کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٧٩دا پلەی فەرماندەی بەتالیۆنی هێزی سورێنی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٨٠دا پلەی ئەندامی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی سەر بە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە.

 

لە ساڵی ١٩٨١دا هێزێکی زۆری سەرباز و جاشەکانی ڕژێمی بەعس هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەسەر سنووری ئێران و کانی خەیاران و دۆڵەناوە و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا ئەبوبەکر مەحمود بە دژواری بریندار بووە، بەڵام سەنگەرەکەی داگیر نەکراوە و هێزی بەعس کشاوەتەوە. پاشان فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێم بە چەکی ٦٠ تیر سەنگەرەکەیان بۆردومان کردووە و ئەبوبەکر مەحمود حەمە شەریف بە برینداری چەند فیشەکێکی ٦٠ تیر بەرکەوتووە و شەهید بووە. پاشان هاوسەنگەرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە شاری مەریوانی وڵاتی ئێران و لە گۆڕستانی داسێوان لە تەنیشت گۆڕی دڵشادی کوڕی بە خاک سپێردراوە.



 

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان