هۆکارەکانی بەستنی کۆنگرە

دوای کۆنگرەی دووەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ئابی ساڵی ١٩٦٤، ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوەکە لە ناوەندەکانی خوێندن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و عێراق بە چالاکییەوە دەستیان بە کار کردەوە، بۆ ئەوەی کاروباری خۆیان زیاتر ڕێکبخەن. سکرتاریەتی قوتابیان بڕیاری دا کۆبوونەوەیەکی فراوان لە ماوەی پشووی نیوەی ساڵی خوێندنی ١٩٦٤-١٩٦٥ ببەستێت.

لە شوباتی ١٩٦٥ کۆبوونەوەیەک لە ناوچەی قەرەداغ لە باشووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم لقەکانی ڕێکخستن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و عێراق و بەتایبەت ناوچەی بادینان بەسترا. لەو کۆبوونەوەیەدا کە نزیکەی ٤٠ ئەندام ئامادەی بوون، عەلی سەنجاری لەلایەن مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکە نێردرا.

کۆبوونەوەکە یەک ڕۆژی خایاند و یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بوو بۆ شۆڕش و هێشتنەوەی ئەم سکرتاریەتە یان لیژنەی ئامادەکارییەی کە لە کۆنگرەی دووەمدا هەڵبژێردرابوو وەک خۆی تا کاتی بەستنی کۆنگرەی داهاتوو..

لە بەرامبەردا ئەو گروپەی کە لە حیزب و ڕێکخراوەکە جیابووبووەوە و چووبووە پاڵ گروپی مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەکیان دژی کۆبوونەوەکە دەرکرد، ئەمەش بارودۆخی ناوخۆی ڕێکخراوەکەی زیاتر ئاڵۆز کرد.

دوای ماوەیەکی کەم لەو کۆبوونەوەیە، دابەشبوون و ململانێ لە نێوان سەرکردایەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ڕوویدا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەندام لە ڕێکخراوەکە جیابوونەوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی بە ڕێگەی جیاواز لە سەرکردایەتی دوورکەوتنەوە. لەوانە بەکر حوسێن ئەندامی سکرتاریەت، کە چووە پاڵ گروپی جیابووەوەی مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە لە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیان دەرکرا، و عەبدولکەریم فەندی چووە پاڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی سەر بە شۆڕشی ئەیلوول، لە کاتێکدا جەلال حەمە عەلی ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی بەجێهێشت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبوو و لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان، سکرتاریەتی ڕێکخراوەکە بڕیاری دا کۆنفرانسێکی بەپەلە ببەستێت بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەم لە زووترین کاتدا، کۆنگرەکە لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٦ لە ناوپردان لە ناوچەی باڵەکایەتی بەسترا، و چەند بڕیارێک درا کە گرنگترینیان پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پێنجەم بوو کە بڕیار بوو لە هاوینی ساڵی ١٩٦٧ ببەسترێت، بەردەوامبوون لە پشتیوانی شۆڕش و بەرگریکردن لە داواکارییە پیشەیی و ئەکادیمییەکانی قوتابیانی کورد.

بەستنی کۆنگرە

وەک ئەوەی لە کۆنفرانسی ناوپردان بڕیاری لەسەر درابوو، و بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ڕێکخراوەکە، و دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان کۆنگرەکە لە ماوەی ١٣ بۆ ١٥ی تەموزی ١٩٦٧ بە دروشمی (جەماوەری قوتابیان، تێبکۆشن لە پێناو مافەکانی قوتابیان و بونیادنانی عێراقێکی دیموکرات و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان)، و بە ئامادەبوونی حەفتا نوێنەری لق و لیژنە ناوخۆییەکانی ڕێکخراوەکە لە کۆلێژەکانی شاری به‌غدا و موسڵ و پەیمانگا و قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، لە ناوچەی (شوان)ی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بە ئامادەبوونی ئەحمەد جەرجیس ئەتروشی نوێنەری سەرکردە مستەفا بارزانی.

پڕۆژەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەند کرا، عەبدولکەریم حەسەن بە سەرۆک و نەوزاد عەلی محەمەد بە سکرتێر هەڵبژێردران، و سکرتاریەتی نوێ بە دەنگدانی مندووبی کۆنگره هەڵبژێردران بەم شێوەیە:

١- ئەنوەر عەبدوڵڵا، ئەندامی سکرتاریەت

٢-  قادر حەمەد ئەمین، ئەندامی سکرتاریەت

٣- جەواد محەمەد شێروانی، ئەندامی سکرتاریەت

٤- حەمەزیاد ئیسماعیل، ئەندامی سکرتاریەت

 

لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرە:

بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە قوتابییەکانی تورکیا و سووریا. کردنەوەی زانکۆ لە کوردستان. دەرکردنی عەبدولوەهاب تاڵەبانی و فارس جۆکەڵ حەوێز لە ڕێکخستن بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی. وەرگرتنی قوتابیانی کورد لە کۆلێژ و زانکۆکانی عێراق لەسەر بنەمای دابەشکردنی هەرێمی. کردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە سەرجەم قۆناغەکانیدا لە سەرتاسەری کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگای موسڵ. وەرگرتنی قوتابیانی کورد لە کۆلێژە سەربازی و پۆلیس و فڕۆکەوانییەکان. دیاریکردنی چارەنووسی ئەو قوتابیانەی پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە. ئامادەبوونی نوێنەری ڕێکخستن لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و چەندین بڕیاری تر، لە تشرینی دووەمی ١٩٦٧، سەرکردایەتی نوێ گۆڤاری "خه‌باتی قوتابیان"یان وەک زمانحاڵی یەکێتی قوتابیان دەرکرد، بەڵام تیمی کارەکە تەنها بۆ ماوەیەکی کەم کاریان کرد، دوای چوار مانگ عەبدولکەریم حەسەن دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە مناصبی سەرۆک پێشکەش بە سکرتاریەت کرد، هەروەها نەوزاد محەمەد عەلی چووە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌، و ئەنوەر عەبدوڵڵا لە شوێنی ئەو بوو بە سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، و عەبدولقادر حەمەدئەمین بوو بە سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان.

زۆر بە خێرایی کێشە لە نێوان سەرکردایەتی نوێ دروست بوو، چونکە کادرەکانی نیشتەجێی شاری به‌غدا سکاڵایان کرد کە نوێنەرایەتییان لە کۆنگرەی پێنجەم کەمە، بۆیە لیژنەیەکیان بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕێکخستنی شاری به‌غدا "لیژنەی ڕێکخستنی شاری به‌غدا سەرەکی" پێکهێنا دوای ئەوەی لیژنەکە دەستی بە کارەکانی کرد. و دەستەیەکەی نوێ بۆ سەرکردایەتی سکرتاریەت بەم شێوەیە هەڵبژێردرا:

 

١-  فەرهاد عەونی حەبیب، بەرپرسی لیژنە

٢- جەلال خۆشناو، ئەندامی لیژنە

٣- ڕەنج نووری شاوەیس، ئەندامی لیژنە

٤- جەواد محەمەد شێروانی، ئەندامی لیژنە

٥- عادل فازڵ لەیلانی، ئەندامی لیژنە

٦- فەرەیدوون عوسمان، ئەندامی لیژنە

لە ساڵی ١٩٦٨ لیژنەی ڕێکخستنی سەرەکی شاری به‌غدا بەهۆی لاوازی سکرتاریەتەوە پەیوەندی بە لقەکانی کەرکوک و سلێمانی و موسڵەوە کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانیان، لە هەمان ساڵدا جەژنی نەورۆز-یان بە ئاشکرا لە کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری زانکۆی شاری به‌غدا ئاهەنگ گێڕا، کە نزیکەی ٢٠٠ قوتابی کورد و عەرەب ئامادەی بوون.

بەهۆی دوورییان لە یەکتر، هەماهەنگییەکی زۆر لە نێوان سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لیژنەی ڕێکخستنی سەرەکی لە شاری به‌غدا نەبوو، و بە کردەیی ڕێکخراوی شاری به‌غدا دەسەڵاتی زیاتری بەسەر کاری ڕێکخراوەکەدا هەبوو، بۆیە لە تەموزی ١٩٦٨ لقی هەولێر و سکرتاریەتی کۆنگرەی پێنجەم سەردانی سەرکردە مستەفا بارزانی یان کرد لە گوندی حاج ئۆمەرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، چونکە لقی هەولێر چیتر نەیدەتوانی لەگەڵ سکرتاریەت هەماهەنگی بکات.

ئەم کێشەیە و نەبوونی هەماهەنگی تا پایزی ساڵی ١٩٦٩ بەردەوام بوو کاتێک وەفدێکی مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری به‌غدا پێشوازییان لە لیژنەی ڕێکخستنی سەرەکی شاری به‌غدا کرد و بڕیاریان دا کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا لە گوندی ناوپردان کە بارەگای مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ببەستن.

و لە ٦ی شوباتی ١٩٧٠ کۆبوونەوە و لە نەبوونی سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە ئەنجامدا "مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی" لە هەردوولا بەم شێوەیە پێکهێنرا:

١- فەرهاد عەونی، بەرپرسی مەکتەبی ناوەندی

٢- ئەنوەر عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی ناوەندی

٣- جەلال سەلیم خۆشناو، ئەندامی مەکتەبی ناوەندی

٤- قادر حەمەد ئەمین، ئەندامی مەکتەبی ناوەندی

٥- ڕەنج نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی ناوەندی

٦- عادل فازڵ لەیلانی، ئەندامی مەکتەبی ناوەندی.

دوای دامەزراندنی مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی نوێ، ئەرکەکان بەم شێوەیە دابەشکران:

-  فەرهاد عەونی و جەلال خۆشناو- سەرپەرشتیکردنی ڕێکخستنەکانی زانکۆی شاری به‌غدا، قوتابخانەکانی پارێزگای شاری به‌غدا، قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی و قوتابخانەکانی خانەقین.

- جەواد محەمەد شێروانی- بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارێزگای بەسرە.

- قادر حەمەدئەمین- بەرپرسی ڕێکخستنەکانی قوتابخانەکانی پارێزگای هەولێر

-  ڕەنج نووری شاوەیس و ئەنوەر عەبدوڵڵا - بەرپرسی ڕێکخستنەکانی زانکۆی موسڵ و قوتابخانەکانی پارێزگای موسڵ.

- عادل فازڵ لەیلانی و فەرەیدوون عوسمان- بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارێزگای کەرکوک

- و شاری به‌غدا وەک ناوەندی دەسەڵات دیاریکرا.

سەرچاوەکان:

١- عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢).

٢- ماجد حەسەن عەلی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم).

٣- شازین هێرش، ڕێكخراوه‌ دیموكراسیی و پیشه‌یی یه‌كان له‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژووییدا ١٩٥٨ ـ ١٩٦٨، چاپی دووه‌م، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی ڕاز ـ ٢٠٠١ز).

٤- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨).

٥-كاكل محەمەد تاهیر، لاپەڕەی تێکۆشانی ڕابردووی نزیک، گۆڤاری گوڵانی عەرەبی، ژمارە ٢٧، هەولێر، چاپخانەی ڕۆشنبیری، ٢٥ی ئابی ١٩٩٨ز، ل ٧٤.